گرنگیی مێژوو لە جیهانی ئەمڕۆدا 04
نووسینی: #کامەران محەمەد قادر#
$تێگەیشتن لە پرسە هەنووکەییەکان$
مێژوو لەمیانەی خستنەڕووی چەندین پرسیاری قوڵ دەربارەی هۆکاری ئەو کاروبارانەی کە ئێستا لە ئارادان، بۆ تێگەیشتن لە پرسە هاوچەرخەکان کۆمەکمان دەکات، کە دەتوانین بە کورتی ئاماژە بەم خاڵانە بکەین:
=KTML_Bold=1- تێگەیشتن لە پرسەکانی ئێستا=KTML_End=
مێژوو لە ڕێگەی ئاشکراکردنی بناغە مێژووییەکانەوە، کەشی شیکردنەوەی ڕووداوە بەردەوامەکانمان بۆ دەرەخسێنێت. واتە مێژوو وەک هاوێنەیەک کاردەکات و لە ڕێگەیەوە دەتوانین ڕووداوە هاوچەرخەکان بخەینەوە نێو چوارچێوەکانیان و لێیان تێبگەین. بۆ نموونە توێژینەوەی ململانێنی جەنگی سارد لەنێوان ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەتی پێشوودا، گەنجینەیەکی دەوڵەمەندە بۆ تێگەیشتن لە گرژییەکانی ئێستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. بە لێکۆڵینەوە لە کێبڕکێ ئایدیۆلۆژیی و سیاسی و سەربازییەکانی نێوان ئەم زلهێزانە لە سەردەمی جەنگی سارددا، تێڕوانینێکی ورد بۆ ڕەگ و ڕیشەی ململانێ جیۆپۆلەتیکییەکانی ئێستا گەڵاڵە دەکەین، وەک ئەو ململانێیانەی نێوان ئەمریکا و ڕووسیا و چین یان هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکراین. هەروەها توێژینەوەی دابەشبوونی هیندستان و پاکستان لە ساڵی 1947دا، تیشک دەخاتە سەر گرژییە بەردەوامەکانی نێوان هەردوو وڵات لەسەر پرسی کشمیر. تێگەیشتن لەو هۆکارە ئایینی و کەلتووریی و سیاسییە ئاڵۆزانەی کە ڕۆڵیان لە دابەشبوونەکەدا بینی، یارمەتیدەرە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو ململانێ بەردەوامانەی کە ئەمڕۆ لە ناوچەکەدا هەن.
=KTML_Bold=2- شیکردنەوەی ڕووداوە مێژووییەکان=KTML_End=
لە ڕێگەی شیکردنەوەی ڕووداوەکانی ڕابردووەوە، دەتوانین بابەتە دووبارەبووەوەکان جیا بکەینەوە و لە کارلێکی ئاڵۆزی ئەو هۆکارانە تێبگەین، کە جیهانی ئەمڕۆیان پێکهێناوە. بۆ نموونە شۆڕشی فەرەنسی ساڵی 1789 وانەگەلێکی بەهادار لەسەر بزووتنەوەی هەڵچوونە کۆمەڵایەتی و گۆڕانە شۆڕشگێڕییەکان پێشکەش دەکات. لە میانەی ئاشنابوون بە هۆکارەکانی شۆڕش، لەوانەش نایەکسانییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان و بێبەشکردنی سیاسی و بیرۆکەکانی ڕۆشنگەریی و… تاد، تێگەیشتنێکی قووڵتر دەربارەی بزووتنەوە هاوچەرخەکان لە پێناو دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و چاکسازی سیاسی فەراهەم دەکات. هەووەها ڕووخانی ئیمپراتۆرێتی ڕۆمانی بە نموونەیەکی سەرنجڕاکێش دادەنرێت، بۆ ئەوەی کە چۆن ململانێ ناوخۆیی و هێرشە دەرەکی و ئاڵنگارییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن ژیارێکی بەهێز و مەزن بڕوخێنن. بۆیە ئەم ئەزموونە مێژووییانە تێڕوانینێکی ورد بۆ هەستییاریی دامەزراوە سیاسییەکان و گرنگی چارەسەرکردنی پرسە سیستماتیکییەکان بۆ ڕێگریکردن لە لێکهەڵوەشانی کۆمەڵگە پێشکەش دەکەن.
=KTML_Bold=3- پێکهاتنی سیستەمی سیاسی جیهانی=KTML_End=
دیارە پەرەسەندنە مێژووییەکان شوێنەواری بەرچاو لەسەر سیستەم و دامەزراوە سیاسییە جیهانییەکان بەجێدەهێڵن. بۆ نموونە پەیمانی (وێستفالیا لە ساڵی 1648) کە کۆتایی بە جەنگی سی ساڵەی ئەوروپا هێنا، (بنەماکانی سەروەری دەوڵەت) و (دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆ)ی چەسپاند. ئەم ڕێککەوتنە گرنگە بناغەی سیستەمی دەوڵەتی نەتەوەیی مۆدێرنی داڕشت و تا ئەمڕۆش لە داڕشتنی پێوەرەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەردەوامە. تێگەیشتن لە چوارچێوەی مێژوویی و گرنگی ئەم جۆرە پەیماننامانە بۆ بەڕێوەبردنی گفتوگۆ هاوچەرخەکان دەربارەی سەروەریی، دەستێوەردان و فەرمانڕەوایەتی جیهانی و… تاد گرنگە. هەروەها بزووتنەوەی دژە کۆلۆنیالیزەکردن لە ئەفریقا لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا، بە (هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتەکانی کۆلۆنیالیزم) و ( بەهێزکردنی سەرهەڵدانی دەوڵەتە نەتەوەییە سەربەخۆکان)، دیمەنی جیۆپۆلەتیکی داڕشتەوە. خەباتی سەربەخۆیی لە وڵاتانێکی وەک غانا و کینیا نەک هەر نەخشەی سیاسی ئەفریقای گۆڕی، بەڵکوو کاریگەریی لەسەر بزووتنەوەی دیپلۆماسی و هاوکاری نێودەوڵەتی هەبوو.
=KTML_Bold=4- توێژینەوەی ئاڵوگۆڕی کەلتووریی و داهێنانەکان=KTML_End=
مێژوو ئەو تۆڕە ئاڵۆزانەی ئاڵوگۆڕ و داهێنانی کەلتوورەکان ئاشکرا دەکات، کە بە درێژایی سەردەمەکان کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییان پێکهێناوە. سەردەمی زێڕینی ئیسلامی کە لە سەدەی 8 تا 14 زایینی خایاند، گەواهی گەشەسەندنێکی گەورەی دەستکەوتە هزریی و زانستی و هونەرییەکانی جیهانی ئیسلامی بوو. فەیلەسوف و زاناکانی وەک (ئیبن سینا و خواریزمی و ئیبن ڕوشد و… تاد)، بەشدارییەکی پێشانگەنەیان لە بوارەکانی وەک پزیشکیی، بیرکاریی و فەلسەفەدا کرد، کە کاریگەرییەکی درێژخایەن و بەردەوامی لەسەر سیستەمی زانستی جیهانی هەبوو. بۆیە ئاشکراکردنی کەلتووری سەردەمی زێڕینی ئیسلامی، جەخت لەسەر پەیوەندی ژیارەکان و کاریگەریی بەردەوامی ئاڵوگۆڕی نێوان کەلتوورەکان لەسەر پێشکەوتنی مرۆڤەکان دەکاتەوە.
بە کورتی، مێژوو وەک ئامرازێکی (فرە ئەرک) بۆ تێگەیشتن لە پرسە هەنوکەییەکان کاردەکات، ئەویش لە میانەی گەڕانەوە بۆ چوارچێوە مێژوویییەکانیان و شیکردنەوەی نەخش و جوڵە دووبارەبووەوەکان و توێژینەوەی پەرەسەندنی سیستەمی سیاسی جیهانی و تیشک خستنە سەر هێزی گۆڕینی ئاڵوگۆڕە کەلتوورییەکان و داهێنان لە تەواوی ژیارەکاندا. [1]