بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ بەشداری لە وەرزی نوێی خولەکانی ئێراق سەرپەرشتیاری گشتی تیمەکانی تۆپی پێی #یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی# لەگەڵ دەستەی سەرپەرشتیارانی تیمەکانی (سێبەر، خوار 16 ساڵ و خوار 14 ساڵ) کۆبووەوە.
لەنێو بارەگەی یانەی وەرزشی پێشمەرگە و ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە #20-08-2024#، بەڕێز #وسام محەمەد بازگ# سەرپەرشتیاری گشتی تیمەکانی تۆپی پێی یانەی وەرزشی پێشمەرگە لەگەڵ هەریەک لە، جوتیار جەزا سەرپەرشتیاری تیمی سێبەر، (فریا حەمە حەمەساڵح) سەرپەرشتیاری تیمی خوار 16 ساڵ و فەرمان محەمەد سەرپەرشتیاری تیمی خوار 14 ساڵی تۆپی پێی یانە کۆبووەوە.
سەرەتا وسام باسێکی لە ئەنجام و دەست کەوتەکانی وەرزی ڕابردوو کرد و هەوڵ و ماندوو بوون و شەونخوونی و دڵسۆزییەکانی دەستەی سەرپەرشتیاران و ڕاهێنەرانی بەرز نرخاند و ڕایگەیاند کە لەم وەرزە بە گڕوتینێکی گەرمەوە دەچینەوە نێو ڕکابەرییەکانی خولەکانی ئێراق و دەمانەوێت ئەو دەستکەوت و ئەنجامانەی هەمان بووە لە ڕابردوودا دووبارەیان بکەینەوە.
سەرپەرشتیاری گشتی تیمەکانی تۆپی پێی یانەی پێشمەرگە وتیشی گرنگە تیمەکانمان بە شێوەیەکی ئەکادیمی و زانستی پەروەردە بکەین و تەمەنی گونجاو بۆ تیمەکان دیاری بکەین چۆن لە ڕابردوودا بە یاریزانی خۆمان توانیومانە ئەنجامی کاریگەر بەدەست بهێنین بۆ داهاتووش بەهەمان شێوە گرنگی بە یاریزانانی خۆمان دەدەین و لە قوتابخانەی یانەکەمانەوە یاریزان دەگەیەنینە ئاستەکانی سەرەوە.
لە کۆتایش دەستەی سەرپەرشتیاران سوپاسی وسام محەمەد و کارگێڕی یانەکەیان کرد کە هاوشان لەگەڵیان کار دەکەن و دەیانەوێت یەک دەست سەرکەوتنەکان لەسەر ئاستی ئێراق بچننەوە و بەڵێنیان دا کە بەهەمان ڕۆحی جارانەوە کار بۆ سەرکەوتنەکان بکەن. [1]