=KTML_Bold=ئێران و ئازادی؟=KTML_End=
#ئاسۆ عەبدوللەتیف#
خۆپیشاندانی سیاسی و رێکخراوەیی وەک کەلتورێکی نوێی دنیای مۆدێرن، وەک ئالیەتی نارەزایەتی و پرۆتێست لەکەمورتی و گەندەڵی و ئاکارەکانی دەوڵەت، وەک نیگەرانی تاکی کۆمەڵگا بۆ دەرچوون لە کۆتوبەند و ستەمی سیاسی و برسێتی و هەژاریی، هەموو ئەمانه و هەمو جار بۆ روخاندن و گۆڕینی سیستم نییە، لە زۆرباردا هەوای پەنگخواردوی سنگی گەله و لە دەریچەی شەقامەوە دێتەدەرو دەوڵەت ئەخەنە بەردەم لێپرسینەوەی قورس، بە تێکرایی دەوڵەتی زیرەکدەبنەسودمەندی یەکەمی ئەم خۆپیشاندان و نارەزایەتیانە و خێرا دەستکاری هەندێک یاسا دەکەن بەره و رێکخستنەوە بۆ دامودەزگاکانی دەوڵەت و دواجار بە سەرکەوتن لێی دێنە دەرەوە، ئەوەی لە ئێران چەند ساڵێکە روو ئەدات بۆ هەژاری و برسێتی و قاتوقڕی و گرانی بازارو شمەکه و بۆ پرسگەلێک نییە بەناوی ئازادی و دەمداخستن و ستەمکاریی و سێداره و زیندان، کە دەبوو بۆ ئەمەیان گەلی ئێرانی قسەی خۆی کردبا، ژیانی سیاسی ناجۆرو کپکردنی کاری رێکخراوەیی و فەرهەنگی و ئیشکالیەتی دەوڵەت و پەلهاوێشتنەکانی وەک گەورەترین دەوڵەتی هەژمونگەرای شیعە لە ناوچەکە، ئەمانە کۆنسێبتی خۆپیشاندانن، بەره و گۆرانکاری و ریفۆرم.
خۆپیشاندانی توندو خوێناویی هەمیشە بە قازانجی دەوڵەتی ستەمکار شکاوەتەوە، چونکە قوربانی و ترس زیاد دەبن و خوێنی قوربانیان و خەسارەتی گشتی نادیار دەمێنێتەوه و گەلیش توانستی پەرچەکرداری ئه و هێزو جەبەروتەی دەوڵەتی نییە، زۆربەی خۆپیشاندانەکانی دونیا بە خاوبوونەوە کۆتایی هاتوە، کەمترین جار دەوڵەتیان ملکەچی وازهێنان و روخان کردۆتەوە، وەک ئەوەی لیبیاو میسرو تونس و بەهاری عەرەبی، مەرج نییە هەموو جار خۆپیشاندانی گەوره و ملیۆنی گۆرین و روخانی بەدوادابێت، دەوڵەت هەمیشە وەکو هەناسەیەک نارەزایەتی شەقامی بەکار هێناوە بۆ قۆناغی نوێ و گەشەی بیرۆکراسیەت و ئاکارە بەردەوامەکانی، خۆپیشاندانی هێلەکزەردەکانی فەرەنساو راسیستەکانی بەریتانیا بۆ کێشەی دەرچوون لە یەکێتی ئەوروپا Brexit و خۆپیشاندانی گەورەی کەتەلۆنیەکان بۆ سەربەخۆیی لە ئیسپانیاونارەزایەتی یۆنانیەکان بۆ نان و موچه و ئەوەی بەرازیلیش بۆ سوتانی دارستانەکانی ئەمازۆن، چی گۆڕی و چی بەرهەم هێنا جگە لە خەسارەتی گشتی و شەقام و باڵەخانەکان و بێئومێدیی!؟
شتێک هەیە دەبێت بیزانین، هاوکێشەی ئیسرائیل ئێران ئەمریکا، هێشتا گۆرانی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتوە، ئەوەی دەستکاری خەریتەی سیاسی گەلان دەکات، هەر ئەوان بریاری گۆڕین و روخاندن ئەدەن نەک خۆپیشاندەرانی شەقام، ئەمەی ئێران ململانێیەکی سەخت و کۆنی ناوچەکەیه و بەئاسانی ناچێتەسەر.
ڕاستە خۆپیشاندان میکانیزم و کردەیەکی گرنگی ژیانی سیاسی و رێکخراوەییه و دەوڵەت ملکەچ دەکات بۆ دەستکاری هەندێک یاساو رێساو پێداچونەوەی گرنگ، بەڵام ئەگەر خۆپیشاندان لەگەڵ کرده و فاکتەری ناوخۆیی بزیسک و تۆفان و هوتاف و تەبلیغاتی حەماسی و هاواری گەلدا کرده و مۆتیڤی دەرەکی لەپشت نەبێت هەرگیز ناگاتە ئامانجی خۆی، زۆرێک له و دەستەبژێرەی کە بە خۆپیشاندان هاتوونەتە سەر حوکم بێگومان بەبێ کرده و جوڵەی دەرەکی و مۆتیڤی سیاسی دەوڵەتانی تر دروست نەبوە، ئیمام خومەینی هاوکاتی وتارە ئاگرینەکان و ئاماژەکانی بۆ گۆرانکاری لە سیستمی شاهەنشایی و خۆپیشاندانەکانی ناوخۆی تاران لە ساڵی 79، فاکتەری دەرەکی هەبووپاڵپشتی کرد بۆ ئەوەی لەسەر عەرشی شاهەنشایی دانیشێت و دەوڵەتی پێ بڕوخێنێت، کە حوسنی موبارەک رۆشت، فاکتەری دەرەکی و جوڵەی ناوخۆ تێکەڵکران ئینجا گۆڕانکاری و رووخاندنەکە سەریگرت، محمد مورسی بەهەمان شێوە، بەڵام بۆ عەبدولفەتاح سیسی وێرای ئه و هەموو خۆپیشاندان و نارەزایەتیانە چونکە فاکتەرییدەرەکی ئامادەیی نەبوو تا ئێستا ماوەتەوە، ئەسەد بەهەمان شێوە،یەک خۆپیشاندان لەم عێراقەدا گۆڕینی سیستمی بەدوای خۆیدا نەهێناوە بەوەی ئێستاشەوە کە خۆپیشاندرەر خەریک بوو تا ژوورەکەی عادل عەبدول مەهدی برۆن.
ئێران راستە لە قەیرانێکی سەختی ئابوریی و سیاسی و نارەزایەتی گەوره و تەحەدای ناوخۆیی و گوشاری نێودەوڵەتیدایه و ریفۆرمخوازان و موحافیزکاران و مەرجەعی گەوره و رەهبەر، لە کێشمەکێشێکی گەورەدان، بەڵام تا ئەم ساتەوەختە فاکتەری ستراتیجی دەرەکی بۆ روخاندن ئامادەیی نییە، تەنانەت ترامپ لە مێشکی خۆیدا مەسەلەی روخاندنی ئێرانی سکێچ نەکردوە، چجای گەڵاڵەکردنی پرۆژەیاسای کۆنگرێس و کۆدەنگی جیهانی و کۆکردنەوەی بەرهەڵستکارانی ئێرانی وەک چۆن بۆ عێراق و ئەفغانستان کرا.
رەنگە جیهان بیەوێت ئێران بەم شپرزەیی و لاوازیە ببینێت، بیانەوێت خۆبەخۆ گۆرانکاری دروست بێت، کەشێک سازبکەن بۆ دەستەبژێری نارازی ناو سیستمی دەسەڵاتگەریی و سوپایی و خۆیان کارەکە بکەن بەبێ فاکتەری دەرەکی، روخانی دەوڵەتێکی شیعی و سێنتراڵ و مەزهەبی رۆژهەڵاتی ناوین ئاسان نییە، هەروا بکەوێت و دەوڵەتانی وەک سعودیه و تورکیا میراتەکەی بخۆن، ئەمە پەیوەندی بە گۆرانی هاوکێشەکانەوە هەیە، ئەمریکا دژی شیعە نییە، دژی رەفتارو سلوکی گروپێکی دەسترۆشتوی ستەمکاری شیعەن لە ناوچەکە، دژی مۆدێلێکن لە شیعە، بگرە باشتریان لەم شیعەیە دەوێت، بەیعەتی نوێ و گرێبەستی نوێیان دەوێت تا لە شیعەی لیبراڵی ئێرانی و عێراقی و یەمەنی و لوبنانی ستاتۆیەکی نوێ و شتێکی تازە تاقی بکەنەوەبەبێ پەرت بوون و ئاژاوەی گەورە، دروستە ئەمریکا خوازیاری ئەوەیە ئەم دەوڵەتە مەزهەبیانە لاوازتربکات بۆ مەبەستی بەکارهێنانیان لە شەڕی گەورەتری ناوچەکە بە سعودیه و تورکیای بەمەزهەبیکراوی تازەشەوە،ئەگینا هەر خودی ئەمریکا بۆ ئێران یان تورکیا دەتوانێ بە ئاسانی داشەکان بگۆڕێت و جوندی بخاتە شوێنی قەڵا گەورەکەوە.
تەنانەت دەتوانێتباشترین دەرفەت بداتە کوردو بیکاتە رەقەمێکی گەورە،بەڵام نایکات، رەنگە ئەمریکا خەریکی مۆدێلێکی تازە بێت و دەوڵەتان قەناعەت پێ بکات خۆیان کارەکە بکەن نەک بە هێزی سەربازی تەقلیدی، تورکیا دەوڵەتێکی دراوسێی هەیە بەناوی تورکمانستان و تورک زمانیشن، بۆچی تەنها بۆ کورد رازی نابن ستاتۆی خۆی هەبێت، ئێران دراوسێیەکی هەیە بەناوی ئازەربایجان و لە ئێرانیش ئازەربایجانێک هەیه و فارسیش نین، ئاسانە ئەم مۆدێلەش بۆ کورد فۆرمەڵە بکات بەتەنیشت ئێرانەوە، بۆیە ئەمەی روو ئەدات بەهاری ئێرانی نییە، بەڵکو تاقیکردنەوەی فۆرمێکی ترە بۆ ئیدارەدانی جیۆستراتیجی ناوچەکە و دارشتنەوەی هێزو بەرژەوەندی جەمسەرەکان و هەندێک گۆرانکاری لە سیستمی بەرێوەبەری لە رۆژهەڵاتی ناوین، کورد لە داهاتوو ئەکتەرێکی بەهێز دەبێت لەم گۆرانکاریانە ئەگەر بە شێوەیەکی عەقلانی و هاوسەنگ مامەڵ بکات و هێڵی خۆی بپارێزێت. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=