=KTML_Bold=یاریکردن بە ئاگر!=KTML_End=
#نووری بێخاڵی#
بیانووەکان هەرچییەک بن، ناتوانن پاساوی ئەو راستییە بدەنەوە کە شەنگال و مرۆڤەکانی بوونە قوربانی بێپلانی سەربازی. روونتر بڵێین، ئەوەی لە
شنگالشنگال روویدا، هەر ناوێکی لێبنرێت ئاساییە، پاشەکشەی بێبەرنامە، راکردن، یان هەر ناوێکی دیکە، بەڵام هەرگیز تاکتیکێکی سەربازی نەبوو.
ئەوانەی ئەم پاساوەش بۆ کشانەوەکە دەهێننەوە، دەیانەوێ لەلایەک شکستی سەربازی پارتی لە ناوچەکە پەردەپۆش بکەن، لەلایەکی دیکەش پاساوەکەیان هەوڵێکە بۆ دڵنەوایی قوربانییەکان و خاوکردنەوەی توڕەیی و کاڵکردنەوەی نیگەرانی کوردانی ئێزدی. دیوێکی شەرمهێنی ئەو شکستە ئەوەیە، کە هێزگەلی دیکەی سیاسیی ناوخۆ و کوردستانی و عێراقی نان و پیازی پێوە دەخۆن، یان روونتر بڵێین بازرگانی سیاسی پێوە دەکەن. هێزگەلێک بۆ ئەوان قوربانییەکانی چیای شنگال ئەو بەها مرۆییەیان نییە، بەقەد ئەوەی ئەو قوربانییانەیان کردووەتە و دەکەنە کراسی یوسف بۆ لە شکۆ دانی پارتی، کە هەر ئەمەشە وادەکات کەسی چاودێر و وردبین بە ئاسانی قسە لەسەر ئاراستەی رووداوەکان نەکات.
هەر لەو گۆشەنیگایەوە دەکرێ بڵێین، ئەو شکستە سەربازییەی پارتی، کە قوربانییەکی زۆری خەڵکی سڤیلی لە منداڵ و پیر و پەککەوتەی ئێزدی لێکەوتەوە و بواری بۆ چەتە و تیرۆریستەکانی #داعش# خۆشکرد دەستیان بچێتە خوێن و کەرامەتی زۆربەی خەڵکی ناوچەکە، بەڵام نە دڕندەیی و تاوانکارییەکانی داعش و نە کارەساتە مرۆییەکەی شنگال و نە دڕدۆنگی و بازرگانیکردنی سیاسی ئەم هێزی کوردی و ئەو هێزی عێراقی بە شکستی سەربازی پارتی و مەینەتی قوربانییەکان، ناتوانن راستییەکی دیکەی نێو هاوکێشەی ئەو شەڕە بشارنەوە، بەوەی کە کوردستان و بەتایبەتی #پارتی دیموکراتی کوردستان# بە بەرنامە و بێدەستی خۆی خرانە نێو شەڕەکە. بۆیە خودی شکستەکە، کە دەکەوێتە ئەستۆی پارتی، پێویستە بۆ کاتی خۆی قسەی خۆی لە بارەیەوە بکات، وەلێ ئەوەی دواجار لە شەڕەکەدا بۆ پارتی دەمێنێتەوە ئەوەیە، کە پارتی جیاواز لە هەموو هێزەکانی ناو هاوکێشە و گەمە سیاسییەکە، شانی دایە بەر ئەرکەکە و شەڕەکەی لەپێناو کورد و کوردستان کرد و وەکو ئەوانی دیکە شەڕی بە وەکالەتی نەکرد!
دیوێکی دیکەی گرنگی ئەو جەنگە ئەوەیە، کە راستە لەلایەنی سەربازی و پێشمەرگایەتییەوە شکستەکە بەسەر پارتیدا ساخ بووەوە. وەک چۆن لایەن و رەهەندێکی شاراوەی تێهەڵقورتاندنی پارتی لە شەڕەکە، هەوڵێکی جیددی بوو بۆ ئەوەی بیهێننەژێر باری پڕۆژەی بەیەکپارچەیی هێشتنەوەی عێراق و خەفەکردنی پڕۆژەی بڕیاردانی مافی چارەنووس، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، بەردەوامی شەڕەکە و خۆکۆکردنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و بە خاوەن دەرکەوتنی پارتی و سەرکردایەتییەکەی و پێشمەرگەکانی لە شەڕەکە و ئاکامەکانی و خۆدانە بەر ئەم بەرپرسیارێتییە سەختەی بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی پڕ چەکی داعش، دواجار چ لەسەر ئاستی جەماوەری ناوخۆی کوردستان و چ لە باری سیاسی و دیبلۆماسی و لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهاندا، بە قازانجی پارتی شکایەوە.
بەپیرەوەچوونی زۆربەی هەرە زۆری هاونیشتمانییانی باشووری کوردستان بە سەرجەم چین و توێژەکان و لە ناوچە جیاوازەکان بۆ هێزی پێشمەرگە و نیشاندانی ئامادەییان بۆ بەرگریکردن وەک هێزی پشتیوانی و چوونە سەنگەرەکانی رووبەڕووبوونەوە، ئەو دەسکەوتە گەلێرییە بوو، کە پارتی لە ئاستی شەقامی کوردستاندا بۆ خۆی مسۆگەرکرد، ئەمە لەلایەک. لەلایەکی دیکە، سوریا کە گرووپە چەکدارە تیرۆریستی و جیهادییەکانی وەک داعش و نوسرە و هاوشێوەکانیان زیاتر لە سێ ساڵە کردوویانەتە دۆزەخ، عێراقێک کە قاعیدە و سوپای نەقشبەندی و ئەنسارولئیسلام و پاشان داعش کردوویانەتە گۆمی خوێن، چش لە زۆر وڵاتی دیکەی ناو شەپۆڵی بەهاری عەرەبی، کە تیرۆر هاتە ماڵەکانیان و سووتاندنی و دەیانسووتێنێ، بەڵام نەمانبینی رای گشتی نێودەوڵەتی بە هانایانەوە بچن و بەرگرییان لێبکەن، کەچی گوتاری سیاسی و هەوڵە دیبلۆماسیەکانی هەردوو سەرۆکایەتیی هەرێم و حکومەتی باشووری کوردستان، کە لەسەر پارتی حیسابن، توانیان رای گشتیی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی ئەمریکا بە زووترین کات بهێننە ناو هاوکێشەکە، بەجۆرێک نەک هەر بە قسە هاوپشت و هاوکاری کورد و کوردستان بن، بەڵکو کۆمەکی چەک و تەقەمەنیش بە کوردستان بکەن و لە رێگای هێزی ئاسمانیشییانەوە، پشتیوانی هێزی پێشمەرگە بکەن و هاوکاری مرۆییش بگەیەننە خێزانە ئێزدییەکان، کە لە چیای شنگال سەرگەردان بوون.
ئەو شەڕەی کە ئەمریکا و ئێران ویستیان بە سوپای عێراق و هاوپەیمانە کوردەکانیان بیکەن، نەیانتوانی بیکەن، کەچی پارتی بە تەنیا شانی دایە بەر و وێشناچێت ئاوا بە ئاسانی واز لەو گرووپە چەکدارە تیرۆریستییە بێنێ، بەتایبەتی کە بە گوێرەی زانیارییەکان، هێزەکانی پێشمەرگە بە زۆرترین و ێشکەوتووترین چەک پڕچەک کراون و لەگەڵیشیدا بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە ئاسمانی شەڕ و پێکانی ئامانجە هەستیارەکانی داعش بەردەوامن. ئەمەو جگە لەو پشتیوانییە نێودەوڵەتییە بەرفراوان و گرنگەی وڵاتانی وەک فەڕەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا و کەنەدا و ئیتاڵیا، بەتایبەتی لەباری بەهاناوەهاتنی پەنابەرەکانی چیای شەنگال و گەیاندنی کۆمەک پێیان و هەوڵی فریاگوزاری بۆ دەربازکردنیان لەو مەینەتییەی تێیدا دەژین.
هەنووکە تادێت دیوە دۆزەخییەکانی گەمەکە ئاشکراتر دەردەکەون، بەتایبەتی دروستکردنی ئاستەنگ لەبەردەم پلان و بەرنامەکانی هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا وهێزەکانی پێشمەرگە بۆ ئازادکردنی شنگال لەلایەن گەریلاکانی #پەکەکە# و #شەڕڤان#انی #یەپەگە#، بە پاساوی هەماهەنگیکردن لەگەڵیاندا.
ئەوەی ئێستا پەکەکە و یەپەگە دەیکەن هیچ لۆژیکێک قەبوڵی ناکات، نە لۆژیکی سیاسی و نە سەربازی و نە جوگرافیش. ئەگەر ئەوان مەبەستییانە بەم هەوڵەیان ئەمریکا ببەنە ژێرباری هاوکاریکردنی کانتۆنەکانی رۆژئاوا لە رووبەڕووبوونەوەی داعشدا، ئەوە هەڵەیەکی گەورەیە دەیکەن، چونکە ئە پرسە دوو هاوکێشەی جیاوازن، ئەمە لەلایەک. لەلایەکی دیکە پشتگیریکردنی پەکەکە و یەپەگە لە بزووتنەوەی چاکسازی ئێزدی، کە بڕوایان بە کوردبوونی ئێزدییەکان نییە و مەشقپێکردن و راهێنان و چەکدارکردنی ئەندامانی بزووتنەوەکە، دەرگا کردنەوەیە بەسەر مەترسییەکی گەورەی ناکۆکی و ململانێی ناوخۆیی کوردستان، کە هەم دەڤەری شنگال و هەمیش کانتۆنەکانی ئەوان باجەکەی دەدەن و دەروازە لەبەردەم داعشدا خۆش دەکەن بۆشاییەکە بقۆزنەوە و زەبرێکی گورچکبڕ لە رۆژئاوا بدەن، ئەوە ئەگەر لەو ململانێیەدا وڵاتی دیکەی هەرێمایەتی نێنە ناو هاوکێشەکە و قوڕەکە لە پەکەکە و یەپەگە خەستتر نەکەنەوە، کە لەهەموو حاڵەتەکان ئەنجامەکان بە زیانی کورد و بە قازانجی داعش و داگیرکەرانی کوردستان تەواو دەبێت.
بەهەرحاڵ، ئەگەر پارتی لە سەرەتای شەڕەکەدا تووشی شکستی سەربازی بوو، ئەوا بە درێژەکێشانی شەڕەکە ئەو حزبە توانی لە بواری سیاسی و دیبلۆماسیدا زۆرترین دەسکەوتی بەدەست بێنێ و هەروا ئاسانیش نییە بەم وردە گەمانە، کە مەبەست لێیان فراوانکردنی پانتایی جوگرافی و جەماوەری و ۆتۆرێتەی سیاسی و سەربازی هێزێکی دیاریکراوە، پارتی دەستبەرداری ئەو دەسکەوتانە بێت، کە بەرهەمی هەوڵی سیاسی و دیبلۆماسی خۆیەتی و بەسەر گۆمی خوێنی پێشمەرگەکانی خۆی وەدەستی هێناون. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=