=KTML_Bold=سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڤیەننا، پایتەختی دیپلۆماسی و سازان!=KTML_End=
#زریان ڕۆژهەڵاتی#
بە ئەگەری زۆر لەم سەردانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دا بۆ ڤیەننا، چەند بابەتێک بۆ نەمساییەکان گرنگن، ئەوانیش یەکیان ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاساییە بۆ ئەورووپا کە ساڵی ڕابردوو وەزیری دەرەوی ئەو وڵاتەی هێنابووە عێراق و هەێمی کوردستان. لەوانەیە چاوی بەرپرسانی نەمسا لە دەرفەتی وەبەرهێنانی ئەو 10 کۆمپانیایەی بوارەکانی تەندروستی، تیلیکۆمۆنیکەیشن و گواستنەوەش بێت کە لە سێپتێمبەری ساڵی ڕابردوودا لە کۆڕبەندێکی ئابووری دا لە #هەولێر# بەشداربوون. ئەمە بێجگە لەوەی کە لەڕووی سیاسییەوە وەک خودی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە گوتوویەتی، لاپەڕەیەکی نوێیان لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان هەڵداوەتەوە، بەڵام ئەی لەم پەیوەندییەدا چی بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە؟
نەمسا وڵاتێکی بچکۆلانەی ئەورووپایە کە بە نفوسێکی سەرووی نۆ ملیۆنەوە، لە ماوەی زیاتر لە 10 ساڵی ڕابردوودا گەشەی جی دی پییەکەی لە سەرووی 2٪ەوە بووە. هەڵکەوتە جوگرافییەکەی لە نێوەڕاستی ئەورووپا کە خاڵی بەیەکگەیاندنی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، باکوور و باشووری ئەو کیشوەرەیە، وایکردووە کە گرفت و دەرفەتی جیاجیای بۆ بڕەخسێت. نەمسا یەکێک لە شوێنە ناوەندییەکانی جیهانە لە پرسی کۆچبەری نایاسایی دا. لەبەرئەوەی لە نێوەڕاستدایە، خاڵێکی گرنگە بۆ پەڕینەوەی پەنابەران بۆ شوێنی مەبەست. لەوانەیە نەمساییەکان بیانەوێ لەڕێی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، دەرچەیەک بۆ ئەو پرسە بدۆزنەوە. لەلایەکی دیکەوە، هەر ئەو هەڵکەوتە جوگرافییە دەرفەتێکی بێهاوتای بۆ گواستنەوەی ئاسمانی و هێڵەکانی شەمەندەفەر بۆ ڕەخساندووە. فڕۆکەخانەی ڤیەننا یەکێک لە دیارترین ڕکابەرەکانی فڕۆکەخانەکانی وەک فرانکفۆرتی ئەڵمانیا و هیسرۆی لەندەنە کە ساڵانە هەزاران گەشتیار لەوێوە دەڕۆنە ئەو شوێنانەی گەشتی بۆ دەکەن. ئەمە بۆ هەرێمی کوردستانیش پڕبایەخە، چونکە یەکێک لە نزیکترین ڕێگەکانی بەستنەوەیەتی بە دنیای دەرەوە.
بێگومان هەردوو بابەتی کۆچبەران و پەرەپێدانی ئابووری بۆ هەرێمی کوردستانیش گرنگن، بەڵام جارێ ڕووە سیاسییەکەی ئەو پەیوەندییە بایەخی زۆرترە. ئەو دەرفەتە ئابوورییەی کە جوگرافیاکەی بۆی ڕەخساندووە هەروەها بچووکیی پانتایی و کەمیی ژمارەی دایشتووانی، وایکردووە کە لە سیاسەتی دەرەوەشدا ڕوو لە دیپلۆماسی و ناوبژیوانی بکات. ئەمە دەتوانێت لە ئێستا و هەروەها لە داهاتووش دا بۆ پرسەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستانیش پڕبایەخ بێت.
گرنگیی جیۆپۆلەتیکی نەمسا، وەک وڵاتێکی بچووک، بەڵام نێوبژیوان لە گرفتە نێودەوڵەتییەکاندا، بۆ هەولێر بایەخی زۆرە. ئەویش لەکاتێکدا کە دنیا لە لێواری گرژییەکی زیاتردایە بەهۆی قەیرانە جیۆپۆلەتیکییەکانی دەریای چینی باشوور، ئەورووپای ڕۆژهەڵات و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئەو گرنگییە زیاتر دەبێت کاتێک کۆتاییهاتنی ئەرکی یۆنامی لە عێراق لە داهاتوویەکی نزیک و، سەرقاڵیی هێزە سەرەکییەکانی ئەورووپا و ئەمریکا بە پرسە نێوخۆییەکانی و گرفتەکانیان لەگەڵ ڕووسیا و چین لەپێش چاو بگرین کە زۆرجار وەک پاڵپشتی هەرێمی کوردستان دەرکەوتوون.
نەمسا لە ساڵی 1955ەوە پێگەی بێلایەنی لە سیاسەتی نێودەوڵەتی هەڵبژاردووە و ئەندامبوونی لە یەکێتیی ئەورووپا و بەشدارییەکەی لە ئەرکی ئاشتی ناتۆ، نەبووەتە ڕێگر لەوەی کە ئەو ڕۆڵەی خۆی بگێڕێت. لە سەردەمی شەڕی سارددا، چ لە گفتۆکانی نێوان یەکێتیی سۆڤییەت و ئەمریکا، چ لە شەڕی عەرەب-ئیسرائیل دا، ڤیەننا ئەدرێسێکی گرنگ بووە. هەرچەند بەهۆی پشتیوانی ئەم دواییەی لە گەمارۆکانی یەکێتیی ئەورووپا، پەیوەندییەکانی ڤیەننا و مۆسکو گرژییەکی زیاتری تێکەوتووە، بەڵام بۆ شوێنێکی وەک ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هێشتا نەمسا ناوەندێکی گرنگە بۆ دیپلۆماسی و چارەسەرکردنی گرژییەکان.
ڕووداوەکانی پەیوەست بە گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دنیا بەخێرایی گەشە دەکەن و زیاتر لە هەر سەردەمێکی دیکە، ئەگەری شەڕی جیهانیی سێیەم کەوتووەتە سەرزاری سیاسییەکانی جیهان. عێراقیش بەرەبەرە خۆی بۆ قۆناخی دوای ئەمریکا ئامادە دەکات و چەندەی ئەو قۆناخەش زووتر بگات، ئەگەری زیادبوونی گرژییە نێوخۆییەکانیش زیاتر دەبن، ئالێرەدایە کە هەبوونی کەناڵێکی دیپلۆماسی کە جێی پەسندی زۆر لایەن بێت، بایەخێکی ئێجگار زۆری هەیە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە خۆی لێرە لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕووخساری سوڵح و سازانی خۆی چەسپاندووە، سەردانی وڵاتی سازانە گرنگەکانی دنیای کردووە و ئەوەش کلیلێکی گرنگە لە هەر قۆناخێکی ئاڵۆزی گریمانەییدا کە بێتە پێشەوە بۆ کوردستان. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=