ناونیشانی بابەت: =KTML_Bold=وەفایەک بۆ #موزاحیم ڕەحیم#=KTML_End=
ناوەرۆک: یاداشت
نووسین: #بەکر شوانی#
ساڵانی سەرەتای 1980 موزاحم ڕەحیم هاوپۆلمان بوو لە ناوەندیی ئێوارانی #چەمچەماڵ#. بەڵام لە دوای چوونمەوە بۆ #بەغدا# لە ساڵی 1987 بۆ خوێندن، نایەتەوە خەیاڵم موزاحم-م بینی بێت، بەڵام دوێنێ بە بیستنی هەواڵی گەڕانەوەی بۆ ماڵی هەمیشەیی، لە دڵەوە غەمگین بووم و قوڵپی گریانم هات.
لە ناوەڕاستی ساڵانی هەفتاوە تا ساڵانی یەکەم و دووەمی شەڕی ئێراق و ئێرانیش، سەردەمی زێڕینی تۆپی پێ بوو لە #چەمچەماڵ#. لەو سەردەمەدا تەنیا توێژی گەنجان نا، بەڵکوو لە هەموو تەمەنەکان خەڵک دەهاتن و تەماشای یارییەکانی نێوان هەڵبژاردە یان تیپەکانی چەمچەماڵ و تیپەکانی میوانیان دەکرد. ئەوە سەردەمێک بوو تیایدا (عەباس عەزیز و عیمادە ڕەش) و هاوڕێکانیان بە نواندنی هونەری باڵای یاریکردن بە درێژایی 90 خوولەک دڵ و هەستی بینەرانیان کەمەندکێش دەکرد.
من هەزاران وێنەی ئەو سەردەمەم لایە، بەڵام بەداخەوە ناتوانم بیاندەم بە (هەوراز کاوە)، چونکە وێنەکان لە شوێنێکی یادەوەریمدان و هێشتا زانستیش نەیتوانیوە ڕێگەیەک بۆ چاپکردنیان بدۆزێتەوە.
موزاحم ڕەحیم لە زۆربەی یارییەکانی ئەو سەردەمەدا وەک گۆڵپارێزێکی بەتوانا و دڵسۆز لە بەردەم گۆڵدا دەچەقی و بەوپەڕی تواناوە بەرگری دەکرد. ئەو لە ژیانی کۆمەڵایەتیشدا خۆشەویستی هەمووان بوو و نموونەی سالاری و سەنگینی بوو.
خۆم و هاوتەمەنەکانم قەرداری موزاحم ڕەحیم و هاوڕێکانیانین لە پای ئەو هەموو چێژەی کە لەو سەردەمەدا لە ڕێی هونەری تۆپی پێوە بە ئێمەیان بەخشی.
ڕۆحت لە کەشکەڵانی ئاسمان شاد و ئاسوودە بێت و جێگەت فیردەوسی بەرین بێت، موزاحم ڕەحیم. [1]