=KTML_Bold=هەنگاوەکان بەرەو یەک هەرێم، یەک پەرلەمان، یەک حکومەت، یەک هێزی پێشمەرگە=KTML_End=
#سامان سۆرانی#
لە جیهانێکدا کە هێمای نەرمی و خێرایی هەڵگرتووە، قەیرانەکان ڕیتمی خێرا و کۆنتڕۆڵ نەکراو وەردەگرن، نموونەکەی جەنگ و پێکدادانەکانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەی تری ناسەقامگیری ئەم جیهانە.
هەرێمی کوردستان لە ڕووی ئاسایشەوە سەقامگیرە و پێشکەوتن بەخۆیەوە دەبینێ، ئەگەر چی بە ناوچەی گەرم و گەردەلوولی گڕکاناوی دەورەدراوە، بەڵام ئەمە ڕێگر نابێت، باوەڕمان بەو تیۆریە بێت، کە دەڵێت: کۆمەڵگاکان لە هەموو کەرت و بوارێکدا هەنگاو بە هەنگاو بنیات دەنرێن، بە شێوەیەک ئەگەر سەرجەم بکەرە کاراکان بەشداریی لە گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوەی کۆمەڵگەکەیان بکەن.
واتە بەڕێوەبردنێکی کاریگەر کاتێ کۆمەڵگە بەڕێوە دەبات، ئەگەر ئەندام و گروپەکانی کۆمەڵگە وەکوو فاکتەری بونیادنەر و بەرپرسیار کار بکەن و لێهاتوو و بەرهەمهێنەری سامان و زانیاری و خزمەتگوزاری و دەسەڵات بن، بە شێوەیەک بڕیارەکان دەرئەنجامی ڕاوێژ و کارلێکی هاوبەش بن.
کەواتە دەسەڵاتی سیاسی هاوڵاتی دروست ناکات، بەڵکو کۆمەڵگە ئەو دەسەڵاتەیە کە دەسەڵات دروست دەکات، جا ئایا ئەم دەسەڵاتە بە فۆرمی چەقبەستوویی و دانانی کۆسپ و تەگەرەی پڕ لە ستەم کار بکات، یان بە شێوازی عەقڵانیەت و بەکارهێنانی ژیرییەکی هاوسەنگ و تەکنەلۆژیای مۆدێرن کار بکات، بۆ ئەوەی کولتووری دیموکراسییەتێکی داهێنەرانە بچێنێت.
بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان هەندێ بزوتنەوە و لایەن هەن دەیانەوێت ڕەوتی کاری سیاسی و حکومی لەهەرێم بشێوێنن و هەموو هەوڵەکانیان لەسەر یەک ئەرک چڕکردۆتەوە، چ وەکو ئۆپۆزسیۆنی حزبی، یان ڕێکخراوی کولتووری سەربەخۆ، ئەویش دروستکردنی قەیران و تێکدانی یەکبوونی نیشتمانی و ئەو ئاوەدانکردنەوە و پێشکەوتنە، کە هەرێمی کوردستان وەکوو نموونەیەکی ناوازەی ناوچەکە لەزۆر بواردا بەخۆیەوە دەیبینێت.
دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان بۆ پەرلەمان لە هەرێمی کوردستان دەرفەتی بۆ حزبە سیاسییەکان ڕەخساندووە، لە ڕێگەی هاوپەیمانێتییەوە حکومەتێکی زۆرینەی سیاسی پێکبهێنن و لەم قۆناغە هەستیارەی کە هەرێمی پێیدا تێدەپەڕێ پەنا بۆ بژاردەیەکی نیشتمانی بەرن، بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕووداوەکان لە ناوچەکە کە لەوانەیە ببن بە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی کۆمەڵگەی کوردستان.
پێویستە سازان هەبێت لە نێوان هاوکێشەی دیموکراسی و دەستەبەرکردنی سەرخستنی بەرژەوەندی نیشتمانی.
ئێمە پێمان وایە یەکێک لەگرنگترین بەرپرسیارێتییەکانی کابینەی دەیەم کە بڕیارە لە ئایندیەکی نزیک پێکبێت ،چەسپاندنی سەروەری هەرێم و شەرعییەتێتی بەسەر هەموو ناوچەکانی هەرێم و بەهێزکردنی توانا سەربازی و ئەمنییە فەرمییەکانێتی و بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەلایەتی و گەشەپێدانی هاوسەنگ و فراوانکردنی لامەرکەزییەتی ئیدارییەتی، کە پێچەوانەی یاسا نەبێت.
پێویستە سیاسەتی گشتی هەرێم ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشە و بابەتە ئاساییەکان بێت، بەبێ گەڕانەوە بۆ ئیدارەیەکی ناوەند واتە لامەرکەزیکردنی ئیدارە، پێویستە پتەوکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی و فۆکس خستنە سەر پاراستنی قەوارەی دەستوری هەرێم و داکۆکیکردن لە مافە دەستورییەکانی گەلی کوردستان ئەولەویەتی کار بێت.
سەبارەت بە ئۆپۆزسیۆن کە سەقفی داواکارییەکانی بۆ بەشداریکردن لەو حکومەتەبەرز دەکات، کە ئامانجی یەک هەرێم و یەک پەرلەمان و یەک حکومەت و یەک هێزی پێشمەرگەیە، پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگرێت کە حکومەتی نوێ ڕووبەڕووی دۆسیەی گرنگ و گەرم دەبێتەوە، لەوانە پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی بەغدا، پێشهاتەکانی گۆڕەپانی سیاسی لە غەززە و لوبنان و سوریا و عێراق و وڵاتانی دەوروبەر و دۆسیەی دارایی و خێراکردن لە جێبەجێکردنی ڕیفۆرمی ڕیشەیی لەم بوارەدا و پاراستنی سەقامگیری ئاسایشی و یەکڕیزیی نیشتمانی، ئەمەش دەبێتە هۆی جوڵاندنی چەرخی ئابووری و بوژاندنەوەی گەشتوگوزار و وەبەرهێنان و ڕەخساندنی هەلی کاری نوێ و گەڕانەوەی هەندێ لەتواناکان بۆ هەرێم بۆ یارمەتیدانی لەپێشکەوتن و خۆشگوزەرانی و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری هەرێم و کاراکردنی بیمەی تەندروستی و ئاسایشی کۆمەلایەتی و بەرەنگاربوونەوەی بێکاری و بەرزکردنەوەی ئاستی زانکۆکانی هەرێم و گرنگیدان بە ژینگە، کە بە داخەوە کە لەماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردندا هیچمان لەبارەیەوە نەبیست، سەرەڕای زیادبوونی ژمارەی گەشتیارانی ناوخۆ و بیانی کە پێویستی بەدانانی یاسای تایبەت بەژینگە و جێبەجێکردنیان هەیە بۆ پاراستنی ژینگە و ڕاگرتنی بە پاکی.
دەستەبەرکردنی کاراکردنی بەشداری سیاسی لە هەرێمی کوردستان مەرجێکە بۆ بەدیهێنانی پێشکەوتنی گشتگیر و ڕەخنەی بنیاتنەر لەلایەن ئەو لایەنانەی، کە بەشدار نابن لە دەسەڵات ڕێگەیەکی تەندرووستە بۆ بنیادنان و ئاوەدانکردنەوە.
دروستکردنی متمانە و ڕاوێژکردنی بەرفراوان لە ڕێگەی مێزگرد و دیالۆگ و کۆڕی گفتوگۆی ئاشکرا پێویستن بۆ خستنەڕووی کێشەکان و دۆزینەوەی چارەسەرە بنەڕەتییەکان و گەڵاڵەکردنی چارەسەری پراکتیکی و دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش لەنێوان هێزە سیاسی و حزبییەکان.
مەترسی و ئاستەنگەکان زۆرن، بۆیە ئێمە بە پێویستی دەبینین، کە حکومەتێ بە سەرکردایەتی دەوڵەتمەدار #مەسرور بارزانی# پێک بێت، چونکە بەڕێزیان بۆ ناوەوە و دەرەوە ئەوەی سەلماندووە، کە دەوڵەتمەدارە و خاوەندی دیدگایەکی بەهێزیئایندەسازی و نیشتمانسازییە و لە ماوەی بەڕێوەبردنی کابینەی نۆیەم هەنگاوی لەڕادەبەدەری بۆ بۆنیادنان و تۆکمەکردنی ژێرخان و ئاوەدانکردنەوە و دیبلۆماسیەت نا. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=