[جەژن دەڵێت]
(پەیامی جەژن خۆشەویستی و تەباییە)
جەژنە، جەژنە، دیسانەوە... خۆشی خستە ناومانەوە... شارو دێ خۆی ڕازانەوە... لاو بەڕانک و چۆغەی کوردی و پیر بەلفکەی جامانەوە... یاران هەور و باران سڵاو... لەگەڵ تامی گۆشت و پڵاو... دەیبارێنن بۆنی گوڵاو.
جەژن ڕۆژێکی تازەیە... بۆ قەڵای ڕۆتینی ژیان دەروازەیە... لە تەمەندا دانسقەیە و، لە خۆشیدا ناوازەیە... جوانییەکەی بێ ئەندازەیە... جەژن خەڵاتە دیارییە... زایەڵەی (أَلله اکبر) بەستەی سوپاسگوزارییە... گسکدەری بێزارییە... ئاهەنگێکی ئیمانییە... لە بازاڕی براییدا خەندە و سڵاو هەرزانییە... هەرزانییەک وێنەی نییە... کەس جەژنی وەک ئێمەی نییە... یەکڕیزیە و تەباییە... کەرنەڤاڵێکی شادییە... بە هەر لایەکدا دەڕوانی تەوقە و گەردنئازادییە.
ئێمە کاتێک جەژن دەکەین... ناوی (أَلله) شکۆدار و مەزن دەکەین... بە ئیمانەوە بە پێزین... لە جەژنیشدا هەر بەڕێزین... سنووری خوا دەپارێزین.
جەژن دەڵێ: بە خۆشەویستی دڵی یەک داگیر بکەن... هەڵەی یەکتر لە بیر بکەن... دڵی یەکتر زویر مەکەن... برا بن... بۆ یەک چرا بن... دوور لە کێشە و لە هەرا بن... بەخەم یەکتری پیر مەکەن... لەعنەت لە شەیتانی لەعین... نایەڵێ ئاسوودە بژین... دوورتان دەخا لە ڕێگەی دین... ئەگەر بێدار و بە هۆشن... ئەمڕۆ جەژنە، چاو لە ڕابردوو بپۆشن... شەڕ مەکڕن و مەفرۆشن... پۆشاکی تەقوا بپۆشن... بۆ یەک ئامانج –کە بەهەشتە– تێبکۆشن... بە دنیا دەسخەڕۆ مەبن، تاسەر نابێ دنیای ڕۆشن.
بەڵێ گیانە... دوای ئەو مەشق و ڕاهێنانە... کە پڕ بوو لە پەند و وانە... دوای ئەو نیگارە جوانانە... ئەمڕۆ ئێمە جەژنمانە... ئاهەنگە، شادی گێڕانە... گوڵبارانە... داهێنانە... پڕ لە وانەی بەرز و جوانە.
جەژنە، جەژنی ئیمانییە... هەژار لەگەڵ دەوڵەمەنددا برابەشە، یەکسانییە... لەم جەژنەدا سەرفیترە و لەویان قۆچی قوربانییە... جەژنی خەڵکی تر وانییە.
کە جەژن دێ، ڕوو لە گوند و لە شارەکا... لە دڵ و دەروون کارەکا... نیشتمان بە بەهارەکا... خەم بارەکا... میوان لێرە ڕوو لەو گوند و لەو شارەکا... کوڕ بەلفکەی جامانەوە بەدوای بابیدا غارەکا... کیژیش کراسە کوردییەکەی سوور لە گوڵی هەنارەکا... ڕێچکەی میوان وەکوو ماسی تۆمارەکا... جا کێ لە کێ زویر بووە، نەفرەت لە نەفس و شەیتانی غەددارەکا... بۆ ئاشتبوونەوە غارەکا... ئەوە گوناحی کارنامەی بژارەکا... زامی دەروون ساڕێژەکا... کۆشکی تەقوا لەناو دڵدا دیوارەکا... پیرۆزی بێت کەلەلای خوا پلەی نایاب تۆمارەکا.
جەژن بۆ خۆنەویستییە... ئاشتی فەرمانی خواییە و کرۆکی خواپەرستییە.
جەژن هەڵە دەشواتەوە... گرێی کینە دەکاتەوە... کێ دڵی پاک ناکاتەوە... جوابی سڵاوی ئەم و ئەو ناداتەوە... هەر پیشی خۆی دەخواتەوە... پەڕەی کۆن هەڵدەداتەوە... بیر لە تۆڵە دەکاتەوە... ئەوە واوەیلا بە حاڵی... نە لە ئیسلام بووە حاڵی... نە جەژن دەچێتە ماڵی.
کەی بەڕۆژووین و حەج دەکەین... کەی بۆ خودا ملکەچ دەکەین... کەی لەگەڵ شەیتان جەنگ دەکەین... جەژنمانە و ئاهەنگ دەکەین... کەی بە تەقوا و چاکەخوازی... خوا لە خۆمان دەکەین ڕازی... کەی لە پێڕی هەژارانین... لە ڕیزی بڕوادارانین... خێرخواز وەک نەرمەبارانین... کەی سەرڕاست و دادپەروەرین... کەی عەوداڵی پێغەمبەرین... دادپەروەرین... لە ستەمی ڕۆژگار بەرین... ئەوسا دڵ پڕ لە سۆزەکەین... پڕ بە چاو و دڵ و دەممان جەژنی یەکتر پیرۆزەکەین.
هۆزانەوان: #مەلا غەریب پێنجوێنی#
دیوانی: #هەنسک و هیوا#. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=