دوایی بردنەوە مێژوویەکەی لە بەرانبەر بێچووە شێرانی #یانەی وەرزشی هەولێر#، تیمی تۆپی پێی بێچووە شێرانی #یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی# توانی لە شاری #هەولێر#ەوە بفڕێت و بگاتە قۆناغی چوارگۆشەی زێڕینی خولی بێچووە شێرانی یانەکانی ئێراق.
لە چوارچێوەی یارییەکانی خولی بێچووە شێرانی یانەکانی ئێراق و لە دوا جەولەی قۆناغی سێیەمی خولەکە، تیمی تۆپی پێی بێچووە شێرانی یانەی پێشمەرگە لە دەرەوەی یاریگاکەی و لە شاری هەولێر بوونە میوانی بێچووە شێرانی یانەی هەولێر، لەو یارییەدا کە لە کاتژمێر 5:00 ی ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە #20-06-2024# بەڕێوەچوو هەر لە سەرەتاوە یاریزانانی یانەی هەولێری خاوەن یاریگە هەوڵیان بۆ سەرکەوتن بوو بەو پێگەیەی کە تەنیا بردنەوە هیوایان بوو بۆ گەشتنیان بە قۆناغی چوارگۆشەی زێڕین، ئەمه و لە بەرانبەردا بێچووە شێرە پێشمەرگەکان بە یەکسان بوون یاخود بردنەوە دەگەیشتنە ئەو قۆناغە زێڕینە کە یارییەکانی لە شاری #بەغدا#ی پایتەختی ئێراق بەڕێوە دەچێت.
$چیرۆکی نێو یاریگە$:
لەگەڵ دەستپێکی یاری و لە نیوەی یەکەمدا یاریزانانی یانەی هەولێر باڵا دەست بوون و بە تۆمارکردنی 3 گۆڵ پێشکەوتن، بەڵام لە نیوەی دووەمی یارییەکە شێرە پێشمەرگەکان کۆڵنەدان یان کردە ڕەمزی سەرکەوتن و توانیان چوار گۆڵی یەک لە دوایی یەک لە ڕێگەی یاریزانان (محەمەد کاوە و ڕائد مەجید)ەوە تۆمار بکەن و بەو سەرکەوتنە مێژووییەش بێچووە شێرانی یانەی پێشمەرگە شێر ئاسا توانیان بگەنە قۆناغی چوارگۆشەی زێڕینی خولی بێچووە شێرانی یانەکانی ئێراق و لە بەرانبەردا بێچووە شێرانی یانەی هەولێر گەیشتنیان بە قۆناغی چوارگۆشەی زیوی یەکلا کردەوە.[1]