یەکێتی ناوەندی تایکواندۆی ئێراق لە شاری #بەغدا#ی پایتەخت پاڵەوانێتی تایکواندۆی یانەکانی ئێراقی بە بەشداری 70 یانە ئەنجام دا.
لەو پاڵەوانێتییەدا کوڕانی پێشمەرگە لەسەر ئاستی لاوان توانیان دوای ڕکابەرییە سەختەکان بە 3 شێرە یاریزانەوە پلەی سێیەمی ڕیزبەندی بەدەست بهێنن و جامی بڕۆنز یان گەڕاندەوە شاری سلێمانی.
سەبارەت بەو ئەنجامەیان (بەختیار حسێن) ڕاهێنەری گشتی تیمی تایکواندۆی یانەی پێشمەرگە بە پێشمەرگە سپۆرتی ڕاگەیاندوو وتی، تیمەکەمان لە سێ یاریزانی پاڵەوان پێک هاتبوو کە خۆشبەختانە لەنێو 70 یانەی ئێراق توانیمان لەسەر ئاستی لاوان پلەی سێیەم بەدەست بهێنین.
هەروەک وتیشی تەنیا سێ یاریزانمان لەو ڕکابەرییە بەشدار بوون کە یانە هەبوو زیاتر لە 10 یاریزانی بەشداری پێکردبوو بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توانیمان لەنێو قوڕگی شێردا سەرکەوتنەکان بەدەست بهێنین.
بەختیار وتیشی یاریزان (کامیار هونەر) لە کێشی 63 کغم توانی دوای بردنەوەی پێنج سەرکەوتن پلەی یەکەم و میدالیای ئاڵتون بەدەست بهێنێت.
ئەمە و ئاماژەی بەوەشدا کە (کەیهان هونەر) لە کێشی 68 کغم دوای پێنج سەرکەوتن جامی یەکەم و میدالیای ئاڵتونی بۆ یانەکەمان بەدەست هێنا و هەرچی (ئاری ئالان) بوو دوای 4 سەرکەوتن لە کێشی 45 کغم دا پلەی سێیەمی مسۆگەر کردوو بەو ئەنجامانەش لەسەر ئاستی تیم یانەکەمان پلەی سێیەمی پاڵەوانێتییەکەی بەدەست هێنا.[1]