یەکێتی شەتڕەنجی عەرەبی لە شاری سەلالەی وڵاتی عەمان پاڵەوانێتی شەتڕەنجى یانە پاڵەوانەکانی وڵاتانی عەرەبی ئەنجام دەدات و تێیدا و لە وڵاتی ئێراق یانەی پێشمەرگە بە نوێنەرایەتی وڵات لەو ڕکابەرییەدا بەشداری دەکات.
سەبارەت بە بەشداری شەتڕەنج زانە پێشمەرگەکان لە پاڵەوانێتی عەرەبی دا #ئەسعەد ئیسماعیل# سەرپەرشتیاری بەشەکە و سەرۆکی شاندی تیمی شەتڕەنجی یانەی پێشمەرگە لەو پاڵەوانێتییەدا زانیاری زیاتری بە پێشمەرگە سپۆرت داو وتی، تیمەکەمان وەک هەمیشە لە پێشەنگە بۆ بەشداری لە پاڵەوانێتییە بەهێزەکان و لەو نێوەندەشدا بە ئومێدەوە دەچینە نێو ڕکابەری یانە پاڵەوانەکانی وڵاتانی عەرەبی کە دەبینە نوێنەری وڵاتی ئێراق، ئەسعەد ئیسماعیل ئاماژەی بەوەشدا کە بە پێنج بیرمەندی پاڵەوانەوە بەشداری لە پاڵەوانێتی یانەکانی عەرەب دەکەن کە بریتین لە (ئاکار عەلی، #زۆزگ سەڵاح#، ئاریان عەلی، ئەحمەد جەزا و موعەزەز زەهرا).
ئیسماعیل کە سەرۆک شاندی تیمە پاڵەوانەکەی پێشمەرگەیە لەو پاڵەوانێتییەدا وتی، یارییەکانی پاڵەوانێتی یانەکانی عەرەبی لە ڕێکەوتی #03-10-2024# بۆ #10-10-2024# دەخایەنێت و ڕکابەرییەکانی بە شێوەی سویسری بەڕێوەدەچن.
سەرپەرشتیاری بەشی شەتڕەنجی یانەی پێشمەرگە سوپاسی تایبەتیی بۆردی وەرزشی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# و خاتوو (ئارەزوو مەحمود)ی ئەندامی پێشووی پەڕڵەمانی ئێراقى کرد کە پاڵپشت و هاوکار بوون بۆ بەشداری تیمی شەتڕەنجی یانەکەیان لە پاڵەوانێتی یانەکانی عەرەبی داو هیواشی خواست لەو پاڵەوانێتییەدا بە ئەنجام و دەست کەوتەوە بگەڕێنەوە.[1]