=KTML_Bold=پێرڵ بەک.. منداڵێک لە هەویری حیکمەت و ئەفسانە=KTML_End=
#نووری بێخاڵی#
ژنە نووسەر و رۆماننووسی ئەمریکی پێرڵ سیدێنستریکەر بەک، ساڵی 1892 لە شاری هیڵسبۆرۆ لە ویلایەتی ڤێرجینیای ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەدایک بووە. تەمەنی پێنج مانگ بووە ئەوکاتەی لەگەڵ دایک و باوکی کە موژدەبەری ئاینی بوون، بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی ئاینی مەسیحی، ڕوویان لە چین کردووە. بەک منداڵیی خۆی لەوێ ژیاوە و هەر لەوێ چووەتە بەر خوێندن و فێری زمانی چینی بووە. پاشان بۆ تەواوکردنی خوێندنی باڵا، گەڕاوەتەوە ئەمریکا و ساڵی 1941 بەکالۆریۆسی ئەدەبیاتی ئینگلیزی لە کۆلێژی ڕاندۆڵف ماکۆنی کچان لە ڤێرجینیا وەرگرتووە، بۆ ماوەی ساڵێک لە هەمان کۆلێژ وەک مامۆستای فەلسەفە وانەی گوتووەتەوە، ساڵی 1973 لە ئەمریکا کۆچی دوایی کردووە.
=KTML_Bold=فزوڵی فێربوون!=KTML_End=
دایک و باوکی پێرڵ بەک خوێندەوار بوونە، بۆیە زوو کچەکەیان ناردووەتە بەر خوێندن و زۆر باشیش فێری زمانی چینی بووە. هەرچی زمانی ئینگلیزییشە، لەسەر دەستی دایکی لە ماڵەوە و رۆژانە ئاشنای بووە.
ئەو بەو پەروەردە کۆمەڵایەتی و ئاکارییە چینییە گۆش کراوە کە وا لە منداڵ دەکات هەست بە دڵنیایی ڕۆحی و دەروونی و ئاسایشی ناوەوەی خۆی بکات. لەگەڵ ئەم پەروەردەیەدا، ئاشنای ڕۆشنبیری و کەلەپووری ڕۆحیی هیندی بووە، هاوکات شتگەلێکی گرنگ لە مێژوو و کولتووری چینی فێر بووە، وەک فەلسەفەی کۆنفۆشیۆس و حیکمەتی چینی، بەتایبەتی ئەو حیکمەتەی کە پەیوەستە بە ڕێسا و بنەڕەتی ژیانی مرۆڤ.
ئەوەی لەبارەی بەکەوە دەگوترێ، هەر لە منداڵییەوە هۆگری خوێندنەوەی چیرۆک و ئەفسانە بووە. بەوپێیەش کە لە نزیکەوە ئاشنای سرووشت و ژینگەی کۆمەڵایەتی و کولتووری و دابونەریتی چینییەکان بووە، زۆر سەرسامی دابونەریت و مێژووی گەل و وڵاتەکە بووە و لەو بارەیەوە دەڵێ: زۆر فزولی بووم، دەمەویست لە نزیکەوە ئاشنای خەڵکەکە بم، وردەکاریی ژیانیان، پەیوەندییەکانیان، دابونەریتیان. بە ماوەیەکی کەم فێری زمانەکەیان بووم، ئەفسانەکانی - تاو -ی و بوزی و خوداوەندەکانی چینیم ناسین، تا ئەو ئاستەی وەک ئەوەی یەکێک بم لەوان، ئاوا بووم.
=KTML_Bold=چین، کانیی داهێنان!=KTML_End=
بەک کە یەکەم ژنە نووسەر و ڕۆماننووسی ئەمریکییە خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی وەرگرتووە، رۆمانی (بایەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا - 1928)، نۆبەرەی کارە ئەدەبییەکانی بووە. ئەو ماوەیەی لە چین ژیاوە، جگە لە وەرگێڕانی کتێبی (هەموو پیاوەکان بران)، هەشت ڕۆمانی دیکەیشی نووسیون. ئەو کە هەر لە تەمەنی گەنجییەوە دەستی داوەتە نووسین و جگە لە ڕۆمانی (خاکی باش، یان شیرین - 1931)، خاوەنی خەرمانێکی دەوڵەمەندی ڕۆمانە: (کوڕەکان، ماڵی دابەشبوو، تۆوی دراگۆن، شوێنی ژنان، شەپۆلی گەورە، نامەیەک لە پەکینەوە، مردن لە قەڵا، هاوسەری یەکەم، تراژیدیای دایکێک، شانۆگەرییەکان، جیهانیی من، ئەو کوڕەی گەورە نەبوو، دڵی شاناز، خۆشەویستیی تاقانە، ئاسمانی چین و....)، ژیانی کۆمەڵگای چینی سرووش و سەرچاوەی زۆربەی نووسینەکانی بووە. ناسین و ئاشنایەتیی قووڵیشی بە کۆمەڵگای چینی، وای کرد کە رۆمانەکانی بکاتە پردی بەیەکدی ئاشناکردنی چین و ئەمریکا و پڕکردنەوەی بۆشایی جیاوازییە فیکری و کولتوورییەکانی نێوان هەر دوو ژینگەکە، هەر بۆیەشە نازناوی (ژنە نووسەرە چینییەکە)ی بەسەردا بڕاوە و تا ئێستاش لە جیهاندا وەک نووسەری جوانترین ڕۆمانەکان دەربارەی ژیانی چین دەناسرێ.
=KTML_Bold=نۆبڵ و ناڕەزایی!=KTML_End=
بەک لە ساڵی 1936 دا بووەتە ئەندامی پەیمانگای نەتەوەیی بۆ هونەرەکان و ئەدەب لە ئەمریکا، بەر لە خەڵاتی نۆبڵ، چەندین خەڵاتی تری لەپای نووسینە ئەدەبییەکانی و لێکۆڵینەوەکانی لەسەر پەیوەندییەکانی چین و ڕۆژئاوا وەرگرتووە، لەوانە خەڵاتەکانی (پۆلیتزەر - 1931) و (مەدالیای دین هویڵز بۆ ڕۆمانی سەرکەوتوو - 1935) و (مەدالیای ئەمریکی بۆ هونەرەکان و ئەدەب – 1965).
بەهۆی ڕۆمانی (خاکی باش) بووە یەکێک لە دیارترین و ناسراوترین ژنەکانی سەدەی بیستەم و وەک یەکەم ژنە نووسەری ئەمریکی و لەپای بەرهەمەکانی، ساڵی 1938 خەڵاتی نۆبڵی وەرگرت.
لە ڕۆژی یەکەمی بڵاوبوونەوەی ڕۆمانەکەدا، سەدان هەزار دانەی لێ فرۆشرا و وەک حاڵەتێکی چاوەڕواننەکراویش، ساڵی 2004 هاتەوە ریزبەندی پڕفرۆشترین کتێبەکانی ساڵ. ئەو رۆمانە کە وەرگێڕدراوەتە سەر سی و پێنج زمانی جیهانی، ساڵی 1932 کراوەتە شانۆگەری و تەنیا لە ماوەی ئەو ساڵەدا، 56 جار نمایش کراوە. رۆمانەکە ساڵی 1937 کراوەتە فیلمی سینەمایی و پێنج خەڵاتی ئۆسکاری بەدەستهێناوە، لەوانە خەڵاتی باشترین ئەکتەر بۆ (لویز ڕینیز) لە ڕۆڵی ئۆلان و خەڵاتی باشترین وێنەگری سینەمایی.
ڕۆمانەکە ساڵی 2004 دووبارە بووەوە جێی سەرنجی خەڵک، کاتێ لە بەرنامە بەناوبانگەکەی (ئۆپرا وێنفری) خرایە بەرباس و وەک ئەندامی یانەی ئۆپرا بۆ کتێب دەستنیشان کرا. وێڕای ئەم ناوبانگ و سەرکەوتنەی ڕۆمانەکە و کارەکانی دیکەی بەک، کەچی ئەو کاتەی هەواڵی بەخشینی نۆبڵ بەو ژنە ڕۆماننووسە بڵاوبووەوە، زۆر لە ئەدیبان و نووسەرانی ئەمریکی دژی بڕیارەکە وەستانەوە و دەستیان دایە هەڵمەتێک لە دژی نووسەرەکە و بانگەشەی ئەوەیان کرد کەوا هیچ ژنێک لە ئەمریکا نییە، شایستەی ئەو خەڵاتە بێت.
=KTML_Bold=بەریەککەوتن و بەرگری!=KTML_End=
ڕۆمانی بای رۆژهەڵات و بای رۆژئاوا کە نۆبەرەی کارەکانیەتی، بەردی بناغەی پڕۆژەکانی ئەو ژنە رۆماننووسە بەڕەچەڵەک ئەمریکی و بە پەروەردە و پاشخان چینییەیە بۆ نزیککردنەوەی ئەو دوو جەمسەرەی دونیا، لە ئاستە کولتووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکەیدا لە یەکتر. لە ڕۆمانەکەدا چین ڕۆژهەڵات و ئەمریکاش ڕۆژئاوایە، شانۆی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە، سەرزەمینی چین و ڕۆژئاوای ئەمریکایە، کاراکتەرەکانیش بە هەمان شێوە. سەرەڕای ئاستی بەرزی گێڕانەوە، خاڵێکی سەرنجڕاکێشی ڕۆمانەکە کە پەیوەندی بە وریایی نووسەرەکەوە هەیە لە هەڵبژاردنی ڕێگەچارەی پەیوەندییەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، ئەوەیە کە هەردوو دیوی جوگرافی و کولتووریی ناو ڕۆمانەکە لە چوارچێوەی پێشکەوتنی ژیان لە چین بەرهەم دەهێنرێنەوە. بە مانایەکی تر، جوانی و کەمەندکێشیی ئەم دوو جەمسەرە جیۆکولتوورییە و خودی ڕۆمانەکەش خۆی، لە میانی پێشکەوتنی ژیان و کۆمەڵگای چینی دەردەکەوێ، بەوەی سەرەڕای کاریگەری ڕۆشنبیریی ڕۆژئاوایی و بەتایبەتی ئەمریکی بۆ سەر ئەم وڵاتە، کەچی پابەندیی کۆمەڵگا بە بنەما ڕۆحییەکانی و دەستگرتن بە بەها کولتوورییەکانی بە جۆرێکە، لە باری ڕۆحیدا نەیتوانیوە شوناسی ڕەسەنی کۆمەڵگا و کولتوورەکە کاڵ بکاتەوە.
=KTML_Bold=خاک، وەک رەگەزی مانەوە=KTML_End=
جووتیارێکی هەژار، گرێدراوی زەویەکەیەتی و خۆشیدەوێ، جووتیارێک لەپێناوی زەویەکەیدا خۆی لە سەرقاڵکردن و ماندووبوون بە ژیان و خۆشگوزەرانی دەبوێرێ و تا مردن بۆ پارچە زەوییەکەی دڵسۆز دەبێ. ئەمە کرۆکی رۆمانی (خاکی باش)ە، بەڵام لە ئاستێکی باڵای گێڕانەوە و بە زمانێکی ئەفسووناوی و قووڵ لەڕووی فیکری و مێژوویی.
بەک کە باوەڕێکی زۆری بە چینی جووتیارانی چین هەبوو، ئەوانەی 85٪ی کۆمەڵگاکەیان پێکدەهێنا، ئەو ڕۆمانەیشی بۆ خۆشەویستی و پەیوەندیی قووڵ و ڕۆحیی نێوان مرۆڤ و خاک تەرخان کردووە. ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە بۆ سەدەی نۆزدە دەگەڕێنەوە، ئەو کاتەی چین بە بارودۆخێکی سیاسیی تایبەت و گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی و فیکریدا ڕەت دەبوو. ئەو دەمانە نووسەر بۆ خۆیشی لەو وڵاتە دەژیا و لەبارەی پاڵنەرەکانی نووسینی ڕۆمانەکەوە دەڵێ: ئەو سەردەمەی تیایدا لەدایکبووم و گەورە بووم، هاوکات ئەو بەهرانەی وایان کرد ببمە نووسەر، هانیان دام بە قووڵی و کراوەیی بژیم. ئەم شێوە ژیانەش نەک هەر لە چوارچێوەی ماڵ و خێزانەکەمدا، بەڵکو لەسەر ئاستی کۆمەڵگا، بە مانای ڕۆچوونە ناو وردەکاریی ژیانی گەلان. ئەوە بۆیە بەشێک لە ڕەخنەگرانی ئەدەبی لەبارەی بایەخی ئەو ڕۆمانەوە گوتوویانە: ئەم ڕۆمانە بە تەنیا گەورەترین ڕۆمان نییە کە باسی ژیانی چینییەکانی کردووە، بەڵکو باشترین ڕۆمانێکیشە کە پێویستە نەوەکان پێی ئاشنا ببن.
=KTML_Bold=دایک وەک سیمبولی بەخشندەیی و قوربانیدان=KTML_End=
ڕۆمانی (تراژیدیای دایکێک)، وا لە خوێنەر دەکات نەک هەر هەست بکات بەشێکە لە ڕووداوەکان، بەڵکو هەست دەکات کاراکتەرەکان کەسی زێدە ناسراو و نزیکی ئەون و لەگەڵیدا، لە دەوروبەری دەژێن. لەو ڕۆمانەدا کە پڕە لە وێنەی ویژدانی و هەستی قووڵی مرۆیی و نموونەی کاراکتەر و کەسایەتیی جیاواز، سەرەڕای ئەوەی نووسەر لەبارەی ژینگەیەکی کولتووری و کۆمەڵایەتیی دیاریکراوەوە دەدوێ، بەڵام بەو گەمە زمانەوانییە جوانەی لە تەوزیفکردنەوەی ململانێ و خاڵە جیاواز و ناکۆکەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی پەیڕەوی دەکات، بەو هونەرەی لەباری نزیککردنەوەی خاڵە هاوبەشەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی هەیەتی (سەرەڕای تایبەتمەندی و جیاوازیی شوێنکات)، بەو هەڵچوون و داچوونە سۆزئامێزانەی وێنایان دەکات، زۆر لێهاتووانە توانیویەتی وا بکات، کاتێ مرۆڤ ڕۆمانەکە دەخوێنێتەوە، خۆی و چیرۆکەکانی، خۆی و برینەکانی، خۆی و ڕووداو و کەسە نزیکەکانی دەوروبەری خۆی، لەناودا بدۆزێتەوە.
لە ڕۆمانەکەدا و لە میانی وێناکردنێکی وردی کەسایەتیی دایک، باس لە ژیانی گوندیی چین دەکات، دایکێکی میهرەبان و لەخۆبووردوو کە هاوشانی هاوسەرەکەی لە کێڵگەدا کار دەکات، کۆتایی ڕۆژیش بۆ چاوێریکردنی هاوسەرە جووتیارەکەی و منداڵەکانی تەرخان دەکات. بەک چ وەک مێیینە، چ وەک دایک، شارەزا و لێزانتر لە دەروونناسێک، پەردە لەسەر هەستە شاراوەکان هەڵدەداتەوە و توانایەکی لە ڕاددەبەدەر لە شرۆڤەکردنی سروشتی ژن و هەڵچوونەکانی نیشان دەدات. ئەو لە قووڵاییەکانەوە، لە ناخەوە ئەو هەڵچوون و هەست و سۆزانە، وەک خۆیان، وەک ئەوەی لە خودی ژندا هەن و زۆرجار بۆ خاتری خۆشەویست و ئازیزەکانی دەیانشارێتەوە، دەتەقێنێتەوە.
لەگەڵ ئەوەی بەهرەیەکی سەیری لە تەکنیکی گێڕانەوە، تەوزیفکردنەوەی ڕووداوەکاندا هەیە و لەناو ڕۆمانەکانیدا وا لە کەسایەتی دەکات، وەک ئەوەی بوونێکی زیندووی هەبێت و ڕاستەوخۆ لەگەڵ خوێنەر بکەوێتە قسە، کەچی لەم ڕۆمانەیدا بە گێڕانەوەیەکی ساکار، بەڵام بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش، دیمەنی ڕەنجەڕۆیی جووتیارە هەژارەکانی کۆمەڵگای ئەوکاتی چینمان بۆ وێنا دەکات، کە سەرەڕای کاری بەردەوام و ڕۆژانەیان لەناو کێڵگەکانیان، کەچی بە هۆی زۆریی ئەو باجەی بەسەریاندا سەپێنراوە، جگە لە بڕێکی کەم بۆ ژیانێکی مەمرەومەژی، دەسکەوت و داهاتێکی ئەوتۆیان لە بەرهەمەکانیان بۆ نامێنێتەوە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=