ناو: ڕۆژین
ناوی باوک: حسێن
شوێنی لەدایکبوون: #قامیشلۆ#
$ژیاننامە$
ئەندازیار و هونەرمەند ڕۆژین حاج حسێن، لەدایکبووی شاری قامشلۆی ڕۆژاوای کوردستانە، و زیاتر لە 11 ساڵە نیشتەجێی شاری #هەولێر#ی پایتەختی هەرێمی کوردستانە. لە تەمەنی سێ ساڵییەوە کاری هونەری دەکات، و لە تەمەنی 14 ساڵیدا لە بواری هونەری و شێوەکاری پلەی یەکەمی لە ئاستی وڵاتی سووریا بەدەستهێناوە، خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە بواری ئەندازیاری کۆمپیوتەر و دوو ساڵیش بە شێوەی ئەکادیمی لە بواری زانستی هونەرەکانی ڕازبەر خوێندویەتی.
لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا بەتایبەتیی لە شەڕی داعش و ناکۆکییەکانی ڕۆژاوای کوردستان، تەواوی ئەو داهاتەی کە لە ڕێگەی فرۆشتنی تابلۆ هونەرییەکانی بەدەستی هێناوە بۆ کاری خێرخوازی لە ڕۆژاوای کوردستان تەرخان کردووە.
ڕۆژین حاج حسێن خاوەنی چەندین پێشانگای هاوبەش و دوو پێشانگای تایبەتییە، و چەندین و سوپاس و پێزانینی لەلایەن ناوەند و ڕێکخراوە هونەرییەکانی دەرەوەی وڵات و ناوخۆ وەرگرتووە وەکوو (بەڕێوبەرایەتی ڕۆشنبیری هەولێر).
شایەنی باسە کارە هونەرییەکانی ئەم هونەرمەندە لەسەر بەرگی چەندین پەرتووک چاپکراون، و بەو هیوایەیە بتوانێت لە ڕێگەی تابلۆکانی مێژوو و کلتوری کوردی بە جیهان بناسێنێت.
ئەم هونەرمەندە لە کارە هونەرییەکانی زیاتر ئەکریلیک بەکاردەهێنێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پاستیل و چیمەنتۆی سپی و قۆماشی جۆراوجۆر لە کارەکانیدا بەدی دەکرێت، هەروەها بۆ نەخشاندنی تابلۆکانی ئیلهام لە دابوونەریت و کولتوری کوردی وەردەگرێت.
تەواوی کارەکتەرەکانی کارە هونەرییەکانی ئەم هونەرمەندە کوردن و هەموو کارەکانیشی لەسەر کورد و کوردستانە، ئامانجیشی لەو کارە ئەوەیە کە بتوانێت لە ڕێگەی هونەرەوە زام و ئازارەکانی گەلی کورد بە جیهان بگەیەنێت و بتوانێت لە ڕێگەی هونەرەوە گوزارشت لەو کارەساتانە بکات کە بەسەر گەلەکەیدا هاتووە، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا تابلۆکانی بەشێوەیەکی سادە و نزیک لە یەک نەخشاندووە، بۆ ئەوەی هەموو کەسێک بتوانێت لە پەیامی کارە هونەرییەکانی تێ بگات و خوێندنەوەی خۆیانیان بۆ تابلۆکانی هەبێت. [1] [2]