[بەرەو تەوحید دەشنێنەوە]
(ناوە جوانەکانی خوا دەدرەوشێنەوە)
کاروان! دیسان وا هاتەوە... نەک بە نوقڵ و نەباتەوە... بە هەگبەیەکی لێوانلێو لە (ئەسماء) و (سیفات)ەوە... بۆ (تەجەللا)ی ناوی زاتێ، دڵ بە ناوی ئەو لێدەدا و، خونچە پەڵاسی دەدڕێ و چاو وازەکا... هەور چەخماخە لێدەدا و، بەهار ئاهەنگێ سازەکا... چاو لە جوانییەکەی تێر نابێ و، گوێ مەیلی سەد ئاوازەکا... باڵدار دێنە بەزم و سەما، کوللە هەر بازەوبازەکا... هەنگیش پلوورە جێ دێڵێ و بۆ ماچی گوڵ پەروازەکا.
تەنها، تەنها، ئەو خودایە... بە حاڵی هەمووان ئاگایە... بەدیار و نادیار زانایە... ئەو کارلەجێیە و توانایە... بیسەر و بینا هەر ئەوە، بە دەستەڵات و توانایە... بۆ لێقەوماوان هانایە... ڕازی هەمووانی لەلایە... پادشای دادپەروەر ئەوە... بڕیاری کورت و کۆتایە... هەر ئەو پەنای بێپەنایە... کارێک نەیەوێ پێکنایە... پادشای هەردوو دنیایە... خێر هەر لە دەستی ئەودایە.
خاوەنی حەقیقی ئەوە... (حَيُّ قَيُّومُ) هەر خۆیەتی، مەرگ و ژین بڕیاری ئەوە... سوود و زیان بە دەست ئەوە... چەرخێنەری وەرزو مانگ و ڕۆژوو شەوە... فەرمانی (کُنْ فَيَکُونُ)ی بە پڕتەوە.
هەرچییەک ڕوونە یان لێڵە... ڕاستییە یان فرت و فێڵە... لەسەر ڕێی ڕاستە یان وێڵە... گەورە و گچکەی لێ دیارە... غەیب و ئاشکرای یەک بارە... هەمووی لە لایدا تۆمارە.
ئەی خودای من... تاک و مەزن... تۆی پەلەوەر لە هێلکەدا درووست و چاودێری دەکەی... هێشتا بێچووی هێلانەیە، هەرچی پێویستی ژینی بێ، فێری دەکەی... بەیانی بەبرسی دەفڕێ و ڕۆزی خۆی بۆ دەنێری و تێری دەکەی.
هەر سپێدەی بەیانییەک... دەریا و ڕووبار و کانییەک... هەر ڕوەک و زیندەوەرێک... هەر چۆڵی و ئاوەدانییەک... کاتێ گوڵ دەگەشێنەوە... کاتێ کە دار دەژێنەوە... کاتێ مەل دەگەڕێنەوە... ئەلیکترۆن و، ئەستێرە دەسووڕێنەوە... ناوە جوانەکانی تۆیە تیایاندا دەدرەوشێنەوە... تەسبیحاتی زاتت دەکەن، بۆ کڕنۆش دەچەمێنەوە... (أَفِي أَلله شَکٌّ) دەڵێن، بەرەو تەوحید دەشنێنەوە... بێ کلیلی ناوەکانت ڕاز و نهێنی ئەم ژینە ناکرێنەوە... پرسیاری ژیان و مردن بە تۆ نەبێ بە کەس وەڵام نادرێنەوە.
(ٱللَّهُ أَحَدٌ) هەر ئەتۆی... (لَمْ يَلِدْ) کەست لێ نابێ، (وَلَمْ يُولَدْ) لە کەس نەبووی... ئەبەدیت و هەر دەمێنی، ئەزەلیت و تۆ هەر هەبووی.
(الْمُنْتَقِم) هەر تۆی و بەس، کە خەشمی خۆت بە کارەخەی... چەوساوە و مافخوراوەکان لە چەوسێنەر ڕزگارەکەی... (جَبَّار)ی هەر خۆت ئەزانی، باری زاڵم چۆن لارەکەی... دەیکەیتە پەندی زەمانە و کورسییەکەی سەرەوخوارەکەی.
(اللَّطيف) سۆزت گشتکیرە، کە زستان بە بەهارەکەی... بە سەوز و سوور و شین و ئاڵ، سرووشت پڕ لە نیگارەکەی... شاردەکەی بەچۆڵەوانی و، چۆڵەوانیش بە شارەکەی... نگین بە محەممەد دەدەی... یوسف بە خەزنەدارەکەی... هەژار دەوڵەمەند دەکەی و، دەوڵەمەندیش هەژارەکەی... (التَّوَّاب)ی بۆ گوناهبار، دەردی دڵی تیمارەکەی... کە قەرزار دێتە تالوکە، تۆی قەرزەکەی بۆ بارەکەی... (مُحْصِ) هیچت لێ ون نابێ، وتەو کارمان ئامارەکەی... بازاڕی دنیا هەڵدەگری، قیامەتێک بەرقەرارەکەی... بە بەهەشتە نازدارەکەت، خەڵاتی چاکەکارەکەی... خراپکاریش لە دۆزەخدا، ڕیسواهو دووچارەکەی.
هۆزانەوان: #مەلا غەریب پێنجوێنی#
دیوانی: #هەنسک و هیوا#. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=