=KTML_Bold=یەک ناونیشان بۆ سەردانەکەی #مەسرور بارزانی#=KTML_End=
#ئاسۆ حاجی#
سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ تورکیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردۆغان، تەنها یەک ناونیشانی لێ دەوەشێتەوە، کە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان خاوەنی ستراتیژیەتێکی روون و چەسپاو و نەگۆڕە، ئەویش دەستبەردارنەبوونی مافە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی خەڵکی کوردستانە، هەروەها سازش نەکردنە لە سەر مافە دەستووریەکانی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان.
لە سێ ساڵی رابردوودا وێڕای ئەو هەموو ئالنگاریە سەخت و جددییانەی هەبوون و هەن، مەسرور بارزانی توانی رەهەندەکانی دونیابینی خۆی بۆ حوکمڕانی و ستراتیژیەتی کارکردنی کابینەکەی بە تەواوی دیاری بکات و بچەسپێنێ، لە رێگای هەبوونی ئیرادەیەکی جددی بۆ راستکردنەوەی هەموو ئەو هەڵانەی لە رابردوو کراون.
جیهان بە گەشتی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی لە بەردەم گۆڕانکارییەکی گەورەدایە، لەو گۆڕانکاریانە هەرێمی کوردستان دەرفەتێکی زێڕینی لە بەردەمدایە بۆ بەهێزبوونەوەی پێگەکەی و باشتربوونەوەی ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەی لە رێگەی زیادبوونی داهات بە هەناردەکردنی غازی سروشتی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان، هەر ئەوەشە کە چەند لایەنێکی لە بەغدا نارەحەت کردووە، بە دەست لە پشدانی وڵاتێکی ئیقلیمی و لە رێگەی دادگای باڵای فیدڕاڵ و بەکارهێنانی لە دژی مافە دەستووریەکانی خەڵکی کوردستان، هەروەها بە هاندانی لایەنێکی ناوخۆیی بۆ دروستکردنی کێشە بۆ جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆسپ لەبەردەم سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان لەو کارەیدا دروست دەکرێت.
بەڵام ئەوەی روون و دیارە، ئایندەی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستانە، کە بەسەر قەیرانەکاندا سەردەکەوێت، هەروەها ستراتیژیەتی نەگۆڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکەکەیەتی لە دەستبەردارنەبوون لە مافە دەستووریەکان و سازشنەکردن بۆ هیچ لایێک و بۆ هیچ شتێک، ئەوەش ئیرادەی خەڵکی کوردستانی لە پشتە و ویستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لەگەڵدایە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=