=KTML_Bold=مێژووی راستەقینەی کورد و فەرەنسا=KTML_End=
#ئاسۆ حاجی#
ئەو مێژووە لەو چەند ساڵە دەستیپێنەکردووە، بەڵکو رەگ و ریشەیەکی درێژی هەیە، بۆ سەرەتاکانی سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول دەگەڕێتەوە، کە مستەفا بارزانی میر کامەران بەدرخان و دکتۆر عیسمەت شەریف وانلی و نوورەدین زازای وەک نوێنەری تایبەتی خۆی دیاریکردن، فەرەنسایان کردە ناوەندی بزاڤە دیپلۆماسییەکانیان، بە دەیان کەسیان لە فەرەنسی و کەسانی دیکەی ئەوروپایی ناردە کوردستان، ئەو کەسانە خزمەتێکی گەورە بە شۆڕش کرد، زۆربەشیان وەک دۆستی نزیک و خەمخۆری گەلی کوردستان مانەوە، ژمارەیەکی زۆری ئەو کەسایەتیانە ئێستاش لە ژیاندا ماون.
لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول ئەو دۆستانە لە تێکۆشانیان بۆ پاڵپشتیکردنی مافەکانی گەلی کوردستان بەردەوام بوون، لە کۆتایی ساڵانی حەفتاکان و سەرەتای ساڵانی هەشتاکانی سەتەی رابردوو، لە رێگای ژمارەیەک کەسایەتی کورد و دۆستانی کورد، بزاڤی توندکردنەوەی پەیوەندییە دۆستایەتییەکان دەستیپێکردەوە، کە سەرۆک #مەسعود بارزانی# سەرپەرشتی دەکرد و بەخۆی میحوەری دروستکردنەوە و داڕشتنەوەی ئەو پەیوەندییانە بوو، کاریگەریی سەرۆک بارزانی و بایەخ و گرنگی دروستکردنەوەی ئەو پەیوەندییانە ئەوەندە گەورە بوو کە حکومەتی #بەعس# و خودی سەدام حوسێن لێیان تۆقی بوو، بۆیە لە کۆتاییەکانی ساڵی 1979 هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک بارزانییان دا.
ئەو بزاڤانەی سەرۆک مەسعود بارزانی بازنەی پەیوەندییەکانی فراوانتر کرد، تا ئەو رادەیەی کەسانی وەک مەدام دانیال میتێران و هاوسەرەکەی سەرۆکی کۆچکردووی فەرەنسا فرانسوا میتێران بەشێکی ئەو بازنەیەیان پێکدەهێنا، ئەو پەیوەندیانە تەنها لە بەرژەوەندی باشوری کوردستان و شۆڕشەکەی گچکە نەکرانەوە، بەڵکو بۆ خزمەتی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کوردستان لە هەر چوار پارچەی کوردستان درێژ کرانەوە، ئەو پەیوەندیانە لە هەموو رووداو و قۆناغەکانی مێژووی سیاسی کوردستان رۆڵی کاریگەریان هەبووە، لە ناردنی یارمەتی بۆ شۆڕش لە هەموو رووێکەوە، تا بە بەهاناوەچوونی دەربازبووانی کورد لە شالاوەکانی ئەنفال، هەروەها بە هاناوە هاتنی فەڕەنسا لە رۆژانی کۆڕەوە ملیۆنیەکەی ساڵی 1991، کە خودی مەدام میتڕان وێڕای هەوڵدانی ئێران لە رێگریکردنی بۆ نەپەڕینەوە لە سنووری دەستکردی نێوان باشور و رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام خۆی گەیاندە ناو خەڵکی هەڵاتوو لە زوڵم و ستەمی رژێمی بەغدا، لەوێ لە نێو خەڵکی ئاوارە بوو لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبوویەوە، کە بە گرنگترین کۆبوونەوە هەژمار دەکرێ لە مێژووی سیاسی کوردستان، چونکە ئەو کۆبوونەوەیە بووە هۆی ئەوەی فەڕەنسا و لە سەر زاری سەرۆکەکەی رەوانشاد فڕانسوا میتێڕان بە وڵاتانی زلهێز و دنیا بڵێ: ئەگەر بە تەنهاش بین ئەوە بە هانای میللەتی کورد دەچین کە لە بەردەم هەڕەشەی لە ناوچوونە. ئەو بانگەوازەی فەڕەنسا دەرچوونی بڕیاری 688 ئەنجوومەنی ئاسایشی لێ وەبەرهات، کە بووە هەوێن و بناغەی دامەزاراندنی هەرێمی کوردستانی عێڕاق، کە ئێستا وەک قەوارەیەکی فیدڕالی دەستووری لە نێو دەستووری هەمیشەیی عێڕاق پێناسە کراوە.
لە شەڕی شکاندنی ئەفسانەی #داعش# لە سەر دەستی پێشمەرگەکانی کوردستان لە ژێر رابەرایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی، ئەو مێژووە خۆی نوێ کردەوە، چۆن پێشمەرگە بە نوێنەرایەتی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەگژ گەورەترین رێکخراوی تیرۆرستی جیهانی بوویەوە، بە هەمان شێوەش فەڕەنسا بووە نوێنەری راستەقینەی دۆستایەتی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، فەڕەنسا هێزی رەواندنەوەی ترس و نیگەرانی خەڵک بوو لە دوای رۆژە رەشەکانی دوای خیانەتی 16 ئۆکتۆبەر، فەڕەنسا ئەو دەستە بوو کە بۆ هەرێمی کوردستان درێژکرا و دەرگای گەڕانەوەی بۆ ناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ کردەوە.
سەردانی کردنی سەرۆک ماکڕۆن بۆ #هەولێر# درێژە کردنەوەی هەمان ئەو مێژووەیە، کە تێکۆشەرانی فەڕنسی و کورد پێکەوە بناغەیان داناوە، نیشان دانەوەی هەمان ئەو هەلوێستە گرنگانەیە کە فڕانسوا میتێڕان و فڕانسوا ئۆلاند نیشانیان دا، دەست درێژکردنەوەی سەرۆکێکی دیکەی کۆماری فەڕەنسایە بۆ هەمان ئەو دەستەی کە سەرۆکەکانی بەر لە خۆی متمانەیان پێ هەبووە و هەمیشە گوتوویانە: خۆشحاڵین بە دۆستایەتیت سەرۆک مەسعود بارزانی. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=