لەم شیعرەدا بەفر ئەبارێ و
سەرم شاخە
لەم شیعرەدا گوڵ ئەبارێ و
لەشم خاکە
لەم شیعرەدا کچێکی جوان
ئەجریوێنێ و
منیش شەوم.
لەم شیعرەدا خەم باڵ ئەگرێ و
منیش ڕێگای کۆچ و ڕەوم.
لەم شیعرەدا..من درەختی
سپی پۆشی سەر ئەزمەڕی #سلێمانی#م..
لەم شیعرەدا.. ئێستە زستانێکی سوورە و
من نمە نمەی بارانی
سەر گۆڕی #حەسەن کوێستانی#م! [1]
شاعیر: #شێرکۆ بێکەس#
بەرهەم: #مێرگی زام مێرگی هەتاو#
هۆنراوە: حەسەن کوێستانی