سیروان عەباس
دەوروبەری باکووری حەلەب، کە بە ناوچەی شەهبا ناسراوە و زۆربەی ئاوارەکانی سنووری هەرێمی عەفرینی تێدا نیشتەجێ بوون، خەڵکەکە جارێکی دیکە ڕووبەڕووی کارەساتی بە کۆمەڵ بوونە و لە ئاوارەییدا ئاوارە بوونەوە. دۆخی بەشێکیان زۆر خراپە، پێداویستی و خۆراکیان دەستناکەوێت.
ساڵی 2018، هاونیشتمانییانی سنووری هەرێمی عەفرین، بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیکییەوە، ئاوارەی گوندەواری حەلەب (ناوچەی شەهبا) بوون، کە ژمارەیان نزیکەی 200 هەزار کەس بوو.
دووەم کۆڕەوی عەفرینییەکان
ڕۆژی#27-11- 2024# ، دەستەی تەحریری شام (جەبهەتولنووسرەی پێشوو) هێرشێکی لەناکاوی کردە سەر شاری حەلەب و زۆربەی شارەکەی (جگە لە دوو گەڕەکی کوردنیشن بە ناوەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە) گرت. لەلایەکی دیکەشەوە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کە لە تورکیاوە نزیکن، بەرەو ناوچەی شەهبا و شارۆچکەی تەلڕەفعەت پێشڕەوییان کرد و گرتیان.
ئاوارەبوونی خێزانە کوردەکان لە شەهباوە بۆ عەفرین. ئەوان لە تەبقە دەمێننەوە. وێنەکە بۆ ڕووداو نێردراوە
ئێستا ئەو ئاوارانە، دوای شەش ساڵ، نەوەیەکی دیکەیان گەورە بوون و ئەوانیش گیرۆدەی شەڕ و ئاڵۆزییەکان بوون. ئەوانە بە ناچاری چوونەتە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات لە ناوچەکانی ڕێڤەبەری خۆسەر و بەشێکیان دەگەڕێنەوە بۆ هەرێمی عەفرین.
100 هەزار کورد ئاوارە بوونەتەوە و بەشێکیان گیریان خواردووە
شێخ مووس ئەحمەد، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بۆ کاروباری ئاوارەکان، قسەی بۆ تۆڕی میدیایی ڕووداو کرد و وتی: ئێستا ئێمە لە هەوڵداین بۆ نیشتەجێکردنی ئاوارەکان.
ئەو ژمارەی ئاوارەکانی ئاشکرا نەکرد، بەڵام وتی: تا ئێستا نزیکەی 30 هەزار خێزان لە شەهباوە هاتوون بۆ ئێرە [تەبقە]، ئاوارەکان نزیکەی 100 هەزار کەس دەبن.
تەبقە دەکەوێتە ڕۆژاوای شاری ڕەققەوە (دیوی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات) و لەژێر دەسەڵاتی هەسەدە دایە.
شێخ مووس دەڵێت: ژمارەیەکی زۆر لە ڕێگەی گەیشتن بۆ ئێرە گیریان خواردووە و هەندێکیشیان هەر لە شەهبا ماونەتەوە، بەڵام تاوەکوو چەند ڕۆژێکی دیکە چاوەڕێ دەکرێت هەموو خێزانەکان بگەنە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.
ئاوارەیەک: سێ ڕۆژە نانمان نەخواردووە
ئەبوو حەسەن، یەکێکە لە ئاوارەکان، ڕۆژی سێشەممە، 03-12-2024، باسی ڕەوشی خۆیانی کرد و وتی: ئێمە لە دۆزەخدا دەژین، بەهۆی تۆپبارانی تۆپخانە و تانکەکان و مووشەکەکان. بۆ ماوەی سێ ڕۆژ هیچ نانێکمان نەخواردووە، هیچ شتێکی لێ نییە و هەموو شتێک دەستی بەسەردا گیراوە.
ئەحمەد، یەکێکی دیکەیە لەو هاونیشتمانییانەی کە دەربەدەر بووە و دەڵێت: ئێمە سێ ڕۆژە لە ڕێگە ڕۆژمان کردووەتەوە تاوەکوو بگەینە ئێرە، لەسەر جادەکان ماوینەتەوە، بێ ئەوەی هیچ شیرێکمان بۆ منداڵ هەبێت. لەسەروو ئەوەشەوە، بەترسەوە ڕێگەمان دەبڕی.
بەهۆی ئەوەی زۆربەیان خەڵکی عەفرینن و لە ئاداری 2018وە کاتێک ئەو شارە لەلایەن هێزەکانی نزیک لە تورکیا گیرا، ڕوویان لە تەلڕەفعەت کرد، زۆربەیان تا دووبارە ئاوارەبوونەوەیان لە کامپدا ژیاون.
شەڕڤانانی هێزی ئازادکردنی عەفرین لە ناوچەی شەهبای باکووری شاری حەلەب کشانەوە و بە ڕێککەوتن، شارۆچکەی تەلڕەفعەتیان ڕادەستی چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کرد کە تورکیا پاڵپشتییان دەکات.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ئەنەکەسە هاوکاریی مرۆیی پێشکەشی ئاوارەکان دەکەن
لە هەرێمی عەفرین، دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشوازی لە ئاوارەکان دەکات و هاوکاریی مرۆییان پێشکەش دەکات.
سەربەست خەلیل، ئەندامی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەرێمی عەفرین قسەی بۆ تۆڕی میدیایی ڕووداو کرد و وتی: ئەمە دووەم ڕۆژە پێشوازی لە ئاوارەکانی سنووری حەلەب و تەلڕەفعەت دەکەین، خواردن، خواردنەوە، پێداویستییان پێشکەش دەکەین.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، تیمێکی تایبەتیی تەندرووستیشی لەگەڵدایە بۆ ئەوەی چارەسەری نەخۆشەکان بکات.
هەروەها ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ENKS) هاوکاریی ئاوارەکان دەکات. سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە هەرێمی عەفرین قسەی بۆ تۆڕی میدیایی ڕووداو کرد.
ئەحمەد حەسەن وتی: دوو ڕۆژە کاروانەکانی خەڵکی ئێمە دەگەڕێنەوە بۆ هەرێمی عەفرین، ڕۆژی 2ی ئەم مانگە لە بەیانی تا نیوەی شەو پێشوازیمان لە خەڵکی خۆمان کرد، بە بینینەوەی ئەوان میللەتەکەمان زۆر دڵخۆش بوو، ئەوەی پێمانکرا هاوکاریمان کردن.
ئەحمەد حەسەن، سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و هەموو ئەو دەزگایانە کرد کە هاوکاریی ئاوارەکانیان کردووە، دوێنێ نزیکەی 400-500 خێزان دەربازی هەرێمی عەفرین بوون، لە ڕێگە تووشی ئاستەنگ و سەرمای زۆر دەبن، ئێمە هەندێک ئۆتۆمبێلمان گرتووە بۆ ئەوەی ئاوارەکان بهێنینەوە بۆ عەفرین.
گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ژنێکی کوردیان سەربڕی و هاوژینەکەشیان دەستگیرکرد
ئیبراهیم شێخۆ، سەرۆکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە هەرێمی عەفرین، ئەویش وەکوو دەیان هەزار هاونیشتمانیی دیکە لە شەهباوە ئاوارەی تەبقە بووە. ئەو میوانی بووڵتەنی ڕۆژاڤای کوردستان بوو کە دلبخوین دارا پێشکەشی دەکات.
شێخۆ زۆر سوپاسی ڕووداوی کرد کە هەمیشە ئاگای لە ڕەوشی ئەوان بووە و وتی: 100 هەزار کەس زیاتر ئاوارە بووین، کاروانی ئاوارەکان بەیانی تاوەکوو نیوەی شەو بەردەوامە، لە ڕێگە مەترسییان لەسەرە و چەکدارانی تەحریری شام هەڕەشەن بۆ سەریان، ئێستا ئاگامان لە هەندێک خێزان نەماوە کە بەڕێوەن.
ئیبراهیم شێخۆ دەڵێت: زۆربەی ئاوارەکان لەنێو ئۆتۆمبێلەکانیان دەنوون، ئەوانەشی دەگەنە عەفرین و تەبقە دەبرێنە قوتابخانە و مزگەوتەکان، بەشێکیشیان خێمەیان پێدەدرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی کەش زۆر ساردە، خەڵکی ناوچەکە دەیانبەنە ماڵی خۆیان و داڵدەیان دەدەن.
سەرۆکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە هەرێمی عەفرین، لە ڕێگەی گرووپەکانی حەمزات و عەمشات (ئۆپۆزیسیۆنی سووریای نزیک لە تورکیا) لە تلڕەفعەت خەڵکیان کوشت، ژنێکیان سەربڕی و هاوژینەکەیان دەستگیرکردووە.
بە وتەی ئیبراهیم شێخۆ، دەستەی تەحریری شام لە سنووری حەلەب پیاوێکی ئێزدییان کوشتووە و یەکێکی دیکەیان بریندارکردووە.
گریانی ئیبراهیم شێخۆ بۆ ڕەوشی عەفرین
ئیبراهیم شێخۆ، لە درێژەی قسەکانیدا، کاتێک باسی عەفرینی کرد، دڵی پڕبوو و بەگریانەوە وتی: جەستەم لە تەبقەیە، بەڵام ڕووحم لە عەفرینە.
لە بەرانبەردا دلبخوین دارا پێی گوت: دوای ئاوارەبوونتان لە عەفرین، کەس ناتوانێت نکۆڵی لە خزمەت و کارەکانت بکات لە شەهبا، من شایەتی ئەوەم کە تۆ دەنگێکی هێژا بوویت بۆ گەیاندنی دەنگی هەموو ئاوارەکان.
بارودۆخی ئاوارەکانی ناوچەی شەهبا زۆر خراپە
ئەحمەد حەسەن، سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسەیە لە هەرێمی عەفرین، لەبارەی دۆخی ئاوارەکانەوە قسەی بۆ تۆڕی میدیایی ڕووداو کرد و وتی: نزیکەی 900 خێزان لە شەهباوە بەرەو عەفرین ئاوارە بوون، بەشێک لەو خێزانانە دەگەڕێنەوە بۆ گوند و ناوچەکانی خۆیان لە عەفرین.
لەبارەی بارودۆخی ئاوارەکانیشەوە دەڵێت: بارودۆخیان لە ناوچەی شەهبا زۆر خراپە.
بە وتەی ئەحمەد حەسەن، سەرەڕای ئاوارەبوونی ئەو هاونیشتمانییانە بۆ عەفرین و تەبقە، بەڵام بەشێکیان بەرەو حەلەب ئاوارە بوون.[1]