=KTML_Bold=پولەکەی پاپا چی ئاشکرا کرد!=KTML_End=
#ئاسۆ حاجی#
پەرچەکرداری وڵاتانی داگیرکەری کوردستان تورکیا و ئێران شتێکی نوێی تێدا نەبوو، ئەوان سەت ساڵ زیاترە ناوی کورد و کوردستانیان قبوڵ نیە و هەموو توانای فکری و ئابووری و لەشکری خۆیان لەو خاڵە چڕ کردووەتەوە، چۆن کورد وەک نەتەوە و کوردستان وەک نیشتیمان لە بوون بسڕنەوە، ئەوە کرداری سەت ساڵی رابردوویان بووە، هەموو دونیا گۆڕا و تێڕوانین و بۆچوون و بەرژەوەندیەکان گۆڕانیان بەسەر داهات تەنها عەقڵیەتی داگیرکاری و زاڵی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان وەک خۆی ماوەتەوە و ئەوەش لە پەرچەکرداریان لە بەرامبەر پولەکەی پاپا بە روونی وەدیارکەوت و پەیامێکیان بە کورد دا کە جگە لە خۆی دۆستێکی دیکەی نیە و بە داخەوە کوردیش دۆستی هەموو دونیایە تەنها خۆی نەبێت.
ئەوەی جێی سەرنج و لێوردبوونەوەیە ئەو دابەش بوونەیە کە کۆمەڵگای کوردستانی گرتووەتەوە و بە تایبەتی لە سەر ئاستی بژاری سیاسی و کەسانی قسە رۆیشتووی نێو کۆمەڵگە، پەرچەکرداری ئەوانەی نوێنەرایەتی بۆچوون و ئاراستە و حیزبە سیاسیەکان دەکەن چ لە ئاستی سەرکردایەتی و پەرلەمانتار و میدیاکار و کادیرانیان بەسەر دوو هێڵی پان و دیار دابەش بووینە، یەکەمیان گوزارشت لە هەستی نەتەوایەتی و نیشتیمانی دەکەن و لە دەرەوەی پێناسەی داگیرکەران بۆ کورد و کوردستان بۆچوونی خۆیان هەیە و بە نەفەسێکی کوردستانیانە و دوور لە کاریگەری حیزب و باوەڕی سیاسی وەڵامی ئەو بێڕێزی و هەڵوێستە داگیرکاری و خۆ بە زلزانینەی ئێران و تورکیایان دایەوە، ئەو هەڵوێست و باوەڕە لە حیزبێک کورت ناکرێتەوە، بەڵکو لە ناو هەموو حیزبەکان بە روونی ئەو گوتارە دیار بوو. دووەمیان ئەوانەن کە لە دەلاقەی حیزب و لە روانگەی تۆڵەکردنەوە لە حیزبێک و کەسێکی دیاری کراو مامەڵەیان لەگەڵ رووداوەکە کرد و بوونە زمانحاڵی داگیرکەران و میدیاکەشیان بووە سەکۆی گواستنەوەی بۆچوونی داگیرکەران و گچکەکردنەوەی رووداوەکە تا ئەو رادەیەی وەک مەترسیەک لە سەر حیزبێکی دیاری کراو و کەسێکی دیار کراو بیناسێنن و لە چوارچێوەی نەتەوەیی و نیشتیمانی دەریبهێنن و چوارچێوەیەکی حیزبی بۆ دابتاشن. لەوەش زێدەتر چاوەڕوانی شکستی ئەو حیزبە بن لە بەرامبەر داگیرکەران بە تەنازولکردن یان پەشیمان بوونەوە.
ئەوەی لە پرسی پولەکەی پاپا زێدەتر وەدیارکەوت و رەهەندەکانی ئاشکراتر بوون کە بە هەمان نەفسیەتی خیانەتی شازدەی ئۆکتۆبەر بەرخوردیان لەگەڵ ئەو پرسەکرد، چۆن ئەو کات ببوونە زمانحاڵ و چاوساغی #حەشدی شەعبی#ان دەکرد ئەوجارەش ئامادەییان نیشاندا کە ببنە چاوساغی جەندرمە و پاسدار و هیوا بخوازن ئەو پولەی کە نەخشەی کوردستانی لەسەر ببێتە هۆی لەناو چوونی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان تەنها لە بەر ئەوەی #پارتی دیموکراتی کوردستان# حیزبی زۆرینەیە و بارزانی وەک لێڤەگەڕ هۆکاری بەهێز مانەوەی هەرێمی کوردستانە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=