=KTML_Bold=خوێندنەوەیەک بۆ دەست پێشخەریەکەی بارزانی=KTML_End=
#ئاسۆ حاجی#
یەکەمین واتا (دەلالەت)ی دەست پێشخەریەکەی بارزانی، ئاوڕدانەوەیەکە لەوانەی کە دوای رووداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەر، گرەویان لە سەر کۆتایی هێنان بە رۆڵی بارزانی و حیزبەکەی دەکرد، ئێستا دەبینن پێگەی بارزانی و پارتەکەی چۆن و لە چ ئاستێکدایە و ئەوانیش گەیشتوونەتە چ رۆژێکی رەش، ئێران خۆی بهاوێتە لای بارزانی و شەفاعەتیان بۆ بکا و داوای لێ بکات دارێکی خێرێ بە نێوان لایەنە ناکۆکەکان دابهێنێ و کارێک بکات ئەوان لە پڕۆسەی سیاسی ئاوت نەکرێن.
واتایەکی دیکەی گرنگ کە ئادگاری قۆناغی نوێی سیاسی عێڕاق وەک وڵاتێکی فیدڕالی دیاری دەکات، نزیکبوونەوەی نێوان و کورد و عەرەبی سوونەیە کە لەوەتەی دەوڵەتی عێڕاق لەلایەن ئیستعمارەوە لە دەرەوەی ئیرادەی خەڵکەکە دروست کراوە بەو شێوەیە هەستیان نەکردووە ئەوەندە پێویستیان بەیەکتری هەیە و دەتوانن وێکڕا ژمارەی گەورە و کاریگەر بن لە هاوکێشەی سیاسی ناوچەکە نەک عێڕاق، بارزانیش وەک لێڤەگەڕ (مەرجەعی) ئەو هاوپەیمانەتیە لە سەر ئاستی ناوخۆیی و ئیقلیمی و دەولی قبوڵکراوە.
دەست پێشخەریەکەی بارزانی کە لە #هەولێر# رەهەندەکانی دیاریکراون، لە کۆبوونەوەی #نێچیرڤان بارزانی# و موقتەدا سەدر و محەمەد حەلبوسی و خەمیس ئەلخەنجەر کاری خۆی کرد، بە لێزانی و کارامەیی نێچیرڤان بارزانی کە بە جوانترین شێوە توانی کۆدەکانی ناو دەست پێشخەریەکە بۆ موقتەدا سەدر بکاتەوە و قایلی بکات بەوەی لەو قۆناغەدا ناکرێ هیچ کەس و لایەنێک ڤیتۆی لەسەر دابندرێ، دەبێ پرسە چارەنووسسازەکان لە پرس و کێشەی کەسی دوور بخرێنەوە و لە گۆشەنیگای بەرژەوەندی گشتی تەماشای هەموو لایەنێک بکرێت، نێچیرڤان بارزانی بە گەواهی حەلبوسی و خەنجەر لە گەیاندنی پەیام و کاراکردنەوەی هەولەکان بۆ دەست پێکردنەوەی گفتوگۆ و خوێندنەوەی یەکتری بە باشترین شێوە سەرکەوتوو بووە.
کورد کە بە هۆی لایەنێکی کوردستانی ببووە کەرستەیێک بە دەست ئەوانی دیکەوە، چۆنیان بوویستبا ئەوها بەکاریان دەهێنا، ئێستا بۆتەوە یاریکەرێکی سەرەکی گۆڕەپانی سیاسی و گەڕاوەتەوە سەردەمی زێڕین کاتێک سەرۆک بارزانی و رەوانشاد وەک دوو برا و حیزبەکانیان وەک یەک تیم بۆ مافە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان تێدەکۆشان، بەڵام ئەوجارەیان بارزانی بە تەنیا و بە حیکمەت و دووربینی و بە دەستگرتن بەو مێژووە هاوبەشەی لەگەڵ تالەبانی هەیانبوو، کەلێنی #مام جەلال#یشی پڕکردۆتەوە، بۆیەشە لە وەلامی ئیسماعیل قائانی نێردەی تایبەتی رابەری شۆڕشی ئێران خامەنەئی، گوتبووی کە پێویستی بە دونیابینی مام جەلالە بۆئەوەی یەکێتی وەک هاوبەش و هاوپەیمانی ستراتیژی قبول بکات، چونکە کێشەی کورد پرسی نەتەوە و نیشتیمانێکە نەک کورسیەک لە بەغدا، هەمان ئەو گوزارشتە لە حەنانەش دووبارە کرایەوە و بەشداربووان جەختیان لەوە کردەوە کە بەربژێری سەرۆک بارزانی دەنگ و پاڵپشتی ئەوانی هەیە و سەردەکەوێ.
ڕۆژانی داهاتوو کورد لە رێگای پارتیەوە ئامادەیی بەهێزتری لە بەغدا دەبێ و بەشدارانی کۆبوونەوەی حەنانە هێزی سەرەکی داڕشتنەوەی سیاسەتی عێڕاق دەبن بە لە بەرچاوگرتنی رۆل و پێگەی ئەوانی دیکە نەک پشتگوێ خستنیان، کە دەست پێشخەریەکەی سەرۆک بارزانی دەبێتە میحورەی دانیشتن و گفتوگۆکان، بەو ئومێدەی دۆخی سیاسی و ئەمنی بە ئاراستەی سەقامگیری بڕوا و بگاتە خاڵێک کە هەموو لایەک خۆیان بە براوە بزانن نەک دۆڕاو.
بە تێڕوانین لە دەست پێشخەریکەی بارزانی کە هەموو ئەو لایەنانەی گەشاندۆتەوە کە تەواو بێ ئومێد ببوون لەوەی بخرێنە دەرەوەی هەموو حیساباتەکان و تەنها رێگا کە بۆیان مابێتەوە تێکدانی ئاسایش و پەنابردن بێت بۆ توند و تیژی، بگەڕێنەوە سەر رێگای دروستی (تەوافق و شەراکەت و مشارەکە).
دوور لە دەست پێشخەریەکەی بارزانی و ئەو هەولانەی بۆ چارەسەرکرنی گرفتەکان دەستی پێکردووە، پێویستە ئەوە بگوترێ کە عەرەب چ شیعە بن یان سوونە، بە درێژایی مێژوو دەستێکیان قورئانە و دەستەکەی دیکەیان شمشێرە، کە بێهێزبوون قورئانەکە بڵند دەکەن ق داوای هاوکاری دەکەن، کە بەهێزیش بوون شمشێریان ئامادەیە بۆ گەردەنی کورد. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=