میدیاکاری وەرزشی: #زاگرۆس نانەکەلی#
ڕێک بابچمە نێو نەواخنی بابەتەکە، لەم هەڵبژاردنەی #20-10-2024# بزنسمانێک و خەمخۆرێکی وەرزشی، لەگەڵ چوار میدیاکاری وەرزشی خۆیان کاندید کردبوو بۆ خولی شەشەمی #پەڕڵەمانی کوردستان#.
ئەم پێنج بەڕێزە، هەریەکە لەلایەنێک بوون، هەر پێنجیان ئەکتیڤ و بەتوانا و دڵسۆزبوون بۆ وەرزش و میدیای وەرزشی، بەڵام داخەکەم کەسیان دەرنەچوون، هۆکارەکە کارەساتە، سەدەی بیست و یەک بێت و پەڕڵەمانت هەبێت و نوێنەری وەرزشوانان و میدیاکاری وەرزشیت نەبێت.
هەست دەکەم زۆر ئاساییە، چونکە بەهای میدیای وەرزش و وەرزش لە سەردەمی ئێستاماندا زۆر لەوە گەورەترە ئێمەی هەژار تێیبگەین!.
وڵاتێکی وەکوو قەتەڕ لە #هەولێر# بچووکترە، بە سێ کەناڵی وەرزشی توانی میوانداری مۆندیالی 2022 بباتەوە و چۆن لەگەڵ خۆی دونیای تەنی، هەردوو جەمسەری تۆپی پێی جیهان، کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ و لونێل میسی، چۆن تا ئێستاشی لەگەڵدابێت هەموو جیهانیان سەرقاڵی خۆیان کردووە، ئەگەرنا ئێستا لە هەر کوێ لە کوردستان بپرسیت سەرۆک و پاشای ئەرژەنتین و پورتوگال کێیە؟ کەس نایانناسێت و ژیریش تێ دەگا.
کەچی لای ئێمە ساڵی 2024، بەڵام لە ئەسڵدا ساڵی پێش زایینە لە وەرزشدا، چونکە من تێناگەم وڵاتێک، هەرێمێک، شارێک، گەڕەکێک، کۆڵانێک، وەرزشی تێدانەبێت، ڕێک گۆڕستانی زیندووەکانە.
کەواتە دڵم بە چی ئەم پەڕڵەمانە خۆش بێت؟ یەکێک نەزانێت وەرزش و مێژووی وەرزشی کوردی لە کوێیە؟ بەیانیش کە پەڕڵەمان دانیشتن، چەندین کەسی ناوەرزشی دەکەن بە بەرپرسی وەرزشی لە پەڕڵەمانی کوردستان، زۆر ئاساییە لەگەڵ شاندەکانی پەڕڵەمان گەشت دەکەن و باسی گرنگ و مێژووی وەرزشی کوردیش دەکەن و هیچیش نازانن، ئینجا وەرزشوانەکان و میدیاکارەکانی وەرزشی ڕەسەنیش...!؟ [1]