=KTML_Bold=ویلا کاسەر؛ ژنێک لە ڕەنگی لم و بە بەرگی پەنابەرەوە=KTML_End=
#نووری بێخاڵی#
ژنە ڕۆماننووسی ئەمریکی، ویلا سیبرێت کاسەر (1873 - 1947) کە لە پای ڕۆمانی (یەکێک لە ئێمە - 1923) خەڵاتی پۆلیتزەری بردەوە و
وەک نووسەرێکی پێشەنگی ئەمریکا ناسرا، بە ڕەچەڵەک دەچێتەوە سەر وێڵزییەکان و ساڵی (1873) لە ویلایەتی ڤێرجینیا لەدایک بووە. تەمەنی یەک ساڵ بووە کە خێزانەکەیان ماڵیان گواستووەتەوە ویلۆ شیڵد، کاتێکیش بووەتە نۆ ساڵ، ماڵەکەیان چووەتە ویلایەتی نیبراسکا. ئەو کە لە نێوان هەردوو ویلایەتی ڤێرجینیا و نیبراسکا، تەمەن و ژیانی خۆی گوزەراندووە، خوێندنی لە بواری زمان و ئەدەبی ئینگلیزیدا تەواو کردووە و نزیکەی 10 ساڵ لە بیستبێرگ ژیاوە و کاری مامۆستایەتی کردووە. کە تەمەنی بووەتە 33 ساڵ، چووەتە نیویۆرک و ئیتر تا کۆچی دوایی کرد لە ساڵی (1947)، لەو شارە ماوەتەوە.
کاسەر لە قۆناغی خوێندنی زانکۆ بووە کە دەستی داوەتە نووسین بۆ ڕۆژنامە و گۆڤارەکان. دەرچوونیشی لە بەشی زمان و ئەدەبی ئینگلیزی هاندەرێکی باش بووە، بۆ ئەوەی زێدەتر لە کارەکەیدا قووڵ ببێتەوە. کاتێکیش چووەتە بیتسبێرگ، وەک نووسەر لە گۆڤارێکی مانگانەی خێزانیدا دەستی بە کار کردووە. دوای ساڵێک مانەوە، بووە بە نووسەری سەرەکیی گۆڤارەکە، هەروەها لە بواری ڕەخنەی سینەماییدا، بۆ ڕۆژنامەیەکی شارەکەی نووسیوە، هاوکات بە نووسینی شیعر و چیرۆکی خەیاڵی، بەشداری چالاکییەکانی نێوەندی ئەدەبی و ڕۆشنبیری کردووە.
=KTML_Bold=رۆژنامەگەری وەک بناغە=KTML_End=
کاسەر وەک زۆر نووسەری دیکە، بە کاری ڕۆژنامەنووسی دەستی بە نووسین کردووە. دواجار لە دونیای ئەدەب و ڕۆماننووسیدا گیرساوەتەوە.
یەکەم کۆچیرۆکی خەیاڵی بە ناونیشانی (باخچەی کورتە باڵا - 1905) بڵاو کردووەتەوە. هەر لە بواری چیرۆکدا، (پێش نانی بەیانی، یان بەر لە فراوین - 1922)، ناونیشانی کۆچیرۆکێکی دیکەیەتی، کە تیایدا ئەزموون و بیرەوەرییەکانی لە ماوەی هاوینی 1922 لە دوورگەیەکی کەنەدا دەگێڕێتەوە.
یەکەم ڕۆمانی کاسەر بە ناوی (پردی ئەلێکساندەر) لە ساڵی 1912 کەوتووەتە بەردەستی خوێنەران. ئەو رۆمانە ڕۆڵێکی گەورەی لە ناساندنی ئەودا بینی. دوای ئەو ڕۆمانە، سێینەی (ئەی پێشانگاکان - 1913، گۆرانیی مانگا - 1915، ئەنتۆنیا تایبەتەکەم - 1922)ی نووسی و بە هۆیانەوە ناوبانگێکی بەرینی لە نێوەندی ئەدەبی و ڕەخنەییدا پەیدا کرد. ئەو کارانەی هەریەکە بە جۆرێک ڕۆڵیان لە ناساندنی ئەودا هەبوو. بەڵام ئەو بەرهەمەی لەسەر ئاستی جیهان کاسەری وەک پێشەنگی ڕۆماننووسانی ئەمریکی ناساند، ڕۆمانی (یەکێک لە ئێمە) بوو کە ساڵی 1923 بڵاوکرایەوە و خەڵاتی پۆلیتزەری پێ وەرگرت.
ساڵی 1927 ڕۆمانی (مەرگ بەرەو سەرۆکی ئەسقۆفەکان دەکشێ) ی نووسی و ڕۆمانی (سێبەرەکان لەسەر بەردێک - 1931)یش کە ڕۆمانێکی مێژووییە و باس لە ڕووداوەکانی سەدەی حەڤدە دەکات، دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو، ئەم رۆمانە خراوەتە لیستی دیارترین و باشترین 100 کتێبی نێوان ساڵانی (1924 – 1944).
=KTML_Bold=لە نێوان رۆژنامەگەری و ئەدەبدا=KTML_End=
تۆنێکی غەریب، تۆنی گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، بۆ ناو کۆڵانەکانی منداڵی، بۆ ناو داڵانەکانی بیرەوەری، بۆ ناو فەزای ئەفسووناویی بیابان و خانوو و کوخی پەنابەران، بەسەر ڕۆمانەکانی کاسەردا زاڵە. سۆز و گەڕانەوەیەک کە بە گێڕانەوەی ڕووداوەکان و نمایشی گرتە و دیمەنەکانی ناو ڕۆمانەکە، وەک ئەوەی وردە لمی بیابانەکانی ئەو ناوە بە دەم بایەکەوە لە ڕوخسارت بدەن، نووسەر ئاوا و بە زمانێکی سادە و ڕوونی بێ گرێ و بارگاوی بە خەیاڵێکی قووڵ، ئەو بیابان و دەشتە زەرد و سوورباوانەی ئەمریکا، دەڕژێنێتە چاو و مێشکی خوێنەر و وای لێدەکات، هەست بەوە بکا ئەوە خۆیەتی لەو سەرزەمینەی لم و گەردەلوولدا دەژیێت.
ئەو کە بە کاری ڕۆژنامەگەری دەستی پێکرد و لەوێوە چووە ناو دونیای ئەدەب و خەیاڵ، لەوە تێگەیشت کە یەکەمیان خەونەکانی تێر ناکات، بۆیە دووەمیانی وەک نموونەیەکی باڵای هونەر هەڵبژارد و کەرەستەکانی یەکەمی کە تەنیا هەواڵ و رووداو بوون، لە میانی وەبەرهێنانەوەیاندا لەناو تیکستی ئەدەبیدا، کردوونەتە هەوێنی داهێنان. تەکنیکی نووسین و گێڕانەوەی کاسەر لە ڕۆماندا، بەراورد بە ڕەوتی باوی ئەو سەردەمی تەکنیکی نووسینی ڕۆمان (کە لە ئەزموونگەری و ڕەوتی ئاگایی و هۆشیارییەوە نزیک بوو)، سادەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە میانی تایبەتمەندیی گێڕانەوە و هونەری بەکاربردنی زمان و تەوزیفکردنەوەی لە دەربڕیندا، تا ئاستێک لە نووسەرەکانی دیکە جیای دەکاتەوە، تا ئەوەی خوێنەر دەتوانێ بڵێ کە ئەو ژنە نووسەرە خاوەن ڕێچکە و میتۆدێکی ئەدەبیی تایبەت بە خۆیەتی. ئەو لە نێوان بابەتیبوون و بەدواداچوونی ڕۆژنامەوانی و گەڕانی ڕۆژنامەنووس بە شوێن ئاشکراکردنی ڕاستی، لەگەڵ هەوڵی هونەرییانەی ڕۆماننووسە دەروونییەکان لە شێواندنی لایەنی بابەتی و ڕاستیی شتەکان، ڕێگایەک دەدۆزێتەوە و چارەسەرکردنی کێشەکان دەکاتە تەوەری سەرەکیی کار و بەرهەمەکانی، ئەمەش پەیوەندی بەو تێروانینەی ئەو هەیە بۆ ئەدەب، وەک نموونەیەکی باڵا و زیندووی هونەر. واتە ئەو بەر لە نووسینی ڕۆمان، بیرۆکەکانی لە چوارچێوەیەکی هونەریدا لە خەیاڵدان و ئەندێشەی خۆیدا گەڵالە دەکات، دواجار بە هەمان هەناسەی هونەریانە و بە سوودوەرگرتن لە زمانی سادەی ڕۆژنامەنووسی و کارکردن لەناو دونیای ئاڵۆزی دەروونناسی، دەست بە چنینەوەی ڕووداوەکان و کێشانی گرتە و دیمەنەکان و کاراکتەرەکانی دەکات و لە توێی تێکستێکی ئەدەبیدا دەیخاتە بەردەم خوێنەر. ئەمە بەبێ ئەوەی لەناو ئەو بێنەوبەردەیەی زمان و حەقیقەتدا، بابەتیبوون و خەیاڵ، تەوەر و ئامانجە سەرەکییەکەی خۆی ون بکات، کە گواستنەوەی وردەکاری و نهێنییەکانی ژیان و ژینگەی بیابانەکانە. لەسەروو ئەمانەشەوە، لە پێشەنگی ئەو نووسەرانە دەمێنێتەوە کە باشترین ڕۆمانی خەیاڵی دەنووسن. کاتێ خوێنەر لە وەسف و گێڕانەوەکانی کاسەر بۆ هەڵاتن و ئاوابوونی خۆر لە بیابان، دیمەنەکانی ژیان (مرۆڤ) و ژینگە (سروشت) لەنێو ئەم دوو چرکەساتەدا ورد دەبێتەوە، ئەو کاتە باشتر لە توانا و سەلیقەی ئەو ژنە نووسەرە تێدەگات. بیابان و کاراکتەری پەنابەرەکان لەناو ڕۆمانەکانی کاسەردا، ئاماژەن بۆ غوربەتی هەمیشەیی مرۆڤ، گوزارشتن لەوەی کە مرۆڤ بەردەوام کەسێکی دوورخراوە و پەڕاگەندە کراوە. مرۆڤێک کە هەمیشە ناچار بە بڕینی ڕێگا سەخت و تونێلە پڕ پێچاوپێچەکانی ژیان و بارودۆخە قورس و هەلومەرجە ئاڵۆزەکانە.
مرۆڤ دەتوانێ بڵێت، ئەزموونکردنی ژیانی ناو بیابان و سنوورە سەرابییەکانی لە لایەن نووسەر و هەستکردنی هەمیشەیی مرۆڤی پەنابەر بە سەرگەردانی و نامۆیی و ناچاریی ڕاهاتن لەگەڵ ئەو بارودۆخە جەبرییەی بەسەریدا هاتووە و ڕاهاتن لەگەڵ ژیانی دوورخراوەیی و ژینگەی سەرگەردانی، کاسەر لە پێشەنگی ئەوانە دادەنێت کە لە تێکستی ئەدەبیدا، ناسنامەی جەنگاوەر و پاڵەوان دەدەنە پەنابەران.
=KTML_Bold=ژینگە و ژیان وەک کەرەستەی داهێنان=KTML_End=
کاسەر کە زۆر کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ژینگە و ژیانی بیابان و ڕۆشنبیریی هەمەچەشنی پەنابەران و دانیشتووانە ڕەسەنەکانی ئەمریکا، ئەم کاریگەرییە ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی لەسەر دونیابینی ئەو هەبووە. ئەو یەکێکە لەو ڕۆماننووسانەی کە بە هۆی قسەکردنی لەسەر ژیانی بیابانە بەرینەکان و غوربەتی هەمیشەیی پەنابەران، ناوبانگێکی زۆری لە نێوەندی ئەدەبیدا پەیدا کرد.
ئەو لە ڕۆمانەکانیدا و لە میانی گێڕانەوەیەکی درامیی ڕووداوەکاندا، بە گفتوگۆی پاراو، زمانێکی ڕوون، وەسفی ئەفسووناوی و وردی شوێنەکان، وا لە خوێنەرانی دەکات (تەنانەت ئەوانەی لە خەونیشدا نیبراسکایان نەبینیوە)، هەست بەوە بکەن کە لەوێ دەژین.
ژیانی سادە و سەختی خێزانە پەنابەرەکان لە نیبراسکا، لایەنێکی گرنگی ڕۆمانە خەیاڵییەکانی کاسەر پێکدێنن. ئەمەش پەیوەندی بە یادەوەری و ئەزموونی منداڵیی نووسەر خۆیەوە هەیە کە لە نزیکەوە تێکەڵی ئەو خێزانانە بووە و ئاشنای وردەکارییەکانی ژیانیان بووە. تەنانەت کە ڕۆمانی (ئەنتۆنیا) دەخوێنیتەوە، هەست دەکەیت ڕۆحی نووسەر چووەتە ناو جەستەی ئەو خێزانانە.
بە شێوەیەکی گشتی و بەچاوپۆشین لە لایەنە هونەرییەکانی ڕۆمان، لە باری ناوەڕۆکدا بەشێکی زۆری بەرهەمەکانی کاسەر، بە کورتە چیرۆکەکانیشەوە، گێڕانەوە و نووسینەوەی ئەزموونن. ئەزموونی خۆی و کۆمەڵگاکەی، ژیانی خۆی و دەوروبەری، ژینگە و سروشت و نهێنییەکانی.
کاسەر لە بەرهەمەکانیدا جگە لەو باڵادەستییەی لە هۆنینەوە و چنینی وردی ڕووداوەکان و ئەو فەزا خەیاڵی و فەنتازییەی لە میانی گێڕانەوەی ڕووداوەکان و وەسفی کەسایەتی و کاراکتەرەکانی ناو ڕۆمانەکانی، پێیان دەناسرێتەوە، هاوکات ڕۆمانسیەت و جۆرێک لە سۆز و شەیدایی و گەڕانەوە و سادەییش، بەسەریاندا زاڵە. ئەمەی دواییان وای کردووە کە بەشێک لە ڕەخنەگران بڵێن، کاسەر نەیتوانیوە ڕووبەڕووی ژیانی نوێ و پێشکەوتنەکانی ببێتەوە و خۆی لەگەڵ واقیعی کۆمەڵایەتیی سەردەمدا بگونجێنێ، بۆیە پەنای بۆ گەڕانەوە بۆ ڕابردوو بردووە و لەو فەزایەدا خولاوەتەوە.
دواجار، بە قسەی (جێمس وۆدریس)ی نووسەری بایۆگرافیای کاسەر بێت، ئەو ژنە ڕۆماننووسە زۆر بە کارەکانی (دیکنز، ئیمرسۆن، بەلزاک، تۆڵستۆی، جۆرج ئیلیۆت، خوشکانی بڕۆنتی و جین ئۆستن) سەرسام بووە. هەروەها تایبەتمەندیەکی ئەوە بووە کە لە ڕوانگەی پیاوەوە، ڕۆمانەکانی نووسیون و تەنانەت کاتێک لەبارەی ژنە ڕۆماننووسەکان نووسیویەتی، وەک ئەوە وایە پیاوێکی ناڕازی، نووسیبێتی. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=