بە مەبەستی گرنگی دان بە یارییەکانی خولی نایابی ئێراق و بێ بەش نەبوونی تیمەکان لە گەیشتن بە خولی پیشەگەرانی تۆپی پێی ئێراق، جێگری سەرۆکی یانەی وەرزشی پێشمەرگە سەردانی بارەگای یەکێتی ناوەندی تۆپی پێی ئێراقی کرد.
لە میانی سەردانەکەی بۆ شاری #بەغدا# و نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە #08-05-2024# بەڕێز حاکم #مەحمود ئەحمەد موڕاد# جێگری سەرۆکی #یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی# لەنێو بارەگەی یەکێتی ناوەندی تۆپی پێی ئێراق لەلایەن بەڕێز (عەلی جەبار) جێگری یەکەمی سەرۆکی یەکێتی ناوەندی تۆپی پێی ئێراق پێشوازی کرا، لەو دیدارە وەرزشییەدا و سەرەتا جێگری یەکەمی سەرۆکی یەکێتییەکە بەخێرهاتنی جێگری سەرۆکی یانەی وەرزشی پێشمەرگەی کردوو ئەو سەردانەی بە گرنگ وەسف کرد کە یانەی پێشمەرگە بووەتە سمبولی وەرزش لە خاکی نیشتماندا و وەک یەکێتییەکەیان بە یانەیەکی گرنگی دەزانن بۆ پێشکەوتنی وەرزش لە وڵاتدا.
پاشان حاکم مەحمود ئەحمەد موڕاد وێڕای سوپاسکردنی جێگری سەرۆکی یەکێتی ناوەندی تۆپی پێی ئێراق بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەیان، بە گرنگی زانی کە لە قۆناغی چوارگۆشەی زێڕینی خولی نایابی تۆپی پێی یانەکانی ئێراق سستمی تەکنیکی ڤار بەکاربهێنرێت چونکە یارییەکان بەهێز و هەستیار دەبن تا ئەوەی کە هیچ تیمێک بە ئاستی خۆی بێ بەش نەبێت لە گەیشتنی بە خولی پیشەگەران بۆ وەرزی داهاتوو.
جەختیشی کردەوە کە وەک یانەی پێشمەرگە بە فەرمی داوادەکەن بە جێگیرکردنی ئەو سستمە لە یارییەکانی قۆناغی داهاتوودا.
ئەو داوایەی جێگری سەرۆکی یانەی پێشمەرگە بەرز نرخێندرا:
عەلی جەباری جێگری یەکەمی سەرۆکی یەکێتی ناوەندی تۆپی پێی ئێراق ئەو داوا و بیرۆکەیەی حاکم مەحمود ئەحمەد موڕادی جێگری سەرۆکی یانەی وەرزشی پێشمەرگەی بەرز نرخاند و بە گرنگی زانی کاری لەسەر بکرێت هەر بۆیە ئاماژەی بەوەدا کە لە کۆبوونەوەی داهاتووی یەکێتییەکەیان دەبێتە یەکێک لە بڕگەکان. [1]