=KTML_Bold=کۆپ 28 و دابەشبوونێکی دیکەی بەرهەمهێنەران و بەکارهێنەرانی نەوت=KTML_End=
#مەحموود بابان#
ئەم ڕۆژانە، هەموو جیهان چاوی لە یەکێک لە گەورەترین کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئیمارات دەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوە، خۆگونجاندن و تەرخانکردنی پارە بۆ ڕێگریکردن لە زیادبوونی کارەساتە سرووشتییەکان و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کەمکردنەوەی کاریگەییەکانی ئەو گۆڕانکارییانە لەسەر هەسارەی زەوی، کە بە کۆپ 28 ناسراوە، لە هەمان کاتیشدا بازاڕەکانی جیهان و نەوت بەتایبەت، چاوەڕوانی بڕیارەکانی کۆبوونەوە دواخراوەکەی ئۆپێک و ئۆپێک پڵەس دەکەن.
کۆپ یاخۆد کۆنگرەی پارتەکان Conference of the Parties (COP) لە ساڵانی نەوەدەکانەوە لە ژاپۆن کە بە cop3 ناسراوە بەڕێوەچووە، بڕیاریشە لە ڕۆژانی داهاتوودا لە ئەبوزەبی لە ئیمارات بەڕێوەبچێت.
بەپێی داتا بەردەستەکان، تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 70 هەزار کەس، لەنێویاندا سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی 198 دەوڵەت و حکومەتی جیهان بەتەنیشت هەزاران بڕیاربەدەست، زانا، شارەزای بوارە جیاوازەکان، سەرۆک و ئەندامانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و گرووپە جیاوازەکانی گەنجان بەشداریی لە گفتوگۆکاندا دەکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و چۆنییەتی تەرخانکردنی پارە بۆ پڕۆژەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی لافاو، وشکە ساڵی، سووتانی دارستانەکان و کەمبوونەوەی ڕووبەری سەوزایی لە وڵاتان، بەتایبەتیش وڵاتانی جیهانی سێیەم یاخود تازەگەشەکردوو، بەڵام ئەوەی لەم مانگەدا بینرا، دەریدەخات کە لەوانەیە هەموو ئاڕاستەکان بەمشیوەیە نەبێت، بۆ نموونە ئەم ڕۆژانە کار گەیشتە ئەوەی ئۆپێک ڕاگەیێندراوێک لەبارەی دوایین ڕاپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە لەبارەی داهاتووی نەوت و گۆڕانی کەشوهەوا دەربکات، چونکە ڕاپۆرتە نوێیەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە ئاماژە بەوەدەکات ''بەرهەمهێنەرانی نەوت و گاز ڕووبەڕووی هەڵبژاردنێکی گرنگ بوونەتەوە سەبارەت بە ڕۆڵیان لە سیستەمی وزەی جیهانی، ئەویش لەنێوان خراپتربوونی قەیرانی کەشوهەوا یاخود باشکردنی کە بەشێکی زۆری بەهۆی بەرهەمەکانی ئەوانەوەیە. لە هەمان کاتدا هەیسەم ئەلغەیس، سکرتێری گشتی ئۆپێک ڕایگەیاند ئۆپێک و ئۆپێک پڵەس تەنیا نرخی نەوت ناکەنە ئامانج، بەڵکوو فۆکەسی لەسەر بنەماکانی بازاڕ و ڕۆڵی دەگمەنی وەبەرهێنان لە نەوت دەبێت، کە جیهان پێویستی پێیەتی.
هەروەها، یەکێکی دیکە لە جیاوازییەکان پەیوەستە بە پێشبینییەکان بۆ نەوت لە ساڵانی داهاتوودا، بۆ نموونە ئۆپێک پێشبینی دەکات؛ لە ماوەی 2022 بۆ 2028 خستنەڕوو بە بڕی 6.98 ملیۆن بەرمیل زیاد بکات، بەڵام IEA پێشبینی دەکات لەو ماوەیەدا تەنیا 3.96 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیاد بکات.
بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، ڕاپۆرتەکەی ئەمساڵی ئۆپێک 6 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی زیادکردووە بۆ خواستی جیهان بۆ نەوت، لە کاتێکدا بەپێی ئاسۆی نەوت 2022، خواست بۆ نەوت لە 2045دا دەگاتە 110 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، بەڵام لە ئەمساڵدا هاتووە کە لە 2045دا دەگاتە 116 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، چوار بنەمای سەرەکیشی بۆ ئەم خواستە زۆرە بەستووەتەوە: زیادبوونی دانیشتووان، گۆڕینی دیمۆگرافیای ژیان، گەشەکردنی ئابووری و بەتایبەتیش دەرکەوتنی خێرایی وڵاتە تازە گەشەکردووەکانی وەک هیندستان، سیاسەتی وزە و تەکنەلۆژیا و داهێنانەکان، بەتایبەتیش زیادبوونی خواست لەنێوخۆ و دەرەوەی وڵاتانی ڕێکخراوی هاریکاری و گەشەپێدانی ئابووری (OECD)وە. لە هەمان کاتدا ئاژانسی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوە دەکات؛ لە 2050 خواست بۆ نەوت دەگاتە 54.8 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، کە نیوەی ئەوەیە کە ئۆپێک پێشبینی دەکات بۆ خواست لە جیهاندا لە 2045دا.
لە بەرانبەردا و لە دێڕی یەکەمی ڕاپۆرتەکەی IEAدا هاتووە ئەمڕۆ دوای 50 ساڵ لەو شۆکەی نەوت کە بووە هۆی دامەزراندنی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، جیهان جارێکی دیکە ڕووبەڕووی ساتەوەختێکی بەرزیی گرژی جیۆپۆڵەتیک و نادڵنیایی کەرتی وزە بووەتەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، لە ئەم ساڵەوە تاوەکوو 2030 بەرێژەی 7% خواست بۆ هەر سێ جۆرەکەی وزە؛ نەوت، گاز و خەڵووز کەمدەبێتەوە، ئەویش لە کاتێکدا نەوت، گاز و خەڵووز بۆ دەیان ساڵە نزیکەی 80% کۆی وزەی بەکارهێنراو یاخود سەرچاوەی دابینکردنی وزە بوون، بەڵام لە ئێستاوە، ڕوو لە دابەزین و تاوەکوو 2030 دەگاتە ڕێژەی 73%.
هەروەها، یەکێکی دیکە لە جیاوازییەکان وای کردووە پێشبینییەکان بۆ داهاتووی نەوت لەنێوان بەکارهێنەران و بەرهەمهێنەران بەمشێوەیە بێت، پەیوەست بە هۆکارەکانی گواستنەوە، چونکە نزیکەی نیوەی نەوتی بەکارهێنراو بۆ کەرتی گواستنەوەیە. هەر بۆیەش لە ڕووی جۆری بەکارهێنانی نەوتیشەوە، کەرتی گواستنەوە بەپێی ئۆپێک لە ماوەی پێشبینییەکاندا واتە 2022-2045، بە بڕی 4.6 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا زیاد دەکات و، چاوەڕواندەکرێت بگاتە ئاستی بەکارهێنانی 49 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بۆ گواستنەوە.
لە بەرانبەردا، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە ئاماژە بەوە دەکات لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا خواست لەسەر نەوت بە بڕی 18 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا زیادیکردووە، کە بەشێکی زۆری ئەم بەرزبوونەوە بەهۆی زیادبوونی هۆکارەکانی گواستنەوە و ئۆتۆمبێل بووە، کە خۆی لە 600 ملیۆن ئۆتۆمبیل دەبینێتەوە و، ڕێژەی 45% خواست بۆ نەوت پێکدەهێنێت، بەڵام لە کۆتاییەکانی ئەم دەیەدا هیچ زیادبوونێک بۆ نەوت لە هۆکارەکانی گواستنەوە نایەت، چونکە لە 2020 ئۆتۆمبێلی کارەبایی ڕێژەی 4% فرۆشتنی ئۆتۆمبیل بوو لە جیهان، بەڵام لە 2023ذا گەیشتووەتە ڕێژەی 18%، واتە ڕێژەی 14% لە ماوەی کەمتر لە سێ ساڵ زیادیکردووە.
ئێستا، ئەوەی بەڕوونی دەردەکەوێت تای هەردوولایە بە پڕۆسەکەیە. نە باشکردنی گوزەرانی ئەوانەیە کە وزەی پێویستیان نییە وەک ئەوەی کە ئۆپێک دەیڵێت، هەروەها وەک ئەوەش نییە کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە هۆشداریی لەبارەیەوە دەدات، بەتایبەتیش گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، چونکە پرسەکە پارەیە و پرسی بردنەوەی شەڕێکی گەورەی مێژووییە لە بواری وزە، کاتێک وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە سێپتەمبەری 1960دا ئۆپێکیان ڕاگەیاند و ویستیان کۆنترۆڵی ئاساییشی وزە، بەتایبەتیش نرخی نەوت بکەن، لە بەرانبەردا وڵاتانی بەکارهێنەرانی وزە لە نۆڤمبەری 1974دا ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەیان دامەزراند بۆ زامنکردنی ئاساییشی وزە و هاریکاری یەکتری بەتایبەتیش لە سەردەمی قەیرانی وزەی 1973 و ئابڵۆقەی نەوتی وڵاتانی ئۆپێک بۆ سەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی.
هەر بۆیە ئێستا جیاوازییەکە بەشێوەیەکە کە ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکردنی نەوت (ئۆپێک) دەڵێت بەکارهێنانی نەوت نەک کەمنابێتەوە بەڵکوو فریای وەبەرهێنان لەم کەرتەدا نەکەوین، بە بڕی 14 تریلیۆن دۆلار یاخود 610 ملیار دۆلار ساڵانە لە کەرتی نەوت، ئەوا تووشی کەمیی خستنەڕوو و ناجێگیریی بازاڕ دەبینەوە، بەڵام ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە (IEA) پێچەوانەی ئۆپێکە و ئاماژە بە قۆناخی کۆتاییهاتنی بەکارهێنانی نەوت دەکات پێش ئەوەی ماوەیەی تەنانەت خۆیشی پێشبینی کردبوو.
ئۆپێک و IEA پێشبینییەکانیان بۆ مامەڵەی نزیکمەودای نەوتیش جیاوازە، بە جۆرێک ئۆپێک دەڵێت لە 2024دا خواست بۆ نەوت بە بڕی سەروو دوو ملیۆن و 250 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیاد دەکات، لە بەرانبەردا IEA دەڵێت خواست بۆ نەوت لە 2024دا تەنیا بە بڕی 800 هەزار بەرمیل زیاد دەکات، لە کاتێکدا جیاوازییەکە 1 ملیۆن و 450 هەزار بەرمیل نەوتە. با چاوەڕوانی ڕۆژانی داهاتوو بکەین، بزانین لێکەوتەکانی کۆپ 28 و بڕیارەکەی ئۆپێک چی لەسەر نەوت چی دەبن، کە کار دەکەنە سەر هەردوو بەرەی بەکارهێنان و بەرهەمهێنەرانی نەوت. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=