=KTML_Bold=نیشتمان ئێمە کۆبکاتەوە، یان ئێمە نیشتمان دابەش بکەین!=KTML_End=
#ئاریان فەرەج#
وجود و سەرچاوە سەرمەدی و بێ کۆتاییەکە هەر تەنها نیشتمانە، هەموومان بە تێکڕای حیزبەکان و کەسایەتی و تەخت و بەختمانەوە، لە نیشتمانەوە سەرمان دەرهێناوە و هەر خزمەتی نیشتمانیش رەوایەتیی بە وجودمان داوە. هەرکامێکیشمان کەنگێ بە کەڵکی ئەو خزمەتە نەماین و بووینە ئاستەنگ لە رێی پێشکەوتن و گەشەی نیشتمان، ئیترنامێنین و دەڕۆین و لە ئێمە باشتر و بەکەڵکتر جێمان دەگرێتەوە. خزمەت و کەڵک بۆ نیشتمانیش هیچ نییە جگە لە هەوڵ و تەقەلای بەردەوام بۆ هێنانەدیی ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانی، بۆ بەرقەراریی ئاشتی و دوورخستنەوەی شەڕ و ململانێ، بۆ ئارامیی سیاسی و تەناهی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی، بۆ دابینکردنی ئێستای بێ دڵەڕاوکێ و ئاییندەی پڕ دڵنیایی و تەئمینی سەر و ماڵی خەڵک. هەر ئەوەش کرۆک و ئامانجی سیاسەتە بە مانا ئەخلاقییە باڵاکەی.
لە راستیدا نەک هەر مان و ژیانی گەلی کوردستان بە چارەنووسی هیچ یەک لە حیزب و لایەنەکانەوە نەبەستراوە، بەڵکو مانەوە و بەردەوامیی تەواوی حیزب و لایەن و سەرکردەکانیش هەر بە مان و سەربەرزیی ئەو نیشتمانەوە بەندە. جا بۆئەوەی نیشتمان هەبوونێکی بە روومەت و ساخ و سەرحاڵی هەبێ، ئێمەش هەموو لە سایەیدا هەبین، دەبێ هەموومان لەسەرووی خۆمانەوە ببینین، سەرکەوتنی خۆمان لە سەرفرازیی ئەودا ببینینەوە. بۆ ئەوەی نیشتمان سەرفراز بێ، دەبێ:
• چیدی وەک گۆڕەپانی ململانێ و لەعەرزدانی پشتی یەکتر تەماشای نەکەین و نەیخەینە بەر هەڕەشەی کەرت و پەرتکردن، کارێک نەکەین لەجیاتی ئەو ئێمە کۆبکاتەوە، ئێمە ئەو دابەش بکەین. چیتر لەسەر بەباکردنی کای کۆنی بێ سەمەر، یەخەی یەکدی نەگرین و نیشتمان بە ئاگری شەڕی بێهودەمانەوە نەسووتێنین.
• لێگەرێین با نەوەی نوێ خۆشەویستیی نیشتمان کۆیان بکاتەوە، نەک دەمارگیریی حیزبایەتیی تەسک و ئینتیمای لاوەکی بۆ خیڵ، شار، ناوچە، لەهجە، دەستە و تاقم و پەرتەوازەیان بکات. با خۆشەویستییان بۆ زێد و مەفتەنیان وابکات بەهۆی هەڵە و کەم و کاسیی دەسەڵات و کایەی سیاسییەوە، رق لە نیشتمان هەڵنەگرن و پشت نەکەنە کوردستان. متمانەیان بە بەشداریی سیاسی و بە ئاییندە و نیشتمانسازیی بمێنێ و خۆ بەدەست بێ هیواییەوە نەدەن.
• با نیشتمان لەگەڵ هیچ لایەک تووشی گێچەڵ و سەرکێشی و شەڕی نابەرابەر نەکەین، نەهێڵین لە هیچ بەڵا و تۆفانێکی دەوروبەر و ناوچەکەوە تێوەبگلێ. نە سەری کەس بئێشێنێ و نە سەری بئێشێنن.
• با کارێک نەکەین دۆست و هاوپەیمان و پشتیوانەکانی لێی بتەکنەوە و دەستی بەردەن، با ناوبانگی نەشێوێنین و وەک نموونەیەکی گەشی دیموکراسی و بەها مرۆییەکان بیهێڵینەوە. با جیهان لە سەرخستنی ئەم ئەزموونەی کە ئومێدیان لەسەر هەڵچنی و بە شایستەی پشتیوانییان زانی، نائومێد نەکەین.
• با لەگەڵ بەغدا بناخەی پێکەوەژیانێکی پتەو لەسەر بنەمای ( دوو قەوارە و یەک دەوڵەت بە قەزاوەتی دەستوور) داڕێژین و گەلەکەمان لە دڵەڕاوکێی درێژخایەن و قەیرانگەلی تاقەتپڕوکێن قورتاربکەین. هەمووشمان پێکەوە و بەیەک دەنگ، لەوێ داکۆکی لە ماف و بەرکەوتەکانی بکەین.
• هەرچی زووە زەمینەسازیی پێویست بۆ هەڵبژاردنێکی گشتی بە بەشداری هەمووان بکەین، تاوەکو شەرعیەت و رەوایەتی بەبەر دامەزراوەکاندا بکەینەوە. هەموو زەمینەسازییەکەش بۆ گەرەنتی سەرکەوتنی کوردستان بێت کە لە سەرکەوتنی یەک بە یەکی حزبەکان گەورە و گرنگترە.
سەرۆک #نێچیرڤان بارزانی# لە چەند رۆژی رابردوو و لە دیداری #سلێمانی#دا، ویستی جارێکی دیکە ئەو پەیامە هەمیشەییەی خۆی بە گوێی نوخبەی سیاسیی کوردستاندا بدات، پەیامێک کە قسەی ناخی دڵی کوردستانییانە، سیاسەتیش گەر بۆ مەبەستی خێر و خۆشی و بەرژەوەندیی گشتی بێ، دەبێ لە ناخی دڵ و خواستی خەڵکەوە هەڵقوڵێ، دەبێ ترپەی دڵی لەگەڵ ترپەی دڵی نیشتمان بێت، ئەگەر نا ئەو سیاسەتە بەسەردەچێ و بەجێ دەمینێ، دەڕوات بێ ئەوەی نیشتمان بەدوایدا بچێ... ئەو دەڕوات و نیشتمان دەمێنێ. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=