یەکێتی ناوەندی تایکواندۆی ئێراق لە شاری بەغدا و لەنێو هۆڵی یانەی ئەرمەن و لە ماوەی دوو ڕۆژدا پاڵەوانێتی تایکواندۆی کچانی تازەپێگەیشتووانی یانەکانی ئێراقی بەڕێوە برد.
لەو پاڵەوانێتییەدا کچانی #یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی# دوای ڕکابەرییەکی بەهێز دواجار توانیان بە سەرکەوتنە یەک لە دوای یەکەکانیان پلەی دووەم لەنێو یانەکانی ڕکابەر دەستەبەر بکەن.
سەبارەت بەو ئەنجامەیان (بەختیار حسێن ڕەزا) ڕاهێنەری یانەی پێشمەرگە و ئەندامی لیژنەی هونەری یەکێتی ناوەندی تایکواندۆی ئێراق تایبەت بە پێشمەرگە سپۆرت وتی، ئەم پاڵەوانێتییە یەکێک لە بەهێزترینەکانە کە ڕکابەری تا دوا چرکەکان لەنێوان یاریزانان بوو بەڵام خۆشبەختانە توانیمان بەو سەرکەوتنانەمان پلەی دووەم بە شایستەی بۆ یانەکەمان بەدەست بهێنین.
بەختیار وتیشی هەردوو کیژە یاریزان، (کاسی کاروان لە کێشی 47 کغم) و (هەنی شاڵاو لە کێشی 55 کغم) توانیان بە سەرکەوتنەکانیان ببنە جێگەی سەرنجی لیژنەی دیاری کردنی باشترینەکان و بۆ ڕیزی هەڵبژاردەی ئێراق دیاری بکرێن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کە دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی لەلایەن یەکێتی تایکواندۆی ئێراق لە یەکێتی تایکواندۆی جیهانی بڕیارە پاڵەوانێتی نێودەوڵەتی بەغدای کراوە بە ناوی G1 بەڕێوە بچێت و کچانمان لەو پاڵەوانێتییەدا بەشداری دەکەن.[1]