[لە لای پێڵاوەکانتە]
(بۆ ڕۆژی دایک)
سڵاو، هەزار سڵاو دایە... هەتا ماوم قوربانت بم... بۆ ئەو هەموو فیداکارییەت بە ساقەی چاوەکانت بم... سوێند بێت تا بەسەر زیندوو بم، گوێڕایەڵی فەرمانت بم... بۆ نەخۆشی و پیری تەمەن، دەست بە کەوش و گۆچانت بم.
لە داماویمدا فیدام بووی... لە تەنهاییدا لەلام بووی... تاقە دەلیلی ڕێگام بووی... لە دوای خوا قەڵا و پەنام بووی... لە شەوی ژینا چرام بووی... پێدەری قوت و دەوام بووی... یەکەم مامۆستای دنیام بووی.
شانازیمە دایەی منی... من بەرهەم، تۆ کارگەی منی... بەڕاستی سەربازی ونی... خۆشەویستی دڵی منی... پەپوولەم تۆ گوڵی منی... پەککو! چەندە لام مەزنی... گیانم فیدای چاوانتە... مەقامی من لەچاو تۆدا، لە لای پێڵاوەکانتە.
تۆ دایەمی... دەسمایەمی... چەتر و سابات و سایەمی... تۆ مامۆستای لایلایەمی... دڵسۆزی ئەم دنیایەمی... تۆ وەسییەتی ئەو خوایەمی... کە بە مرۆڤ بەدیهێنام... تاجی ڕێز بوو لە سەرینام... پێغەمبەرێکی بۆ ناردم... جار لە دوای جار ڕایسپاردم... (بۆ خوداوەند بەندایەتی و، باب و دایکیش ڕەفتارجوانی) هەڵنەشاخێم بە ڕوویانا... ئۆفێک نەڵێم بەنادانی... خزمەتکار بم هەرچیم توانی... نەخوازەڵا لە پیریدا، ڕاخەم باڵی میهرەبانی.
ئەی دایە گیان! بەژان هەڵت گرتم و داتنام، پیس و پۆخڵ و گرینۆک... لوت چڵماوی و چاو بەڕیپۆق، کەچی لەجێی دوعا و چەپۆک... خزمەتی خۆت وەکوو باران... بەسەر سەرمدا داباران... ژیرت کردم، داتشۆردم، خاوێنت کردم... لە ئامێزتا پەناتدام و لەسینەت تێر شیرت کردم... دارەدارە دەستت گرتم... وشەوشە فێرت کردم.
(وَبَرًّا بِوَالِدَتِي) وتەی عیسا پێغەمبەرە... مافی دایک لە چاو باوک، گەورەیە و سێ بەرانبەرە... سەفا و مەروەی حاجی لە حەج، شاگردیی خاتوو هاجەرە.
کێ بێ ئەوەندە نەزان بێ... کە فەرمانی خوا بشکێنێ... وەک پاڵەوان خۆی بنوێنێ... بە دایکیدا هەڵشاخێت و وەکوو هەور بگرمێنێ... لەجیاتی نازی بکێشێ، بیڕەنجێنێ... شارای دینی بسووتێنێ... دەبا منداڵێک ببینێ کە لە دایکی دابڕاوە... چۆن وەک مەلی باڵشکاوە... وەک ماستێکی بزڕکاوە... قژە خاوەکەی شێواوە... تا ژیری بەر خۆی بێتەوە... وەک تەور خۆی نەبڕێتەوە.
هۆزانەوان: #مەلا غەریب پێنجوێنی#
دیوانی: #هەنسک و هیوا#. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=