گرنگیی مێژوو لە جیهانی ئەمڕۆدا 10
نووسینی: #کامەران محەمەد قادر#
$بوونیادنانی داهاتوو، گەشەپێدانی کارامەیی لە میانەی ئاوێنەی مێژووەوە.$
توێژینەوە مێژووییەکان تەنیا مەشقێکی ئەکادیمی نین؛ بەڵکوو پراکتیزەیەکی چارەنووسسازن، کە پەرە بە کۆمەڵێک (کارامەیی) بەرفراوان دەدەن. بە قووڵبوونەوە لە دەقە مێژووییەکان، فێرخوازان دەتوانن تواناکانی (خوێندنەوە) و (نووسین)یان بەرز بکەنەوە و (بیرکردنەوەی ڕەخنەیی)ان بەهێزبکەن و (هاوسۆزیی و هۆشیاریی کەلتووریی)ش گەشەپێبدەن.
=KTML_Bold=A) کارامەیی خوێندنەوە و نووسین:=KTML_End=
یەکێک لە سوودە ڕاستەوخۆکانی توێژینەوە مێژووییەکان، باشترکردنی کارامەیی خوێندنەوە و نووسینە. دیارە دەقە مێژووییەکان لە (زمان) و (شێواز) و (زەمینە)ی خۆیاندا جیاوازن، ئەمەش تابلۆیەکی دەوڵەمەند بۆ خوێنەران فەراهەم دەکات، هەتا بتوانن بگەڕێن و ڕاڤە بکەن.
=KTML_Bold=خوێندنەوە=KTML_End=
خوێندنەوەی دەقە مێژووییەکان، هەبوونی توانای (تێگەیشتن) و (ڕاڤەکردن)ی زمان لە قۆناغە مێژووییە جیاوازەکان دەخوازێت. ئەمەش نەک هەر تێگەیشتن، بەڵکوو توانای بە کۆنتێکستکردن (دانانی زەمینە) و جیاکردنەوەی دەقە لاوەکییەکان لەناو بەڵگەنامە مێژووییەکاندا دەگرێتەوە.
بۆ نموونە خوێندنەوەی (بیرەوەرییەکانی ئان فرانک The Diary of Anne Frank) دیدێکە بۆ ئەزموونەکانی کچێکی جوولەکە، لە کاتی هۆلۆکۆستدا. ئەو ئاڵنگاریی خوێنەران دەکات، کە لە زەمینە سۆزداریی و مێژووییەکانی جەنگی دووەمی جیهانی تێبگەن. ئەم پەیوەندییە لەگەڵ دەقە مێژووییەکانی سەردەمە جیاوازەکاندا، توانای کردنەوەی هێما ئاڵۆزەکانی زمان و تێگەیشتن لە واتا وردەکان بەهێزدەکات.
=KTML_Bold=نووسین=KTML_End=
دواتر توێژینەوە مێژووییەکان فێرخوازان هان دەدات، نەک تەنیا ڕاستییەکان بگێڕنەوە، بەڵکوو هەوڵی شیکردنەوەی هەموو ئەو زانیارییانەش بدەن، کە لە سەرچاوە جۆراوجۆرەکانەوە کۆکراونەتەوە، پەرەپێدانی توانای خۆیان بۆ دامەزراندنی ئارگومێنتی بەهێز و قایلکەر. ئەم پڕۆسەیەش بۆ (ڕوون)ی و (وردیی) نووسین وەک ئاوی ژیان وایە.
بۆ نموونە نووسینی شیکردنەوەیەکی بەراوردکاریی، دەربارەی هەردوو شۆڕشی ئەمریکی و فەرەنسی، پێویستی بە کۆکردنەوەی سەرچاوە و دیدی جۆراوجۆر هەیە. بۆیە دەبێت فێرخوازان سەرچاوە سەرەکی و لاوەکییەکان هەڵسەنگێنن و لە ڕاڤە مێژووییە جیاوازەکان تێبگەن و ئارگومێنتێکی هاوسەنگ بخەنەڕوو.
=KTML_Bold=B) بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و لێهاتوویی شیکاریی:=KTML_End=
لێکۆڵینەوەی مێژوو (پشکنینی ڕەخنەگرانەی سەرچاوەکان) و (هەڵسەنگاندنی بەڵگەنامەکان) و ت (ێگەیشتن لە هۆکار و ئەنجام)ە ئاڵۆزەکان دەخوازێت. ئەمەش بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و لێهاتوویی شیکاریی بەهێز دەکات.
=KTML_Bold=هەڵسەنگاندنی سەرچاوەکان:=KTML_End=
فێرخوازانی مێژوو فێردەبن، کە چۆن هەڵسەنگاندن بۆ (بێلایەنیی) و (لایەنگریی) سەرچاوەکان بکەن، هاوکات سەرچاوە بنەڕەتیی و ناوەندییەکان و تێگەیشتن لەو زەمیینەیەی کە تێیدا نووسراون، چۆن جیابکەنەوە.
بۆ نموونە شیکردنەوەی نووسینەکانی کۆنفۆشیۆس، تێگەیشتن لە زەمینە کۆمەڵایەتی-سیاسییەکانی (چینی کۆن) و ئەو لایەنگرییانەی کە لە دەقەکانی کۆنفۆشیۆسدا هەن، لەخۆدەگرن. بۆیە ئەم هەڵسەنگاندنە ڕەخنەگرانەیەی سەرچاوەکان بۆ پەرەپێدانی دیدێکی ڕۆشنگەر و هاوسەنگ گرنگییەکی ئێکجار گەورەی هەیه.
=KTML_Bold=C) تێگەیشتن لە هۆکار و دەرئەنجامەکان:=KTML_End=
مێژوو فێرخوازان فێر دەکات، لە چۆنێتی کارلێکە ئاڵۆزەکانی ئەو هۆکارانە تێبگەن، کە لە ڕووداوە مێژووییەکاندا پشکداریی دەکەن. ئەمەش تێگەیشتنی هۆکارە جیاوازەکان و دەرئەنجامە ماوەدرێژەکانی کردار و سیاسەتەکان لەخۆدەگرێت.
بۆ نموونە لێکۆڵینەوە لە شۆڕشی پیشەسازیی، تێگەیشتنێکی ورد لە هۆکارە ئابووری و تەکنەلۆژی و کۆمەڵایەتییەکان دەخوازێت. بۆیە دەبێت فێرخوازان لە چۆنێتی کارلێککردنی ئەم هۆکارانە بە یەکەوە بۆ بەرهەمهێنانی گۆڕانکاریی بەرچاوی کۆمەڵگەیی تێبگەن، وەک شارنشینی و بزووتنەوە کرێکارییەکان.
=KTML_Bold=D) هاوسۆزی و هۆشیاری کەلتووریی:=KTML_End=
توێژینەوەی مێژوو لە ڕێگەی بەرکەوتنی فێرخوازان بە ئەزموون و دیدگای کەسان و قۆناغە کاتییە جیاوازەکان، هاوسۆزیی و هۆشیاری کەلتووریی بەهێز دەکات.
=KTML_Bold=گەشەپێدانی هاوسۆزیی:=KTML_End=
توێژینەوە مێژووییەکان ئەو هەلە بۆ فێرخوازان دەڕەخسێنن، کە لە مرۆڤی (سەردەم) و (کەلتوور)ە جیاوازەکان تێبگەن و دواتر هاوسۆزییان بۆیان هەبێت. دیارە ئەم هاوسۆزییە بۆ قەدرزانینی ئەزموونە جۆراوجۆرەکانی مرۆڤ گرنگییەکی بەرچاوی هەیە.
بۆ نموونە لێکۆڵینەوە لە مێژووی ئاپارتاید لە باشووری ئەفریقا، تێڕوانینێک دەربارەی خەبات و خۆڕاگریی ڕەشپێستەکانی ئەفریقای باشوور فەراهەم دەکات. بۆیە تێگەیشتن لە ئەزموونەکانیان، هاوسۆزیی و قەدرزانی قووڵتر دەربارەی خەباتەکەیان بۆ بەدیهێنانی مافە مەدەنییەکان و دادپەروەریی درووست دەکات.
بەمشێوەیە توێژینەوەی مێژوو تەنیا بۆ فێربوونی کات و ڕووداوەکان نییە؛ بەڵکوو مومارەسەیەکی گۆڕانکارییە، کە تواناکانی خوێندنەوە و نووسین بەرز دەکاتەوە و هانی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی دەدات و هاوسۆزیی و هۆشیاری کەلتووریی گەشەپێدەدات. هەموو ئەمانەش تیشک دەخەنە سەر ڕۆڵی گرنگی مێژوو لە گەشەپێدانی کارامەیی کەسیی و ئەکادیمیدا.[1]