=KTML_Bold=سڤێتلانا لەناو جەنگەڵەکانی جەنگدا!=KTML_End=
#نووری بێخاڵی#
سڤێتلانا ئەلێکسیڤیچ (ڕۆژنامەنووس و نووسەر)، ساڵی 1948 لە شاری ئیڤانۆ - فڕانکیفسکی، لە ڕۆژئاوای ئۆکراینا لەدایک بووە. یەکەم بەرهەمی چاپکراوی، لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوودا بوو. ئەمڕۆش بەرهەمەکانی وەرگێڕدراونەتە سەر دەیان زمانی زیندووی جیهان. بەرهەمەکانی ئەم ژنە نووسەرە، زێدەتر دەچنە خانەی بەدواداچوونی ڕۆژنامەنووسی کە دواجار لە میانی دەقی ئەدەبی و بەتایبەتی ڕۆماندا، دایڕشتوونەتەوە. سڤێتلاتا لە پای نووسین و بەرهەمەکانی، ساڵی 2015 خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی پێ بەخشرا.
بەبۆچوونی شارەزایانی بواری ڕەخنەی ئەدەبی و ئەوانەی کار و لێکۆڵینەوەیان لەسەر کارەکانی سڤێتلانا کردووە، ئەو لە زمان و شێوازی گێڕانەوەکانیدا، لەژێر کاریگەریی (گۆگۆڵ و دۆستۆیڤسکی) دایە و درێژکراوەی هەمان قوتابخانەی ئەوانە.
خاڵی سەرنجڕاکێش لە بەرهەمە ئەدەبییەکانیدا کە بۆ چەندین زمانی زیندوو وەرگێڕدراون، ئەوەیە کە تەواوی نووسینەکانی بابەتی ڕۆژنامەنووسین. بابەتگەلێکن بەرهەمی دیمانە و هەڤپەیڤینی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کاراکتەرەکانی ناو ڕووداوەکان و بەدواداچوونی ڕۆژنامەنووسین، دواجار لە توێی دەقێکی ئەدەبیی ناوازەدا دایڕشتوونەتەوە. هاوکات ئەو ڕووخسارەی کە بەرهەمەکانی ئەم ژنەی پێ لە نووسەرەکانی دیکە جیا دەکرێتەوە، کارکردنیەتی لەناو جەنگ. جەنگ و ڕووداوەکانی، جەنگ و قوربانییەکانی، جەنگ و دەرهاویشتەکانی، جەنگ و ڕەهەندە سایکۆ - سۆسیۆلۆژییەکانی. واتە لە بەرهەمەکانیدا جەنگ و لەناویدا مرۆڤەکان، چەقی باس و گێڕانەوەن. گێڕانەوەیەکی وەهمی نا، گێڕانەوەیەک نا کە نووسەر لە خەیاڵی خۆیدا وێنای دیمەن و ڕووداوەکان و کاردانەوەیان لەسەر مرۆڤەکان کردبێت، بەڵکو گێڕانەوە لە دەمی کاراکتەرە ڕاستەقینەکانی ناو ڕووداوەکانی جەنگ خۆیان.
=KTML_Bold=شەڕ ڕوخسارێکی مێینەیی نییە=KTML_End=
ئەم ناونیشانە، ناوی یەکێک لە ڕۆمانەکانیەتی، لەم بەرهەمەیدا، نووسەر چیرۆکی ئافرەتەکانی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو دەگێڕێتەوە کە بەشداری جەنگی دووەمی حیهانییان کردووە. بۆ ئەم نووسینەی، گفتوگۆی ڕاستەوخۆی لەگەڵ سەدان لەو ئافرەتە سۆڤییەتیانە کردووە کە بە ئەرکی جیاواز، بەشداری جەنگەکە بوون. ئەگەرچی ئەم تەرزە نووسینە لە دونیای ئەدەبدا نوێ نییە، بەڵام بۆ سڤێتلاتا کە ئەو کاتەی نووسیویەتی تەمەنی (35) ساڵ بووە، سەرنجڕاکێش و لە ئاستێکی بەرزدا بووە. هەر بۆیە هەندێ لە نووسەران، بەرهەمەکانی ئەم ژنە ڕۆژنامەنووسە وەک شاکار دەنرخێنن. بە تایبەتی لە شێوازی گێڕانەوەی چیڕۆکەکان و زمانی داڕشتنەوەیان و ئەو خەیاڵە هونەرییەی تێیاندا بەرجەستەی کردووە. وەک ئەوەی خوێنەر لە کاتی خوێندنەوەیاندا، وا هەست دەکات، بۆ خۆی لە مەیدانی جەنگەکان و لەناو نەهامەتییەکانە و پێ بەپێی سەختییەکانی جەنگ ڕێ دەکات.
ئەگەرچی ئەم بەرهەمەی لە ساڵی 1983 دایە خانەیەکی چاپ و پەخش، بەڵام تا دەرکەوتنی بیرۆسترۆیکا، ڕۆشنایی چاپی نەبینی. هەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەیشی، نووسەرەکەی ڕووبەڕووی چەندین تۆمەت و ناوزڕاندن بووەوە. لەگەڵ ئەمەشدا لە پای ئەم بەرهەمەی خەڵاتی فەرمیی (گەنجانە)ی لە یەکێتیی سۆڤیەت پێ بەخشرا و دواتریش بۆ چەندین زمانی زیندووی جیهان وەرگێڕدرا، تەنانەت وەک کارێکی شانۆییش (کە هەر نووسەرەکە خۆی سیناریۆکەی داڕشتبووەوە)، لەسەر تەختەکانی شانۆ و شاشەکانی سینەما پەخش کرا.
=KTML_Bold=ڕۆڵەکانی زینک، یان کوڕەکانی ناو تابووتی زینک=KTML_End=
ئەگەرچی ئەم ڕۆمانەشیان گێڕانەوەی ئەزموونەکانی جەنگە، بەڵام جیاوازتر لەوەی پێش خۆی، سەربووردەی داگیرکاریی یەکێتیی سۆڤیەت لە ئەفغانستان (1979 - 1989) بوو. ئەو شەڕەی کە سوپای سووری سۆڤیەت چووە ناو ئەفغانستان و ساڵانێکی زۆر خوێنی مرۆڤی تێدا ڕژێندرا. بە گوێرەی قسەکانی نووسەر خۆی لەبارەی ئەم کارەیەوە، ئەمە بەرهەمێک بوو بەری ژانێکی سەخت و ئازارێکی تاقەتپڕووکێن. بەو پێیەی سڤێتلانا بە درێژایی چوار ساڵ و لە ناوچە جیاوازەکانی ئەفغانستان کە شەڕیان تێدا بوو، لە زاری شایەتحاڵەکانەوە، خەریکی کۆکردنەوەی چیرۆکەکان بووە و دیمەنەکانی کردوونەتە بابەتی ئەم نووسینە.
هاوکات لایەنێکی دیکەی ڕووداوەکانی ئەم نووسینە و چیڕۆکەکانی ناوی، تیشک دەخەنە سەر ئەو ترسە شاراوەیەی کە ناو هەموو خێزانێکی سۆڤیەتیی گرتبووەوە، بەتایبەتی ئەو خێزانانەی کوڕیان هەبوو. ترس لەوەی کوڕەکانیان بنێردرێنە بەرەکانی جەنگ لە ئەفغانستان و دواجاریش تەرمەکانیان لەناو (تابووتی زینک) بگەڕێندرێنەوە یەکێتیی سۆڤیەت. (کوڕەکانی ناو تابووتی زینک) گێڕانەوەی چاوەڕوانییە کوشندەکانی هاتنەوەی جەستەی سارد و سڕی گەنجەکانی یەکێتیی سۆڤیەتە. ئەو چاوەڕوانییە کوشندەیەی، وەک ترس و بیم و سام، چووبووە ناو هەموو ماڵێکەوە. ئەم بەرهەمەی نووسەر، هاوشێوەی بەرهەمەکەی پێشووی، هەر بە زوویی دەنگی دایەوە و بۆ زمانەکانی ئەڵمانی، ئینگلیزی، فەڕەنسی و ژاپۆنی وەرگێڕدرا.
=KTML_Bold=بە مەرگ سپێردراو=KTML_End=
چیرۆکەکانی ئەم ڕۆمانەی نووسەر، دیمەنی تراژیدیی دوای کۆتایی جەنگەکان بوون. چیرۆکەکانی خۆکوشتن، وەک بەشێک لە دەرهاویشتەکانی دوای جەنگ، یان جەنگەکان. دیمەنی خۆکوژییەکانی مرۆڤ کە بەرهەمی ئەو گۆڕانە لە پڕ و ناکاوانەی سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری بوون کە پارچە پارچەبوونی یەکێتیی سۆڤیەت بەدوای خۆیدا هێنانی. ئەم نووسینە ئەدەبیەشی کە دیسان بەدواداچوونێکی ڕۆژنامەوانی بوو، چەقی باسەکانی ئەو کاراکتەرانە بوون کە پەنایان بۆ خۆکوشتن بردبوو، بەتایبەتی دوای لێکهەڵوەشانەوەی ئەم وڵاتە پان و پۆڕە و دەرهاویشتەکانی. ئەم بەرهەمەی نووسەر بە زمانی ڕووسی بڵاوبووەوە و بە ماوەیەکی کەم وەرگێڕدرایە سەر چەندین زمانی دیکە.
=KTML_Bold=نوێژێک لە پێناو چێرنۆبل=KTML_End=
کارەساتی ئەتۆمیی چێرنۆبڵ لە ساڵی 1986 لای زۆربەمان ئاشنایە. خودی نووسەر بە هۆی ئەم ڕووداوەوە خوشکێکی لەدەست داوە و دایکیشی بینایی هەردوو چاوەکانی. ئەم کارەساتە و ڕووداو و قوربانییەکانی، لە یادەروەریی نووسەردا بە زیندوویی مانەوە، تا دواجار لە توێی ئەم دەقە ئەدەبییەدا یاداشتی کردن و وەک بەشێک لە مێژووی دڕندەیی مرۆڤ، دڕندەیی تەکنەلۆژیای کوشتن، هەروەها وەک بەشێک لە مێژووی وێرانکارییەکانی جەنگ، لە توێی ڕۆماندا، تۆماری کردن. لەم بەرهەمەیدا سڤێتلانا بە پشتبەستن بە ئەزموونەکانی خۆی و ژانی لەدەستدانی ئازیزانی، هاتووە بە وردەکارییەکی زۆر لە گێڕانەوەی ڕووداوەکان و بە زمانێکی سەرنجڕاکێش، نەفرینی تەکنەلۆژیا وێنا دەکات و دڕندەییەکانی دەگێڕێتەوە. سەرەڕای ئەو دەرهاویشتە و شوێنەوارە تراژیدییانەی ئەم ڕووداوە ئەتۆمییە، لە دەروونی مرۆڤایەتیدا جێیهێشتن، بە تایبەتی ڕزگاربووەکان، وێڕای سەلیقەی نووسەر لە دووبارە زیندووکردنەوەی دیمەنەکان لە توێی دەقێکی ئەدەبیدا، سەرباری وەرگێڕانی بۆ سەر زمانەکانی ئینگلیزی، ئەڵمانی، ژاپۆنی، سویدی و ئۆکرانی، هاوکات ڕۆمانەکە یەکێک بوو لەو پەرتووکانەی کە لە ئەمریکا دەنگدانەوەیەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و بەهۆیەوە خەڵاتی کۆمەڵەی ڕەخنەگر و ئەدیبانی ئەو وڵاتەی پێ بەخشرا.
نووسەر هاوشێوەی کارەکانی دیکەی، لەم بەرهەمەشیدا، بە درێژایی دە ساڵ و لە ماوەی جیاوازدا، سەردانی شوێنی ڕووداوەکەی کردووە و دیمانەی لەگەڵ زیاتر لە 500 کەسی ڕزگاربووی دەستی کارەساتەکە کردووە، تا ئەم کارەی لێ بەرهەم هێناوە.
=KTML_Bold=سەردەمی کەلوپەلە بەکارهێنراوەکان=KTML_End=
سڤێتلانا لەم بەرهەمەیدا باس لە هەرەسهێنانی یەکێتیی سۆڤیەت دەکات و وەک خەسڵەتی هەمیشەیی خۆی لە نووسیندا، لە میانی بەدواداچوونی ڕۆژنامەنووسیدا، بە دەمی ئەوانە قسە دەکات کە لە ژیاندا ماونەتەوە، یان ڕاستتر، مافی قسەکردنی بەوانە داوە کە دوای ئەو هەموو جەنگ و وێرانکارییانەی وڵاتەکەی، لە ژیاندا ماون. ئەوەی جێی سەرنجە، لە پای ئەم بەرهەمەی، خەڵاتی (ئاشتی) لە لایەن یەکێتیی ئەڵمانی بۆ بازرگانیی کتێب، هەروەها مێدالیای (هونەرەکان و ئەدەبی) فەڕەنسی وەرگرت. تەنانەت هەر ئەم پەرتووکەی بوو کە ڕۆڵێکی گەورەی گێڕا لەوەی سڤێتلانا بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ کاندید بکرێ و دواتریش لە ساڵی 2015 خەڵاتەکە وەربگرێ.
=KTML_Bold=سڤێتلانا و خەڵاتی نۆبڵ=KTML_End=
دەربارەی هۆکاری بەخشینی نۆبڵ بەم ژنە نووسەرە. ئەکادیمیای سویدی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کەوا لەسەر ئەو بنەمایەی سڤێتلانا چەندین تابلۆی مرۆیی نەخشاندوون کە بەهۆیانەوە تێگەیشتنمان بۆ سەردەمەکەمان قووڵتر دەکەنەوە، هەروەها لە ڕێگای نووسینە هەمەڕەنگەکانی کە تێیاندا ئێش و ژان و ئازایەتییەکانی ئەم سەردەمەمانی وێنا کردووە، هاوکات جۆرێکی نوێی لە ئەدەب بەرهەم هێناوە کە تێیدا نەک تەنیا لە کەرەستەی نووسینەکە، بەڵکو لە ڕوخساریشدا، سەرکەوتنێکی ڕاستەقینەی تێدا بەدەست هێناوە، کەواتە سڤێتلانا شایستەی ئەم خەڵاتەیە.
=KTML_Bold=سڤێتلانای خائین!=KTML_End=
ئەم نووسەرە ژنە لەسەر نووسینەکانی تووشی زۆر هەڕەشە و مەترسی و چەرمەسەری بووە. هەروا بە ئاسانی و بەبێ دەردی سەری، خۆی و نووسینەکانی بەم ئاستەی سەرنجڕِاکێشانی خوێنەران و بایەخی ڕەخنەگران نەگەیشتوون، بەتایبەتی لە پەیوەست بە قسەکردن لەسەر ئەو بابەتە هەستیارانەی لە مێژووی یەکێتیی سۆڤیەت و جۆری مامەڵەی دەوڵەت لەگەڵ ڕووداوەکان و چۆنێتی کاریگەرییان لەسەر ژیانی گشتیی خەڵک هەیبوو. تا ئەوەی، بە گوێرەی قسەکانی (جیرارد هوار)، لە خانەی چاپ و پەخشی (دۆبل دای)، وەک کەسایەتییەکی خیانەتکار و نانیشتمانی سەیری سڤێتلانا دەکرا، بەتایبەتی دوای چاپ و بڵاوبوونەوەی پەرتووکی کوڕەکانی زینک.
=KTML_Bold=سڤێتلانا، کەرەستە و شێوازی نووسین=KTML_End=
سەبارەت بەو شێوازەی لە نووسینەکانیدا پەیڕەوی لێ دەکات کە تێکەڵەیەکە لە ئەدەب و ڕۆژنامەگەری، سڤێتلانا دەڵێ: سروشەکەیم لە گێڕانەوەی چیرۆکئامێزی کلاسیکیی ڕووسی وەرگرتووە. بڕیارم دا لەو ماددە خاوانەی کە بە دەوروبەرمدا پەرش و بڵاوببوونەوە، بە جۆرێک هەر کەسێک دەقێکی تایبەت بە خۆی هەبوو، چیرۆکەکانی شەقام کۆبکەمەوە.
هاوکات ئاماژەی بە ویست و خواستی خۆی داوە بۆ دۆزینەوەی شێوازێکی ئەدەبی کە لە ڕێگایەوە بتوانێ ژیان و دەنگ و ڕەنگی خەڵک لە چەقی ڕووداوە مێژووییەکاندا وێنا بکات و دەنووسێ: بە شوێن جۆرێکی ئەدەبدا دەگەڕێم کە لەگەڵ ڕوانگەم بۆ جیهان بگونجێ. بۆ ئەوەی ئەو شتە بۆ خوێنەر بگوازمەوە کە چۆن گوێیەکانم دەیانبیستن و چاوەکانم دەیانبینن. هەوڵم دا ئەم کارە بکەم، دواجار شێوازێکم هەڵبژارد کە تیایدا خەڵک خودی خۆیان بدوێنن. واتە من مێژوویەکی وشکی ڕووداو و ڕاستییەکان ناگێڕمەوە، بەڵکو مێژوویەک بۆ هەستە مرۆییەکان دەنووسمەوە.
زێدەتر دونیابینی و تێگەیشتنی خۆی بۆ شێوازی نووسین دەخاتە ڕوو و دەڵێ: تا ئێستاش لە ماڵەکەم، لە بیلاڕووس دەنووسم، بۆ ئەوەی بتوانم گوێم لەو قسانە بێت کە خەڵک لە شەقام، لە قاوەخانەکان، یان لە ماڵە دراوسێکان دەیکەن. بەردەوام گوێم بۆ قسەی دراوسێکەمان ڕادەدێرم، ئەگەر گوێ لەو دەنگانە ڕانەگرم، ڕیتمی نووسینەکانم ڕاستەقینە نابن. بۆیە هەرگیز دوورکەوتنەوە لە خەڵک، بژارەیەکی باشی من نەبووە.
=KTML_Bold=پەیامی نووسەر=KTML_End=
سڤێتلانا دەیەوێ لە ڕێگای ئەم زمان و شێواز و نووسینەوە، لە میانی گێڕانەوەی ئەم دیمەن و ڕووداوانەوە، لە چوارچێوەی وێناکردنەوەی ئەم وێرانکارییانەی بەسەر مرۆڤ و مرۆڤایەتی و ژیاندا هاتوون، یان هێنراون، پەیامێک بگەیەنێت و دەبێژێ: شتێک کە زۆر ئازارم دەدا ئەوەیە، بۆچی هیچ شتێک لەم ئێش و ئازارانە فێر نەبووین؟ بۆچی ناڵێین، لەمڕۆ بەدواوە نامانەوێ کۆیلە بین؟ بۆچی بەردەوام و جار دوای جار، ئازار دەکێشین؟ بۆچی ئەوە قەدەر و چارەنووسمان بێت؟ بۆ ئەمە، من وەڵامێکم نییە، بەڵام دەمەوێ لە ڕێگای پەرتووکەکانم و ورووژاندنی ئەم پرسیارانەوە، خوێنەرانم هان بدەم، تاکو بە قازانجی بەرژەوەندیی خۆیان، بیر لە وەڵامی ئەم پرسیارانە بکەنەوە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=