=KTML_Bold=کەرکووک پرسێکى نیشتمانییە=KTML_End=
#عارف قوربانی#
لە بنەڕەتدا کێشەى #کەرکووک#، کێشەیەکى ئیدارى نییە لەنێوان کورد و دەوڵەتى ئێراق، بەڵکوو پرسى ناسنامەى کەرکووک جەوهەرى کێشەکەیە. ئەم کێشەیەش هەر لە دەستپێکى لکاندنى ویلایەتى موسڵ بە ئێراقى عەرەبییەوە دەست پێدەکات، چونکە نەتەوەى سەردەستەى زاڵ لە یەکەم چرکەساتى بەستنەوەى کەرکووک بە ئێراقەوە هەوڵەکانى بۆ گۆڕینى ناسنامەى شارەکە دەستپێکردووە. بە درێژایى دەیان ساڵ دواتریش ئیدارەى شارەکە هەر بە دەستى کوردەوە بووە، بەڵام ستراتیجى دەوڵەت گۆڕینى ناسنامەى شارەکە بووە نەک ئیدارەکەى.
لە بەرانبەر ئەو ستراتیجەى دەوڵەت بۆ گۆڕینى ناسنامەى کەرکووک لە شارێکى کوردستانییەوە بۆ شارێکى عەرەبى، کوردیش بەپێى هەلومەرج و قۆناخبەندى سیاسەتەکانى بەعەرەبکردن، خەباتى کردووە بۆ پارێزگارى لە ناسنامە نیشتمانییەکەى. سەربارى ئەوەى لە 98 ساڵى ڕابردووى دوو نێوانى لکاندنى کەرکووک بە ئێراقەوە بۆ ئێستا، دەوڵەتى ئێراق بۆ یەک چرکە دەستى لە سیاسەتى بەعەرەبکردن هەڵنەگرتووە، بەڵام هەر نەیتوانیوە بەرگە کوردستانییەکەى کەرکووک دابماڵێت و ناسنامەى عەرەبى بەباڵادا ببڕێت.
ئەوەى پارێزگارى لە پاراستنى ناسنامە نیشتمانییەکەى کەرکووک کردووە، هەر بە تەنیا حیزبى سیاسیی کوردى و بزووتنەوە چەکدارییەکەى نەبوون، چونکە سەردەمانێکى زۆر کورد هیچ حیزبێکى سیاسى نەبووە، بەڵام خەباتى پارێزگاریکردن لە ناسنامەى کوردستانییەتى کەرکووک هەر هەبووە. پێش ئەوەى کورد دەست بە خەباتى چەکداریش بکات، خەباتى ڕووبەڕووبوونەوەى بەعەرەبکردن هەر هەبووە. ئەوانەى بەرەنگارى سیاسەتى بەعەرەبکردن ببوونەوە و پارێزگارییان لە ڕەسەنایەتیی ناسنامە نیشتمانییەکەى کەرکووک دەکرد، کوردەکانى کەرکووک بوون. کورد لەو جوگرافیایە بەبێ ئەوەى کورد حیزبی سیاسى هەبێت، بێ ئەوەى کورد شۆڕشى چەکدارى هەبێت، ئەوان خۆیان لە ماڵەکانى خۆیانەوە بە مانەوەیان لەسەر زێدى خۆیان، بە پارێزگارى لە زمان و کولتوور و دابوونەریتە کوردەوارییەکانیان، توانییان ڕێگە لەوە بگرن ناسنامەى شارەکەیان بگۆڕێت.
مەبەستمە بڵێم بۆ هەر هەلومەرج و قۆناخێکى ئەو مەترسى و هەڕەشانەى لەسەر کەرکووک بوون، بە شێوازێکى خەبات توانراوە بەر لە مەترسییەکان بگیرێت، مەرج نییە خەباتەکە پێویستى بە ڕشتنى خوێن و خەباتى چەکدارى بووبێت. سەردەمانێک کە هەموو شتێکى کورد یاساخ بوو، هەر مانەوە لە کەرکووک، پاراستنى زمان و کولتوور و دابوونەریتى کوردەوارى لەلایەن خەڵکى کەرکووکەوە گەورەترین خەبات و تێکۆشان بووە بۆ پاراستنى ناسنامەکەى، ئەوە کوردەکانى کەرکووک بوون بەرگەى هەموو جۆرە زووڵم و ستەمێکیان گرت، بەڵام توانییان بەو جۆرە ناسنامەى کوردستانییەتى شارەکەیان بپارێزن.
ئێستاش سەربارى ئەوەى کەرکووک لەژێر کۆنترۆڵى نەتەوەى سەردەستەى عەرەبدایە، لێشاوى بەعەرەبکردنى نوێى بەتەشەیوع موتوربەکراو بەچڕى لەسەر تەواوى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەوەى بەهۆى حەشدى شەعبییەوە هەژموونێکى زۆریان بەسەر ناوچەکەدا سەپاندووە، بەڵام نەیانتوانیوە شەرعیەتێکى واقیعى و یاسایى بۆ ئەم قۆناخە دەستەبەر بکەن. هەموو ڕێگەیەکیان گرتووەتەبەر بۆ بەدەستهێنانى ئەو شەرعییەتە یاساییە تا ئەوەى هەیە بیکەن بە ئەمرى واقیع. بۆ ئەمەش پەنایان بردووەتە بەر هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک کە پێشتر و لە ساڵى 2005 وە ڕێگەیان نەداوە هەڵبژاردنى دیکەى تێدا ئەنجام بدرێت. چونکە لەوە دەترسان ئەو کات بەهۆى هەڵبژاردنەوە هەژموونى زاڵى کورد ببێتە ئەمرى واقیع و ڕەوایەتییەکى یاسایی وەرگرێت، بەڵام لەدواى گۆڕانکارییەکانى دواى 16ى ئۆکتۆبەر ئێستا هەلومەرجەکە بە قازانجى خۆیان دەبینن و دەیانەوێت ئەوەى نەیانهێشت کورد بە دەستى بهێنێت، خۆیان بەدەستى بهێنن.
بۆیە بۆ کورد گرنگە لەوە تێبگات ئەم پڕۆسەیە تەنیا پڕۆسەیەکى هەڵبژاردنى ئاسایى نییە بۆ ئیدارەى شارەکە، وەک سەرەتا ئاماژەم پێدا لە بنەڕەتیشەوە بۆ کورد کێشەکە کێشەى ئیدارى و بەڕێوەبردنى شارەکە نییە، ئەوەندەى پرسێکى نیشتمانییە و پەیوەندى بە ناسنامەى شارەکەوە هەیە. کورد لەم قۆناخەدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى ئەو هەڕەشە و مەترسییانەى لەسەرێتى، پێویستى بە سەلماندنەوەى پێگەى خۆى هەیە. پێویستى بەوەیە ئەوە بسەلمێنێتەوە وەک چۆن لە ڕابردوودا بە دەیان ساڵ بەڕێوەبردنى سیاسەتى بەعەرەبکردن نەتوانرا پڕۆسەى لە کوردیخستنى کەرکووک سەربگرێت. دەبێت ئێستاش ئەوە بسەلمێنێتەوە بە مانەوەى پێگە بەهێزەکەیەوە ئەم سیاسەتەى نوێى بەعەرەبکردنیش لەگۆڕدەنێتەوە.
سەربارى بەڕێوەبردنى هەمان ستراتیجى سەدام لەلایەن شیعەکانەوە بۆ بەعەرەبکردنى ناوچەکە، خۆشبەختانە لەڕووى ژمارەوە کورد هێشتا هەر زۆرینەى کەرکووکە، بەڵام لەبەر ئەوەى ئەمە پڕۆسەى بەشداریکردنە لە هەڵبژاردن، وەک سەرلەنوێ خۆ تۆمارکردنەوە وایە لە سەرژمێریکردن. ئەگەر نەچێت بۆ بەشدارى لەو پڕۆسەیە، تۆ نابیتە ژمارە لەو هاوکێشە و ململانێیەى ڕووبەڕووى کەرکووک بووەتەوە. لێرەدا ئایدۆلۆجیا و بیروباوەڕى سیاسى گرنگ نییە، گرنگ نییە دەنگ بە کام لایەنى کوردى دەدەیت، بەڵام گرنگە وەک کوردێک دەنگ بە لیستێکى کوردى بدەیت، چونکە سەرەنجام تۆمار دەکرێت لیستە کوردییەکان چەند دەنگیان هێناوە، کۆى ئەو دەنگەى لیستە کوردییەکان دەبێتە سەلماندنەوەى ئەو ژمارەیەى بۆ پێناسەکردنەوەى ناسنامە نیشتمانییەکە پێویستە.
بۆیە بەشداریکردن لە دەنگدان بۆ هەلومەرجى ئەمڕۆ، بەشداریکردنە لەو خەباتە دوورودرێژەى لە باو و باپیرانمانەوە لە پێناو پارێزگارى لە ناسنامە نیشتمانییەکەى کەرکووک کاروانەکەى خراوەتەڕێ. نابێت هیچ هۆکارێک مرۆڤى کورد ساردبکاتەوە لەوەى لەم کاروانە بکشێتەوە. ئەگەر ڕۆژگارێک بۆ بەگژداچوونەوەى سیاسەتەکانى #بەعس#، کورد ناچاربوو بە ڕشتنى خوێن و قوربانیدانى زۆر پارێزگارى لە کەرکووک بکات، لانى کەم ئێستا بۆ بەگژداچوونەوەى بەعەرەبکردنى نوێى سەردەمى دەسەڵاتدارێتى شیعى پێویستمان بە ڕشتنى خوێن و قوربانیدان نییە، بە بەشداریکردن لە پڕۆسەى هەڵبژاردن و دەنگدان بە هەر لیستێکى کوردى کە دڵت دەیخوازێت، دەتوانین ئەگەرەکانى ئەو هەڕەشە و مەترسییانە دوورتر بخەینەوە کە ئێستا لەسەر کەرکووک هەن. کە دەشڵێن کەرکووک، لەبەر ئەوەیە بووەتە ناسنامە و چەقى کێشەکان، ئەگینا ئەمە بۆ هەموو ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەی هەرێمی کوردستان هەر ڕاستییەکى چەسپاوە، لە بەدرەوە بۆ #شنگال#.
بۆیە هیواى ئەوە دەخوازم هەر کوردێک لە شنگال و دەشتى نەینەوا، لە کەرکووک و #خورماتوو#، لە گەرمەسێر لە #خانەقین# و بەدرە و جەسان، مافى دەنگدانى هەیە، پاش دوو ڕۆژی دیکە کە ڕۆژى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانە، بەشدارى لەو پڕۆسەیە بکات و بە دەنگەکەى بەشداربێت لە ڕەتکردنەوەى بەعەرەبکردنى نوێ، لە سەلماندنەوەى کوردستانیبوونى ناوچەکەى. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=