ناو: عەبدوڵڵا
نازناو: عەبدوڵڵا ئاغاى گۆرۆنى
ناوی باوک: حەمەد مەلا ئەحمەد
ڕۆژی لەدایکبوون: 1905
ڕۆژی برینداربوون: #13-09-1961#
ڕۆژی شەهیدبوون: #14-09-1961#
شوێنی لەدایکبوون: گوندى گۆرۆنى سەربە شارۆچکەی #چۆمان#ى پارێزگاى #هەولێر#
شوێنی شەهیدبوون: ئەشکەوتێکی گوندی کۆیلە، شارەدێی #قەسرێ#، شارۆچکەی #سۆران#، هەولێر
$ژیاننامە$
عەبدوڵڵا حەمەد مەلا ئەحمەد، ناسراو بە عەبدوڵڵا ئاغاى گۆرۆنى، ساڵى 1905 لە گوندى گۆرۆنى سەربە شارۆچکەى چۆمانى پارێزگاى هەولێر لەدایکبووە، ڕیش سپى گوندى گۆرۆنى بووە، ساڵى 1941 لە تەمەنى لاوێتیدا پەیوەندی بە ڕیزەکانی ڕێکخستنی #حزبی هیوا# دەکات، بە هاوکاری چەند کەسایەتیێکی دیاری ناوچەی باڵەکایەتی چەندین چالاکی سیاسی ئەنجام دەدەن، ئەوان بەردەوام دەبن لە کاری ڕێکخستن تا ئەو کاتەی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە #مەهاباد# دادەمەزرێت، دواى دامەزراندنى کۆمار عەبدوڵڵا ئاغای گۆرۆنی کوڕە گەورەکەی خۆی مەلا ئەحمەد لەگەڵ چەند لە دۆست و خزمانی دەنێرێتە مەهاباد بۆ بەشداریکردن و بەرگریکردن لە کۆماری دیموکراتی کوردستان، خۆیشی چەندین جار بە مەبەستی ئاگاداربوون لە ڕەوشی شۆڕش و ئەندامانی حزب پەیوەندییان پێوە دەکات، لەوێشەوە لەگەڵ سەرکردە و کەسایەتییە سیاسییەکانی کوردستان کۆدەبێتەوە و هەواڵی باشووری کوردستانیان پێڕادەگەیەنێت و هاوسۆزی و هاوکاری خەڵکی کوردستانیش بۆ شۆڕشی پێشەوا دوپات دەکاتەوە.
دوای ڕووخاندنى کۆماری دیموکراتی کوردستان لەلایەن ڕژێمی شای ئێران، پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوامی بە شۆڕشەکە دەدەن بە سەرۆکایەتی جەنەرال #مەلا مستەفا بارزانی#.
لەو کاتەدا لەبەر ئەوەی هەڵکەوتەی جوگرافیای گوندی گۆرۆنی لەبار بووە، دەبێتە پێگەی پێشمەرگە و بەشێک لە کەسایەتییە سیاسییەکانی گەڕاوە لە کۆماری دیموکراتی کوردستان لەوێ نیشتەجێ دەبن، خەڵکی ئەو ناوچەیەش بەو پەڕی ڕێزەوە لە باوەشیان دەگرن.
دوای ڕووخاندنى کۆماری دیموکراتی کوردستان و ڕێڕەوە مێژووەکەی مستەفا بارزانی و هەڤاڵانی بۆ یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو، شەهید عەبدوڵڵا و چەند هەڤاڵێکی بۆ ماوەیەک لە چیاکانی ناوچەی باڵەکایەتی دەمێننەوە هەتا ئەو کاتەی بارودۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە، ئینجا دەگەڕێنەوە گوندی گۆرۆنی و بۆ جاریکی تر درێژە بە کاری پارتایەتی دەدەن.
عەبدوڵڵا ئاغای گۆرۆنی لەگەڵ مەلا تەهای شێخ وەتمان و حاجی ئاغای کۆسرەتان و مامەند ئاغای دێڵزی و مینەی عالی ئاغای ڕایەتی، سەرپەرشتی ڕێکخستنەکانی حزب لە ناوچەکەدا لە ئەستۆ دەگرن و خەڵکێکی زۆر لە دەوری ڕێکخستنەکانی #پارتی دیموکراتی کوردستان# کۆ دەکەنەوە، هاوکات شەمسەدین موفتی و حەمەسوور فەرەجیش بۆ ماوەیەک لە گوندی گۆرۆنی ماوەنەتەوە.
دوای ئەوەی مەلا مستەفا بارزانی و هەڤاڵانی لە یەکێتی سۆڤیەت دەگەڕێنەوە، شەهید عەبدوڵڵا و کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایینییەکانی دەڤەری باڵەکایەتی بۆ پێشوازی و بەخێرهێنانەوە سەردانی بەغدا دەکەن. هاوکات عەبدوڵڵا ئاغا پەیوەندی بەردەوامی لەگەڵ شێخ ئەحمەد بارزانی هەبووە و چەندین جار لە ڕێگای ئامۆزایەکى بە ناوی حاجی ئەحمەد شێخانی نامەیان لەگەڵ یەکتر گۆڕیوەتەوە.
پاش ئەوەی عەبدولکەریم قاسم کەوتە ژێر کاریگەریی عەرەبە شۆڤێنییەکان و لە بەڵێنەکانی لەگەڵ کورد پاشگەزبووە و جەنەراڵ مستەفا بارزانی گەڕایەوە بارزان، لە ڕێگای حەمەد ئاغای دۆڵەمەری نامەیەک دەنێرێت بۆ کەسایەتییەکانی ناوچەی باڵەکایەتی، لەو نامەیەدا داوای لێکردوون خۆیان ئامادە بکەن بۆ هەڵگیرسانی شۆڕش، بەم هۆیەوە بەشێکیان دەکەونەخۆ بۆ ئەوەی بە پێی پلان و نەخشە هێرش بکەنە سەر بارەگاکانی ڕژێم. ئەوە بوو لە یەکەم کڵپە وبڵێسەی شۆڕشی ئەیلوولی مەزندا کە لە 11ى ئەیلوولى 1961 هەڵگیرسا، شەهید عەبدوڵڵا ئاغا و چەند پێشمەرگەیەک کە بەسەر چەند قۆڵێکدا دابەشکرابوون، لە 12ى ئەیلوولى 1961 هێرشیان بردە سەر شارەدێی باڵەک (گەڵاڵە) و لە قۆڵێکی تریش بۆ قشلی ڕایات، ئەو قۆڵەی کە شەهید عەبدوڵڵا سەرپەرشتی دەکرد توانیان گەڵاڵە ئازاد بکەن و ئەم دەسکەوتانە بۆ هێزی پێشمەرگە بە دەست بخەن، (42 تفەنگی ئینگلیزی، 2 ڕەشاش برین، 1800 دیناری ئێراقی ئەو کات)، بەمەش ورەی هێزی پێشمەرگە بەرز دەبێتەوە. لە دوای ئەوە حکومەت هێزێکی زۆری جاش و سەرباز دەنێرێتە ئەو ناوچەیە بۆ ڕێگریکردن لە شۆڕش، لە نزیک گوندەکانی ناوکێلەکان و پاشکۆز و حافیز لە 13ى ئەیلوولى 1961شەڕێکی قورس ڕوودەدات و ڕژێم بە تۆپ و فڕۆکە بەتوندی ناوچەکە بۆردوومان دەکات، لە هەموو ئەو شەڕانەدا عەبدوڵڵا ئاغا بەشداردەبێت، تا لە دواجار لە گوندی ناوکێلەکان لە سێیەم ڕۆژی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول بریندار دەبێت و دەگوازرێتەوە بۆ دۆڵی باڵەیان و لەوێ لە گوندی کۆیلە لە ئەشکەوتێکدا لەلایەن حاجی کوێخا کە پزیشکێکی میللی ناوچەکە بووە تیمار دەکرێت، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە بەرگە ناگرێت و شەهید دەبێت ولەبەر بارودۆخی نالەباری ئەو کات، ناتوانرێت تەرمەکەی بگوازرێتەوە بۆ زێدی خۆی بۆیە هەر لەوێ بە خاک سپێردرا.[1]