فەردی ساک
بەرپرسێکی ناوەندی بڕیاری ئاکپارتی دەڵێت: مافی ڕەوای پەکەکەیە بپرسێت 'ئەگەر چەکم دانا، چیم بەسەر دێت؟' هەروەها پێیوایە بەشێک لە بانگەوازی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ پڕۆسەی چارەسەری پەیوەندیی بەو هەڵچوونە گەورەیەیە کە ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا هەیە.
ئۆرهان میرئۆغڵو، پەڕڵەمانتاری پێشوو و ئەندامی ناوەندی بڕیار و بەڕێوەبردنی ئاکپارتی، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەت دا لەگەڵ تۆڕی میدیایی ڕووداو باسی پڕۆسەیەکی نوێی تایبەت بە پرسی کورد دەکات و دەڵێت: لە پڕۆسەی چارەسەریی جاری پێشوو، عەبدوڵڵا ئۆجەلان هێندەی ئێستا لە ئازادبوون نزیک نەبوو، هەروەها وتی، ئێمە باسی 12 ساڵ لەمەوبەر دەکەین. هەروەها بۆ ئەوەی کەڵک لە 'مافی هیوا' وەربگرێت، پێویست بوو 10 ساڵی دیکە تێبپەڕێت.
ئەو پەڕڵەمانتارەی پێشووی ئاکپارتی سەبارەت بە ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە پڕۆسەیەکی نوێی چارەسەریدا وتی، پێویستە هەڵوێستی کورد، حکومەت و ئاکتۆری سیاسیی کوردستانی ئێراق ئەوە بێت، جەخت لەسەر ئەوە بکەنەوە تیرۆر هیچ سوودێکی بۆ کورد نییە و پشتگیریی پڕۆسەکە بکەن. هەروەک بەڕێز مەسعود بارزانی لە کۆڕبەندێکی ئەم دواییەدا لە دهۆک ئاماژەی پێدا، پەکەکە بۆ کوردستانی ئێراقیش سەرئێشەیە.
دەقی هەڤپەیڤینەکە
ڕووداو: باسی قۆناخێکی نوێی چارەسەریی پرسی کورد دوای لێدوانی سەرۆکی مەهەپە دەستی پێ کرد. ماوەی نزیکەی دوو مانگە ئەمە ڕۆژەڤی سەرەکیی تورکیا و باکووری کوردستانە. بە بۆچوونی ئێوە؛ بەڕاستی پڕۆسەیەکی چارەسەری هەیە؟ ئەگەر هەیە، ئێستا لە چ قۆناخێکدایە؟
ئۆرهان میرئۆغڵو: ڕاستییەکەی پڕۆسەیەک هەیە یان نا، هەروەها مەبەست لەو پڕۆسەیە چییە؟ نازانم. بەڵام بێگومان پڕۆسەیەک هەیە کە بەڕێز باخچەلی ڕایگەیاندووە و سەرۆککۆمار بەڕێز ئەردۆغانیش پشتیوانیی لێ دەکات. قۆناخی هەنووکەیی پڕۆسەکە لە دوای گفتوگۆی سەرۆکەکانی ئاکپارتی و مەهەپە، سەردانیی شاندێکی دەم پارتییە بۆ ئیمرالی و دیدارە لەگەڵ ئۆجەلان. دەم پارتی بۆ ئەم دیدارە داواکاریی پێشکەشی وەزارەتی داد کردووە و چاوەڕێی وەڵامە. پێدەچێت وەڵامەکە ئەرێنی بێت.
ڕووداو: باخچەلی دەڵێت: پێویستە دەم پارتی و ئۆجەلان بەبێ دواکەوتن دیدار سازبکەن. پێدەچێت ئەو دیدارە بکرێت؟ هەنگاوی داهاتوو دوای ئەمە چی دەبێت؟
ئۆرهان میرئۆغڵو: ئێمە لە دیداری ئیمراڵی-دەم پارتی گوێمان لە لێدوانەکانی ئۆجەلان دەبێت و لێدوانە ئەرێنی و نەرێنییەکانی دەم پارتی و قەندیل دەبیستین.
بەدڵنیاییەوە لایەنەکان لە پەنجەرەی خۆیانەوە هەڵسەنگاندنی نوێ دەکەن. دواتر لە ڕێی میدیاوە ئامادەکاری بۆ ئەمە دەکرێت، هەڵوێستی کۆمەڵگەش چاودێری دەکرێت و هەڵوێستی لایەنەکانیش ڕوون دەبێتەوە.
ڕووداو: ئایا جیاواز لە پڕۆسەی چارەسەریی ڕابردوو، چ شتێکی نوێ دەکرێت و چی لە بەردەم کوردە؟
ئۆرهان میرئۆغڵو: لە پڕۆسەکەی پێشوودا، لایەنەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ باسیان لە دەستووری نوێش کرد. هەروەها باس لە ڕۆڵی هێڵی پەکەکە/هەدەپە بە سەرۆکایەتیی ئۆجەلان کرا لە بوونیاتنانی تورکیایەکی دیموکراسی، لەمبارەیەوە هەروەها قسە لەسەر چەک کرا. ئەوەی لە پڕۆسەکەدا باسی لێوە دەکرا، دانانی چەک بوو بەبێ هیچ مەرجێک. ئۆجەلان لەگەڵ نەرمکردنەوەی ئەو داواکارییانە بوو کە لە بەرانبەر دانانی چەک پێشکەش دەکران. کاتێک سری سوورەیا لە دیداری ئیمرالی دەپرسێت 'سەرۆک چی بەسەر ئێوەدا دێت؟' سەرۆکیش دەیوت سری، ئێمە هەموومان ئازاد دەبین'، بەڵام ئۆجەلان لە بابەتی ئازادبووندا هێندەی ئێستا نزیک نەبوو. بێگومان لەبەر دۆخی یاسایی. من باسی 12 ساڵ پێش ئێستا دەکەم. هەروەها بۆ ئەوەی کەڵک لە 'مافی هیوا' وەربگرێت، پێویست بوو 10 ساڵی دیکە تێبپەڕێت. ئۆجەلان 25 ساڵە لە ژوورەوەیە و ئەگەر بتوانن یەکدی ببینن، کاک سری پێویست ناکات ئەو پرسیارەی لەبارەی ئازادبوون لێ بکات. جیاوازیی دووەمیش ئەوەیە؛ ئەگەر دەوڵەت لە بەرانبەر دانانی چەک بەڵێن بە پەکەکە بدات، ئەوە هێنانی دیموکراسی نییە بۆ سەر مێزی دیالۆگ. هەروەک سەرۆککۆمار ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی فراکسیۆندا وتی، بۆ ئەوەی بەردەمیان واڵابکرێت لە بابەتی دانانی چەک، دەکرێت یاسا هەمواربکرێتەوە. جیاوازییەکی دیکە لەگەڵ پڕۆسەی ڕابردوو ئەوەیە ئەوەی ئێمە بیزانین، پڕۆسەیەک ئەگەر لە ڕێی دیپلۆماسیی دەوڵەتەوە نەبێت و پێشنیازکراو بێت، بەشداریی کۆمەڵەی چالاکڤانانی مەدەنیی تێدا دەبێت، هەروەها پڕۆسەیەکە لەسەر بنەمای دیپلۆماسی و هەواڵگری.
ڕووداو: داوا دەکرێت پەکەکە چەک دابنێت. سەرۆککۆمار ئەردۆغان هەروەها لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، ئەگەر چەکەکانتان گلبدەنەوە، بەدواتان دەکەوین. پێتانوایە پەکەکە بتوانێت ئەم کارە بکات؟
ئۆرهان میرئۆغڵو: ئەگەر بیەوێت بۆ ناتوانێت؟ ئەگەر سەرۆککۆمار بۆ دوایینجار ئەم بانگەوازە بکات، دەڵێم دوا بانگەواز، چونکە ئەگەر ئەم جارە بانگەوازەکەی ئۆجەلان بۆ دانانی چەک بێ وەڵام بمێنێتەوە، دەرفەتەکە لەدەستدەچێت! دەرفەتێکی لەو شێوەیە دووبارە نابێتەوە. ئەوەندەی من دەیبینم؛ پەکەکە ناڵێت من دەستبەرداری چەک نابم، دەڵێت چیم بەسەر دێت؟ کەس ناتوانێت ئەم پرسیارە وەک پرسیارێکی ناڕەوا ببینێت. پەکەکە کە چەکەکانی دادەنێت چۆن لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەمێنێتەوە، کە دەگۆڕدرێت، ئایا زەمینەی ناڕوخێت و ناکەوێتە ژێرەوە؟ پێش هەموو شتێک لە تورکیا و سووریا. چونکە هیچ ئاییندەیەک بۆ پەکەکە لە ئێراق و ئێراندا نییە. بەڵام ئەگەر پەکەکە دەستبەرداری پان-کوردیزمی خۆی نەبێت، دەستبەرداری خەباتی چەکداری ئاسان نابێت بۆی. چونکە جگە لە تورکیا لە وڵاتانی دیکەشدا چەک گرنگییەکی زۆری هەیە. بەداخەوە ئیدی هۆزەکانیش بێ چەک نین.
ڕووداو: بابەتی ڕۆژاڤا چۆن چارەسەر دەکرێت؟ بەتایبەتیی کە بەگوێرەی لێدوانەکان، دەوڵەت و پەکەکە ئامادەی سازش نین. ئایا بەڕێوەبەریی ڕۆژاڤا دەیەوێت چی بکات؟
ئۆرهان میرئۆغڵو: ئەوەی من زۆر تامەزرۆم بۆی ئەوەیە کە ئایا ئۆجەلان لەبارەی 'پان-کوردیزمی پەکەکە' چی دەڵێت! چونکە پەکەکەی ئۆجەلان ڕێکخستنێکی تایبەت بە کوردی تورکیا بوو. کاتێکچوونە بیقاع و پرسیاریان لە ئۆجەلان کرد، کوردانی سووریا چییان بەسەر دێت؟ ئۆجەلان دەیوت سەرەتا تورکیا. بەو پێیەی بەڕێز هاکان فیدان لە پەڕڵەمان باسی بودجەی وەزارەتەکەی دەکرد، بەڕوونی باسی لەوە کرد چییان لە پەیەدە/پەکەکەی سووریا دەوێت. ئایا گەڕانەوەی ئەوانەی خەڵکی سووریا نین و لەناو پەیەدەن بۆ وڵاتەکەیان؟ بەڵام پەرەسەندنێکی لەم شێوەیە بەپێی پڕۆسەی دانان یان دانەنانی چەک لەلایەن پەکەکە زۆر گۆڕانی بەسەردا دێت. دیارە پەکەکە چەک دابنێت چیتر مەترسی نابێت. ناکرێت پەکەکە کە چەکی دابین نەکردبێت، وەڵامێکی ئەرێنی بۆ پێشنیازەکەی کاک فیدان بداتەوە. با بیرمان نەچێت 20 هەزار گەنجی تورک هەن کە بەشداری پڕۆسەی نیشتەجێبوونیان کردووە لە پەکەکەى سووریا. گەڕانەوەیان بۆ ژیانی ئاسایی کارێکی قورس نابێت. ژمارەی ئەو چەکدارانەی لەلایەن دەوڵەتەوە ڕادەستی دایکانی دیاربەکر کران، نزیکەی 50 کەسن. ئەو پڕۆسەی یاساییەی بۆیان جێبەجێ کراوە، دەتوانرێت بۆ داهاتووش جێبەجێ بکرێت. ئەمانە بابەتی زۆر قورس نین. هەڵوێستی ئۆجەلان لەسەر ئەم پرسە، دۆخی ئێستا زۆر دەگۆڕێت.
ڕووداو: پەکەکە و دەوڵەتیش بە پێداگرییەوە #سەڵاحەدین دەمیرتاش# لە دەرەوەی پڕۆسەکە دەهێڵنەوە. پێتوایە بتوانرێت لە داهاتوودا بەشداری لە پڕۆسەکەدا بکات؟
ئۆرهان میرئۆغڵو: من، لەو باوەڕەدا نیم دەوڵەت پێداگرییەکی لەمجۆرە بکات. ئەو دەوڵەتە کە ڕێ بە دەم پارتی و ئۆجەلان دەدات دیدار بکەن، بۆچی گەمارۆیەکی وەها بخاتە سەر کاک سەڵاحەدین؟ بە بۆچوونی من کێشە لە هەڵوێستی سەرۆکایەتیی دەم پارتی و پەکەکە دا هەیە. لە قۆناخێکی وەهادا کە ئۆجەلان لە پەڕڵەمان قسە بکات و لە داهاتوودا کەڵک لە 'مافی هیوا' وەربگرێت، مامەڵەی کەسی دووەم لەگەڵ کاک سەڵاحەدین بەتەواوی وابەستەی بڕیارەکەی ئۆجەلان دەبێت.
ڕووداو: وەک ئەندامێکی چالاکی کورد لە ئاکپارتی، بە بۆچوونی ئێوە لایەنێک لە ئاکپارتی هەیە کە بەم پڕۆسەیە ئاسوودە نەبێت؟
ئۆرهان میرئۆغڵو: بێگومان هەن و ئەو لایەنانەش زۆر دوورن لەو ئامانجەی بەڕێز ئەردۆغان تێی دەڕوانێت. بەڕێز ئەردۆغان لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی نیشتمانی سەیری ئەو پرسە دەکات. یەکەمیان هەڵچوونێکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەبینێت. دووەمیان وەک خۆی دەڵێت دەیەوێت ئەم پرسە لە مێژوودا بنێژێت و تاجی 40 ساڵەی سیاسی بخاتە سەر. ئەمانە وتەی ئەون و وتەی من نین. لە وتارەکەی کۆبوونەوەی فراکسیۆندا هەمان قسەی کرد. بەڵام ئەگەر بڵێی زۆرینەی ئەندامانی پارتەکە وەها بیر دەکەنەوە؟ بەداخەوە دەڵێم نەخێر. هێندە نائارامی هەیە کە دەڵێن پێویستە جارێکی دیکە ئەو پەڕاوە سەرلەنوێ بکرێتەوە. هیوادارم ئەمە لە ڕێی دیالۆگ و دانووستان لەناو پارتەکەدا کۆتایی بێت. پارتی داد و گەشەپێدان 'پارتی کوردییە' کە ئێستا لە باشترین هەڵوێستدایە سەبارەت بە نوێنەرایەتی سیاسیی کورد. لەم پڕۆسە نوێیەدا پێویستە کەڵک لەم تایبەتمەندییەی پارتەکە وەربگیرێت. چونکە کوردانی ئاکپارتی لە دۆخێکدان کە سەبەتەی هێلکەیان لەسەر پشتە. هەرچییەک بۆ کورد بکەیت، ئەوان دابینی دەدەن! هاوشێوەی ئەو دلبەرەی لە زنجیرە درامای یەڵماز هەیە، کاتێک دلبەر دەبێتە قوربانی، بەپێی سیناریۆکە، دەگەڕێتەوە و دەڵێت 'هەموو کەسێک دەخوات و دەخواتەوە، بەڵام دلبەر پارەکەی دەدات!' ئەمجارەیان نابێت کەس پارەی کەس بدات، یان ئەگەر کرێیەک بدرێت، پێویستە بەکۆمەڵ بدرێت!
ڕووداو: ئەم جارە جگە لە ڕێژەیەکی کەم، تەواوی ئۆپۆزیسیۆن پشتگیری لە پڕۆسەی چارەسەری پرسی کورد دەکەن، ئایا کۆمەڵگە بۆ ئەمە ئامادەیە؟
ئۆرهان میرئۆغڵو: خۆزگە وەک ئەوەی تۆ گوتت وا بووایە. وا دیارە هەمووان دەڵێن ئەم جارە ئەمە بکرێت. بەڵام ئەگەر تورکیا لە پڕۆسەی بانگهێشتکردنی ئۆجەلان لەلایەن بەڕێز باخچەلی بۆ پەڕڵەمان هەنگاو بنێت، هەوڵدان بۆ بێ ئەرزشکردنی پڕۆسەکە ئەم جارە ئاسان نابێت. هێشتا پێناچێت هیچ هیوایەکی ڕاستەقینە لە پڕۆسەکەدا هەبێت. بۆ نموونە جەهەپە لە پێناو بەرژەوەندییە سیاسییەکانی خۆیدا سەیری ئەو پرسە دەکات. پێیوایە بەو هەنگاوەی ئۆجەلان، دەنگدەرانی کورد لە جەهەپە دوور دەخرێنەوە. ئێستا دەم پارتی لە دیوی قەندیلە، بەڵام نازانم دوای وتارەکەی ئۆجەلان چۆن دەبێت. بەڵام لایەنێکیش هەیە کە ئەوان نەیانوت بەڵێ بۆ هیچ شتێک کە لە پڕۆسەی یەکەمی یەکلاکردنەوەدا سوودی بۆ ئەردۆغان هەبێت. هەروەها دوای خوێندنەوەی نامەکەی ئۆجەلان ساڵی 2013 لە گۆڕەپانی نەورۆز، درێغییان نەکرد لە بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆمی بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو ئازارەی کە نامەکە بۆ گەلی کورد هاتە ئاراوە.
ڕووداو: ئەگەر تورکیا دەست بە پڕۆسەیەکی نوێی چارەسەری بکات، ڕۆڵ و ئەرکی هەرێمی کوردستان چی دەبێت؟
ئۆرهان میرئۆغڵو: پێویستە هەڵوێستی کوردان و حکومەت و ئاکتۆری سیاسیی کوردستانی ئێراق ئەوە بێت، جەخت لەسەر ئەوە بکەنەوە کە تیرۆر هیچ سوودێکی بۆ کوردان نییە و پشتگیریی پڕۆسەکە بکەن. هەروەک بەڕێز مەسعود بارزانی لە کۆڕبەندێکی ئەم دواییەی لە دهۆک ئاماژەی پێدا، پەکەکە بۆ کوردستانی ئێراقیش سەرئێشەیە. جگە لەوەش نزیکەی 4 هەزاری هاووڵاتیی تورکیا لە ڕیزەکانی پەکەکەن بوون، ساڵانێکە جیابوونەتەوە و لەوێ دەژین. دەکرێت ئەوان بگەڕێندرێنەوە و مەخموور چۆڵ بکرێت. ئەمەش بە هاوئاهەنگیی ئەنقەرە و هەولێر دەکرێت. بەڕاستی لە سەردەمێکدا کە جیهان بەرەو جەنگی سێیەم دەڕوات، کاتێک مرۆڤەکان سەیری کێشەکانی نێوان ئەو گەلانە دەکەن کە هەزار ساڵە هاوچارەنووسن، بەڕاستی پەشیمان دەبنەوە و دەڵێن بۆچی ئەو کێشانە چارەسەر ناکرێن و ئەمانە ئەو کێشانەن کە چارەسەر نەکراون؟! کۆماری تورکیا دەوڵەتێکی گەورەیە، دەوڵەتێکە دەتوانێت ئەو کێشانە چارەسەر بکات. هەڵوێستی بەڕێز باخچەلی و ئەو ئەرکەی لە ئەستۆی گرتووە باشتر دەبێت ئەگەر لەم ڕوانگەیەوە لێی بڕواندرێت.[1]