قەڵای میرزا يان بەرزییە، شوێنەوارێکی مێژوویی دێرینە و دەکەوێتە بناری ڕۆژهەڵاتی چیای لازقییە لە سنووری پارێزگای شام لە ڕۆژئاوای #کوردستان#ی سووریا. مێژووی قەڵاکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بیزەنتی لە سەدەی دەیەمی زایینی، کە چەند شارستانییەتێک شوێنی گرتەوە، بەوپێیەی خاچپەرستان کۆنترۆڵیان کرد، هەروەها لە ساڵی 1188ی زاینیدا کوردە ئەیووبییەکان بە سەرکردایەتیی سوڵتانی کورد (یوسف کوڕی ئەیووب- #سەڵاحەددینی ئەیووبی#) دەست بەسەر قەڵاکەدا دەگرن و چەندین شوێن و بینای نوێی بۆ زیاد دەکەن.
ئەم قەڵایە لەسەر ڕووبەرێکی فرەوان دروست کراوە، بەڵام لە هەندێک شوێن بەهۆی بوومەلەرزە و هۆکاری سروشتییەوە ڕووخێنراوە، دەورە دراوە بە دیوار، کە بە تاوەرەکان لە هەموو لایەکەوە پشتگیری دەکرێن، لەلای باکوور و ڕۆژهەڵاتەوە بە دۆڵی بەرز دەورە دراوە، کە لە دزەکردن دەپارێزێت، بە تاوەرەکان پشتگیری لێ کراوە، هەروەک قەڵاکە لە شوێنێکی بەزایی و ستراتیژی لەسەر لوتکەی شاخێکی بەرز دروست کراوە، بەهیچ شێوەیەک لە باکوورەوە یان باشووری قەڵاکە ناتوانرێت هێرشی بکرێتە سەر، چونکە هیچ کەسێک ناتوانێت لەم دوو لاوە بەسەر شاخەکەدا سەر کەوێت، سەبارەت بە دیوی ڕۆژهەڵاتیش دەکرێت لێیەوە سەرکەون، بەڵام دەبێت کەسێکی شەڕکەر بێت، چونکە بەهۆی بەرزییەکەیەوە سەختە.
لە دەرگای دەرەوەی قەڵاکە کەوانەیەکی بەرزە و دیوارەکانی دەرەوەی لە بەردی لیمۆی سپی دروست کراون، لە مەودای نێوان قەڵای ناوەوە و دیوارەکانی دەرەوە لە ڕۆژهەڵاتەوە ژمارەیەک خەزانی ئاو لەناو بەردەکەدا هەڵکەندراون، دیوارەکانی دەرەوەی قەڵاکە لە بەردی لیمۆی سپی قەبارە گەورە لای ڕۆژئاوا و باشوورەوە بە باشی کاری لەسەر کراوە، لە لای باکووریشەوە تەنکن، بەپێی ئەگەری زریان لە هەموو ئاراستەیەکەوە. ئەم دیوارانە لەنێوان تاوەری دووەمدا دروست کراون، قەڵاکە دوو جۆر تاوەری هەیە: تاوەرەکانی دەرەوە، کە بەستراونەتەوە بە دیوارەکانەوە و تاوەرەکانی ناوەوەی بەستراونەتەوە بە پێکهاتەی ناوەوەی قەڵاکە.
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
$سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:$
شخصیات من الذاکرە الکردیە، کتیبی موعجم البولدان، لە نووسینی یاقوت الحماوی، دادوەر بەهائەدین ابن شداد، ابکثیر دیمشقی، شەمس الدین الدهابی، لە کتێبی مێژووی ئیسلام، ابن العديم في کتابه زبدة الحلب في تاريخ حلب.
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە![1]