پردی کەڵهۆرت، یەکێکە لە شاکارە مێژووییەکانی رۆژهەڵاتی #کوردستان#، کە دەکەوێتە گوندی دێمرود سەفالی لە پارێزگای #لوڕستان#.
ئەم پردە کە لەسەر ڕووباری کاشکان دروست کراوە و بەرزییەکەی 91 مەتر بووە، بە یەکێک لە بەرزترین پردە مێژووییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ناسراوە و لە ساڵی 1999دا لە لیستی شوێنەوارەکانی وڵاتی ئێراندا تۆمار کراوە.
پردی کەڵهۆرت لە چوار ستوون پێکهاتووە، کە هەریەکەیان لە ئاستی زەوییەوە تا بەشی سەرەوە 26 مەتر بەرزە. درێژیی دەرگای سەرەکیی پردەکە 26 مەتر دەبێت. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم پردە، بوونی سەکۆیە لەناو دوو بنکە سەرەکییەکەدا، کە لە 12 پلیکانە دروست کراون. ڕەنگە ئەم سەکۆیانە بۆ بەهێزیی زیاتری پردەکە بەکار هێنرابن.
ڕەنگی بناغەکانی پردەکە بەهۆی بەکارهێنانی خۆڵێکی سوور و ڕووەکێک بە ناوی (ترە پی) سوورە و ئەم تایبەتمەندییە سیمایەکی ناوازەی بە پردەکە بەخشیوە.
هەندێک لە مێژوونووسان پێیان وایە، کە پردی کەڵهۆرت لە سەردەمی ئەخمینییەکان دروست کراوە و بەشێک بووە لە ڕێگای شاهانەی نێوان #هەگمتانە# و شووش. لە سەردەمی #ساسانییەکان# ئەم پردە دووبارە نۆژەن کراوەتەوە.
لە لای ڕۆژئاوای پردەکە، نووسراوێک بە نووسینی کووفی و عەرەبی هەیە، کە دروستکردنی پردەکە لە ساڵی 374ی کۆچیدا پیشان دەدات. بەداخەوە نووسراوێکی هاوشێوە، کە دەکەوێتە لای باشووری شاخەکە، لە کاتی دروستکردنی ڕێگاوبانەکەدا لەناو چووە.
پردی کەڵهۆرت لە ساڵی 2018دا بەهۆی لافاوەکەی لوڕستانەوە زیانێکی زۆری بەر کەوتووە. ئەم کارە بەنرخە، کە بەشێکە لە مێژووی تەلارسازی و ئەندازیاریی شارستانییەتی کۆن، پێویستی بە نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی جددیی هەیە بۆ پێشگرتن لە لەناوچوونی زیاتر.
پردی کەڵهۆرت نەک هەر شوێنەوارێکی مێژوویی دێرینی رۆژهەڵاتی نیشتمانە، بەڵکوو هێمای ئەندازیاریی درەوشاوە و داهێنەری تەلارسازەکانی ڕابردووە.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!