=KTML_Bold=#مەسرور بارزانی#، هێز و هەڵوێست=KTML_End=
#ئاسۆ حاجی#
دەڵێن ژیانی مرۆڤ مێژووەکەیەتی، مێژووی مرۆڤیش بە هەڵوێستەکانی هەژمار دەکرێت، ئەوانەی هەڵوێستەکانیان مێژوو دروست دەکەن، ئەوانەن کە ژیانێکی سەربەرز و نەمری بۆخۆیان مسۆگەر دەکەن، لە دونیای سیاسەت ئەو هاوکێشەیە ئاڵۆزترە لە بوارەکانی دیکەی ژیان، بۆیە ژمارەی ئەو سیاسیانە زۆر کەمە کە توانیوویانە ببنە ناوێکی گەشاوە و بەشێک لە مێژووی زیندووی میللەتەکەیان.
تەنها ئەو کەسانەی کە توانیوویانە پچڕانی مەعریفی Cognitive break لە مێژووی میللەتەکەیان دروست بکەن، لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیانی و ژیاری، ئەوانەن وەک ڕابەر و سەرکێشی قۆناغێک بۆ قۆناغێکی دیکەی پێشکەوتووتر و گرنگتر ناویان دەهێندرێت و ئاماژەی مەزنی و شکۆدارییان بۆ دەکرێت.
مەسرور بارزانی لە مێژووی دوای ڕاپەڕینی گەلی کوردستان، کە درێژترین مێژووی حوکمڕانی کوردیە لە مێژووی نوێی کوردستان دا، بە دونیابینی و بیروباوەڕی کەسی خۆی کە درێژکراوەی مێژوو و فکر و فەلسەفەی بنەماڵەکەیەتی، خەریکە پچڕانێکی مەعریفی لە مێژووی حوکمڕانی و شێوازی دەوڵەتداری و تەواوکردنی قۆناغەکانی ڕزگاری نیشتیمانی تەواو دەکات، لە ڕێگای ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵانەی لە شەش دەیەی ڕابردوو (لە شێستەکانەوە تا ڕاپەڕین و لەوێوە تا ئێستا) لە بەرامبەر مافە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان کراوون، هەروەها ڕاستەڕێ کردنی حوکمڕانی و سەروەر بوونی ئیرادە و هێز و حوکم دامەزراوەییە نیشتیمانییەکان، لە ڕێگای دوورخستنەوەی دامەزراوەی حیزبی و ئاینی و کەسیەکان، لە دامەزراوەی حکومەت و حکومەتداری.
ئێستا کوردستان بە قۆناغێکی هەستیار و کاتێکی یەکلاکەرەوە گوزەر دەکات، کە هێزگەلێکی ناڕەسەنی ناوخۆیی و ئیقلیمی کار دەکات، بۆ لە ناوبردنی قەوارەی دەستوری کوردستان، لە بەرامبەردا هێزێکی ڕەسەنی خۆماڵی هەیە کە سازش لە سەر بچووکترین مافی خەڵکی کوردستان ناکات و دەستبەرداری بستێک خاک نابێت و سەرچاوەی بڵاوکردنەوەی وزەی پۆزەتیڤ و گەشبینیە، کە ئایندەی خەڵک و خاکی کوردستان دەنەخشێنێ، مەسرور بارزانی ڕابەرایەتی ئەو قۆناغە دەکات و بە دڵنیایەوەش سەردەکەوێت.[1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=