ناو: مەحمود
ناوی باوک: ئەحمەد ڕۆستەم
ساڵی لەدایکبوون: 1965
ڕۆژی شەهیدبوون: #29-11-1989#
شوێنی لەدایکبوون: گوندی #کانێسکانی# بناری چیای سوورێنی سەربە شارەدێی #خورماڵ#ی پارێزگای #هەڵەبجە#
شوێنی شەهیدبوون: #بەغدا#
$ژیاننامە$
مەحمود ئەحمەد ڕۆستەم، ساڵی 1965 لە گوندی کانێسکانی بناری چیای سوورێنی سەربە شارەدێی خورماڵی پارێزگای هەڵەبجە لە دایکبووە، لە سەرەتادا گوندنشین بووە و سەرقاڵی کاری جوتیاری بووە، دواتر لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول لەلایەن ڕژێمی ئەو کاتی ئێراق گوندەکەیان وێران کراوە و بە زۆرەمڵێ نیشتەجێی نشینگەی باریکەی نزیک شارۆچکەی #سەیدسادق# کراون، خێزاندار بووە و خێزانی ناوی حەپسە عەبدوڵڵا بووە و خاوەنی یەک کچ بووە بە ناوی باخان.
ساڵی 1981 بووەتە کادری لێژنە ناوچەی #پێنجوێن#ی سەربە لقی چواری #پارتی دیموکراتی کوردستان#.
ساڵی 1984 بۆ ماوەی یەک ساڵ لە بەشی سەربازی لێژنە ناوچەی #دەربەندیخان#ی سەربە لقی چواری پارتی بووەتە پێشمەرگە.
ساڵی 1985 بە فەرمانی بەرپرسی لقی چواری پارتی گوازراوەتەوە بۆ لێژنە ناوچەی پێنجوێن و پلەی بەرپرسی شانەی پێنجی ناوچەکەی وەرگرتووە، لە هەمانکاتدا کراوەتە بەرپرسی چالاکییە پارتیزانییەکانی ناوشار.
بەشداری کۆمەڵێک چالاکی و نەبەردی پارتیزانی کردووە کە دیارترینیان هێرشکردنە سەر بنکەی پۆلیسی سەیدسادق، هێرشکردنە سەر مونەزەمەی قەرەگۆل، بۆسەی قەرەگۆل بووە.
ساڵی 1988 مەحمود ئەحمەد ڕۆستەم و چەند هەڤاڵێکی لەسەر ڕێگەی نێوان هەڵەبجە-#سلێمانی# و لە ئاست گوندی قەرەگۆلی دەشتی #شارەزوور#، بۆسەیان بۆ کاروانێکی سەربازی ڕژێمی #بەعس# داناوە و توانیویانە چەند ئۆتۆمبێلێک بسووتێنن و کاروانە سەربازیەکە تێکبشکێنن کە لەم چالاکییەدا مەحمود ئەحمەد ڕۆستەم هەڵگری چەکی ئار پی جی بووە و ڕۆڵی باڵای هەبووە لە سووتاندنی ئۆتۆمبێلەکان، دوای ئەم چالاکییە گەورەیە لە ئەمنی گشتی بەغدا دەستەیەک لە ئەمنی سلێمانی و هێزی تایبەت ڕاسپێردراون بۆ لێکۆڵینەوە و دەستگیرکردنی بکەرانی، هەر بۆیە مەحمود ئەحمەد ڕۆستەم و چەند هەڤاڵێکی بە ناوەکانی فەهمی حەمە ڕەحیم، جەبار ئەحمەد ساڵح، محەمەد حەمە کەریم، خالید عەلی، والی مەحمود عوسمان لە سەیدسادق و گوندەکانی چواردەوری دەستگیر کراون، دوای یەک ساڵ زیندانی لە ئەمنی سووری سلێمانی گوازراونەتەوە بۆ ئەمنی گشتی #کەرکووک# بۆ دادگاییکردن و دواتر ڕەوانەی گرتووخانەی #ئەبوغرێب# کراون بۆ جێبەجێ کردنی فەرمانی دادگا.
لە 29-11-1989 لە گرتووخانەی ئەبوغرێب مەحمود ئەحمەد ڕۆستەم و هەڤاڵێکی بەناوی #محەمەد حەمە کەریم# لە سێدارە دراون و شەهید بوونە.[1]