=KTML_Bold=هەڵبژاردن نیوەى ڕێگەکەیە، بۆ نیوەکەى دیکەى چى دەکەن؟=KTML_End=
#عارف قوربانی#
ڕەنگە باشترین پرسیار ئێستا لە خۆمانى بکەین ئەوە بێت ئایا کورد دەتوانێت بە هەڵبژاردن #کەرکووک# وەرگرێتەوە؟ یان ئەگەر بەشێوەیەکى فراوانتر بپرسین ئایا لە ئێراقدا دەرفەتى ئەوەیە هەیە، کورد بە پەنابردنە بەر زۆرینە و کەمینە، یان بە دیموکراسییەت و ڕێکارە دەستووری و یاساییەکان کێشەى کەرکووک چارەسەر بکات؟ بە تێگەیشتنى من، نەخێر. بەڵام ئەوەى بۆ کورد مەترسیدارە ئەوەیە؛ ئێراق بە هەڵبژاردن و پەنابردنە بەر دیموکراسییەتى ڕووکەش و ڕێکارە دەستووری و یاساییەکان، بە زۆرینە و کەمینە، کێشەى کەرکووک ئاڵۆزتر بکات.
لە بنەڕەتى درووستبوونى کێشەى کەرکووکەوە، هەر لەو چرکەساتەوەى براوەکانى جەنگى یەکەمى جیهانى بڕیاریاندا جوگرافیاى ژێر قەڵەمڕەویى خەلافەتى عوسمانى پارچەپارچە بکەن و ویلایەتى موسڵیان بە ئێراقى عەرەبییەوە لکاند، بەپێى ئامار و سەرژمێریى عوسبەت ئومەم و سەرژمێریى تورک و بەریتانیا و تەنانەت سەرژمێریى ئێراقیش، کورد زۆرینە بووە لە کەرکووک. لەو کاتەشەوە سەربارى پیادەکردنى سیاسەتى پاکتاوى ڕەگەزیى کورد و 85 ساڵ هەوڵى بەردەوامى بەعەرەبکردنى کەرکووک، هەمیشە کورد لە نیوە زیاترى دانیشتووانى شارەکە بووە.
لە دواى ڕووخانى سەدام و بوونیاتنانەوەى ئێراقى نوێ، لە 20 ساڵى ڕابردووشدا هەموو ئەو هەڵبژاردنانەى لە کەرکووک بۆ ئەنجوومەنى پارێزگا و ئەنجوومەنى نوێنەرانى ئێراق کراون، کورد لە نیوە زیاترى دەنگ و لە نیوە زیاترى کورسییەکانى هێناوە. ئەم سەنگ و قورساییەى کورد، نەبووەتە هۆکار بۆ چارەسەرى کێشەى کەرکووک، بەڵام هۆکار بووە بۆ ئەوەى کەرکووکى لەدەستنەچێت، واتا کێشەکە وەک خۆى ماوەتەوە. ئەوەى لە ئێمەوە دیار نییە، ئەودیوى دیکەیە، کە ئەگەر کورد کەمینە بووایە، ئێستا کێشەکەى چۆن دەبوو؟
ئەمەى ئێستا کورد لە کەرکووک پێى گەیشتووە، ئەو دۆخەیە کە دەبێت کورد بخاتە بەردەم ئەو پرسیارەوە ئایا داهاتووى کەرکووک چۆن دەبێت کە کورد زۆرینەى لەدەستدا؟ یان درووستتر ئەوەیە بڵێین، نەیتوانى پارێزگارى لەوە بکات؛ نەهێڵێت لە نیوە بێتە خوارەوە. لە کاتێکدا پێشتر لە خراپترین دۆخى کورددا دواى 16ی ئۆکتۆبەریش (ی. ن. ک.) بەبێ بەشداریکردنى پارتى، توانى دەست بەوەوە بگرێت ڕێژەى دەنگ و کورسى نوێنەرایەتیی کورد لە نیوە بپارێزێت، بەڵام ئێستا کورد وتەنى گوێز بە ژمارە، مایەکەى دیارە، 47٪ی کورسییەکانى بردووە.
بۆ کەسانێک ڕووکەشانە نەڕواننە ئەنجامەکە و وردتر لە ژمارە و داتاکان تێبگەن، ئەنجامەکان بۆ کورد شکست و شۆکهێنەرن. بەتایبەت ئەگەر دوو لایەنى ئەو ئەنجامە لەبەرچاو بگرین، یەکەمیان ئەوەیە بەشى هەرە زۆرى ئەو دەنگانەى کورد بەدەستیهێناون دەنگدەرەکانى کەرکووکن لە سلێمانى، #چەمچەماڵ#، #کفرى#، #کەلار# و #هەولێر#. دووەمیش ئەگەر ڕێژەى دەنگە بەدەستهاتووەکانى یەکێتى و پارتى کۆبکەینەوە، کەمترە لە ڕێژەى ئەو مووچەخۆرە کەرکووکییانەى لەنێو هێزى پێشمەرگە، ئاساییش، پۆلیس و فەرمانگەکانى حکومەت و هەردوو حیزب مووچە وەردەگرن، واتا لە مووچەخۆرەکانى خۆیان کەمتر دەنگیان هێناوە. ئەمە بۆ داهاتووى کەرکووک مایەى مەترسییە. بەوە نابێت کەسانێک کەیفى دڵیان بەوە بێت، بڵێن کورد براوەیە.
هەرچەندە هەڵبژاردن نیوەى ڕێگەکەیە، کورد لە کەرکووک لەنیوەى یەکەمدا سەرکەوتوو نەبوو، نیوەکەى دیکەى بریتییە لە درووستکردنى هاوپەیمانیێتى دواى هەڵبژاردن. بایەخى ئەم قۆناخەیان لە یەکەم گرنگتر نەبێت، کەمتر نییە. بابزانین کورد دەرفەتى ئەوەى هەیە نیوەى دووەم بەرێتەوە؟
بۆ کەسانێک لە ئێراق سیاسەت بکەن، سەدر ئەزموونێکى زۆر باشە بۆ پەندلێوەرگرتن. لە زۆربەى هەڵبژاردنەکاندا ڕەوتى سەدر لە ڕیزبەندى پێشەوەى لیستە براوەکانە، بە دیاریکراویش لە سێ هەڵبژاردنى یەک لە دواى یەکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى ئێراق (2014، 2018 و 2021) لیستەکەى سەدر یەکەمى ئێراق بووە، واتا نیوەى پڕۆسەکە براوە بووە، بەڵام هیچ کات نەیتوانیوە نیوەکەى دووەم بەرێتەوە. هۆکارەکەى زۆر ڕوون و ساکارە؛ کەرەستەى نیوەى یەکەمى پڕۆسەکەى لەبەردەستە کە بریتییە لە دەنگدەر، توانیوێتى ئەمەیان بە باشى بەکاربەرێت، بەڵام کەرەستەى نیوەکەى دیکەى کە بریتییە لە دانووستاندن بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانیێتى، بە باشى بەکارنەهێناوە، بۆیە ڕەنجى دەنگدەرەکانیشى بەخەسار داوە.
نموونەى دیکەش هەن پێچەوانەى سەدر، لە هەڵبژاردن نەیانتوانیوە زۆرینە بن، بەڵام توانیویانە لە پێکهێنانی هاوپەیمانیێتى دواى هەڵبژاردن، پڕۆسەکە بەقازانجى خۆیان بگۆڕن. ئێستا کورد کەوتووەتە بەردەم ئەم تاقیکردنەوەیەوە؛ دەتوانێت لە پێکهێنانی هاوپەیمانێتیی دواى هەڵبژاردن چى بچنێتەوە؟
هەرچەندە نوقڵانەیەکى پێشوەختەى خراپە، بەڵام ناتوانم ئومێدى ئەوە بۆ خۆم درووستبکەم، کە کورد لەم تاقیکردنەوەیەشدا سەرکەوتوو دەبێت. بە پلەى یەکەم لەبەر دابەشبوونى کورد بەسەر هەردوو جەمسەرى ناکۆکیى سوننی و شیعى. دووەم، ناکۆکى نێوخۆیى لیستە براوەکانى کورد لە کەرکووک، سێیەمیش لەبەر ڕەتکردنەوەى ئەم توێژە سیاسییەى کورد لە کەرکووک لەلایەن پێکهاتە سەرەکییەکانى کەرکووکەوە، کە هێشتا سەرکردایەتىی دوو حیزبەکە لە هۆکارى ئەمەیان تێنەگەیشتوون.
هیچ ناڕوونی و شاراوەییەک لەوەدا نەماوەتەوە، کە یەکێتی لەگەڵ جەمسەرى شیعەدایە، پارتیش لەگەڵ سوننە. پڕۆسەى سیاسى لە ئێراق و تاوەکوو ئەندازەیەک لە کوردستانیش گیرۆدەى ئەو دابەشکارییە بووە، ناتوانرێت بە ئاسانى لەو بازنەى ململانێیە بچنە دەرەوە، یان بە هەر هۆکارێک بێت لایەنێکیکان ئاو بکاتە ئاشى لایەکەی دیکەى هاوکێشەکەدا. بۆیە هەر لە هەنگاوى یەکەمەوە، سەختە پارتى و یەکێتى بتوانن ئەوە تێپەڕێنن و لەنێو خۆیاندا ڕێکبکەون ببن بە یەک فراکسیۆن. بەتایبەتیش بەهۆى ئەوەى ناکۆکى قوڵ و کێشەى جۆراوجۆر لەنێوان ئەم دوو حیزبەدا هەیە لە هەرێمى کوردستانیش.
هەرچەندە وەک دەگوترێت لە سیاسەتدا هیچ شتێک مەحاڵ نییە، بەڵام ئەگەر پارتى و یەکێتى بەسەر ناکۆکییەکانیاندا زاڵبن و ببنە یەک لیستى کوردستانییش، هێشتا 47٪ی کورسییەکانن. کورسیی کۆتاى کریستانییەکانیش لەگەڵ کورد دەبێت و پێکەوە دەبنەوە بە نیوە، بەڵام لە بەرانبەر ئەم نیوەیەى یەکێتى و پارتى و کلدانى، بلۆکى عەرەب و تورکمان هەن، کە ئەوان سەربارى ناکۆکییەکانیان، لەبەر ئەوەى هەردوولایان سەربە یەک جەمسەرن کە سوننەن، دەتوانن بەسەر کێشەکانیاندا زاڵ بن.
لەبەر بوونى چەند بڕگەیەکى تایبەت بە یاساى هەڵبژاردنى کەرکووک و ناچارکردنیان بە ڕەچاوکردنى بەشداریى هەموو پێکهاتەکان لە بەڕێوەبردنى پارێزگاکە، لەم حاڵەتەشدا کە دوو بلۆکى وەک یەکدی بچنە سەر مێزى گفتوگۆ، لایەنى بەرانبەر کە تورکمان و عەرەبن، سەرەڕاى بوونى چەندین هۆکارى قوڵ و ململانێى نێوان دوو جەمسەرەکەى سوننە و شیعە، ئامادەى سازش نین بۆ ئەو دەستەبژێرە سیاسییەى کەرکووک کە بەدیاریکراوى لەدواى شەڕى #داعش#ەوە وێنایەکى پەسەندنەکراویان لە شەقامى تورکمان و عەرەب بۆ درووستبووە. بۆیە بەدوورى نازانم بە سیستەمێکى ڕێکخراو کارکرابێت بۆ بەدەستهێنانى ئەم ئەنجامانەی یارمەتیدەر نین بۆ ئەوەى کەرکووک بتوانێت لەلایەن خەڵکەکەیەوە بەڕێوەببرێت. ترسى من ئەوەیە؛ ئەمە ئامانجە شاراوەکە بێت بۆ ئەوەى دۆخى کەرکووک بەو جۆرە بەردەوام بێت، کە بەردەوام تارمایى میلیشیاکانى حەشدى شەعبیی بەسەرەوە بمێنێتەوە.
لەمانەوەى دۆخێکى لەو جۆرەشدا، داهاتووى کەرکووک نەک ناڕوونە، بەڵکوو زۆر بە ڕوونى لێمانەوە دیارە بەرەو چ چارەنووسێکى مەترسیدار دەڕوات. ئەمەش ئەنجامە کە کورد پێى گەیشتووە. چنینەوەى بەرى لەدەستدانى دەرفەت و کەمتەرخەمى و هەڵە و خراپەکاریى دوو دەیەى ڕابردووە. ڕابردوویەک پەرۆشى بۆ کەرکووک و هۆشى سیاسى بڕیاربەدەستەکانى لە ئێستا باڵاتر بوو، ئەمە چارەنووسەکەى بوو، پێویستە لە خۆمان بپرسین؛ ئەى دەبێت بەم حاڵەى ئێستاى کورد و ئەم عەقڵییەتانەى ئێستاى ئیدارەدانى کێشەکەى، کەرکووک بەرەو کوێ بچێت؟ تەمەن بمێنێت زۆر ناخایەنێت ئەنجامەکانى دەبینین.
خستنەڕووى ئەم ڕاستی و مەترسییانەش بەو ئامانجەیە؛ بەشى ئەوە سوودى هەبێت، بڕیاربەدەستانى کورد و خەمخۆرانى کەرکووک بەدواى چارەسەردا بگەڕێن. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=