=KTML_Bold=واتا نەگوتراوەکان لە گوتارەکەی #مەسرور بارزانی#دا=KTML_End=
#ئاسۆ حاجی#
لەوەتەی بووەتە سەرۆکی حکومەت، گوتارەکانی مەسرور بارزانی سێ دەستەواژە بە بەهێزی ئامادەییان هەیە، راشکاوی و جورئەت و سادەیی. ئەو سێ خەسڵەتە لە گوتارەکەی ئەمڕۆی بە هەموو رەهەندەکانیانەوە بە تەواوی دیار بوون.
لەبارەی بارودۆخی کوردستان، بە تایبەتی ئەو قەیرانە ئابووریەی لە #سلێمانی# دروست کراوە، مەسرور بارزانی لە دەقی قسەکانی (تێکست) وەک وشە و دەستەواژە بەسەر زاری دا نەهات، بەڵام لە کۆنتێکست (سیاق)ی گوتارەکەیدا، بە هەر سێ حیزبی پێکهێنەری حکومەت و بە تایبەتی بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان (کە بە هۆی کۆمەڵێک هۆکاری زاتی و مەوزوعی دەستی بەسەر دەڤەری سلێمانیدا گرتووە) گوت، کە ئێستا قۆناغی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیە و قۆناغی تەنیا بەشداربوون لە دەسکەوت و خۆ بە بەرپرس نەزانین کۆتایی هاتووە.
مەسرور بارزانی لە راگەیاندنی کارنامەی کابینەکەی لە پەڕلەمانی کوردستان، ئەوکاتیش رایگەیاند کە ئەو کابینەیە درێژکراوەی کابینەکانی دیکە نابێت و دەبێ پچڕانێکی مێژوویی و مەعریفی لە ئیدارەدانی کوردستان و خزمەت کردنی خەڵکەکەی هەبێت، ئەوەش نەک بەو مانایەی کە کابینەکانی دیکە خراپ بن و کار و خزمەتیان نەکردبێ، بەڵکو بەو واتایەی سەردەمی ئێستا وەک چۆن لە هەموو روو و بوارێک جیاوازە دەبێ لە شێوازی حوکمڕانیش جیاواز بێت.
سەرۆکی حکومەت وەک چۆن لە سەرەتای دەست بەکاربوونی، زۆر لێکدانەوە و پێشبینی دەکران، کە کابینەکەی ئەمنی و داخراو دەبێت و سەرۆکی حکومەت بەهەمان دنیابینی بەڕێوەبردنی دەزگایەکی هەواڵگری و ئەمنی حوکمەتداریش بکات، بەڵام ئەوانە تەواو پێچەوانە دەرچوون، لە هەبوونی ئەوپەڕی شەفافیەت لە داهاتی نەوتی و نانەوتی، هەروەها کارکردن بۆ راستکردنەوەی ئەو هێلە خێچ و خوارەی حوکمڕانی کە لە دەرئەنجامی بەحیزبی کردنی کۆمەڵگەی کوردستان و تێکەڵبوونی سیاسەت و بازرگانی دروست بووە و ئێستا خەڵک باجەکەی دەدەن.
لە کۆنتێکستی گوتارەکەی مەسرور بارزانی، گوتاری سەرلەنوێ داڕشنەوەی پەیوەندی حکومەت و خەڵک ئامادەییەکی گەورەی هەبوو، لەوەی کە دەبێ خەڵک حکومەت و حەقیقەتی حوکمڕانی لە کوردستان بناسن، دەبێ لەوە تێبگەن کە هەبوونی دەسەڵاتی حیزبی و سەربازی و دارایی لە دەرەوەی حکومەت کارەسات دروست دەکات وەک ئەوەی ئێستا لە سلێمانی هەیە، لە بەبارمەتەگرتنی خەڵکی شارێک و سزادانیان لە پێناو دەسکەوتێکی شەخسی یان حیزبی. بۆیە ئەوەی یاری بە ژیان و پاروەنانی منداڵان دەکات، حکومەت نییە، بەڵکو کەسانێکن کە بەهەمان شێوەی خەڵک دژایەتی و دوژمنایەتی حکومەتیش دەکەن. بەوەش نیشانی دا کە حکومەت و خەڵک لە یەک بەرە دان و پێویستیشە هاوکار و پاڵپشتی یەکتر بن بۆ ئەوەی بتوانن وێکڕا رێگری لەو کارە نەخوازراو و ناشیاوەی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان بە گشتی و دانیشتوانی سلێمانی و #هەڵەبجە# و #گەرمیان# و راپەڕین بە تایبەتی دەکرێ.
دەرئەنجامەی کار و ئەو گوتارە نوێیەی مەسرور بارزانی بۆ شێوازی بەڕێوەبردن و بەهێزکردنەوەی کوردستان و ئاشتکردنەوەی خەڵک و دەسەڵات لەگەڵ یەکتر بە دڵنیایەوە بەرهەمی دەبێت، چونکە لەو رووەوە (لە بازنەیەکی بچووکتر) ئەزموونێکی سەرکەوتووی هەیە، کاتێک لە دوای تەواوکردنی ماستەرەکەی لە ئەمەریکا و گەڕانەوەی بۆ کوردستان و وەرگرتنی بەرپرستارێتی دەزگای پاراستن، توانی پەیوەندی نێوان ئەو دەزگا هەواڵگری و ئەمنییە لە پەیوەندی (ترس و گومان) بگۆڕێت بۆ پەیوەندی (رێز و متمانە).
ئەوەی دەبێ خەڵک و لایەنە سیاسیەکان تێیگەیشتبن لە واتا نەگوتراوەکانی مەسرور بارزانی، ئەوەیە کە مێژوو راناگیرێ و کات ناگەڕێتەوە دواوە، بۆیە دەبێ پێویستییەکانی ئەو قۆناغە لەبەرچاو بگرن و هەرسی بکەن، ئەگەر نا بەو قۆناغە راناگەن و بەجێ دەمێنن و لە کێبڕکێی خزمەتکردن دەکەونە دواوە و دەدۆڕێن، مێژوو و خەڵکیش رەحم بە دۆڕاوان ناکەن. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=