هەوار ئیسماعیل
لقی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی #جۆلەمێرگ# دەڵێت: لە گوندە سنوورییەکان، گوشار و زۆرداریی هێزە ئەمنییەکان لەسەر هاونیشتمانییان و پێشێلکارییەکانیان زیادیکردووە.
کۆمەڵەکە ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە پێشێلکردنی مافەکان لە گوندەکانی سنووری پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان بڵاوکردەوە.
ڕاپۆرتەکە لە 29 لاپەڕە پێکهاتووە و بە ناونیشانەکانی کۆچکردنی زۆرەملێ و دەرکردن لە زێد، گوشاری سەربازی و پێشێلکاری هێزە ئەمنییەکان، پێشێلکردنی مافە ئابوورییەکان، پێشێلکاری دژی ژنان، پێشێلکردنی مافی تەندرووستی و پێشێلکردنی مافە پەروەردەییەکان ئامادەکراوە و تێیدا سەرپێچی بەرانبەر خەڵکی ناوچەکە تۆمارکراوە.
سیبەل چاپراز، سەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی جۆلەمێرگ، ڕۆژی سێشەممە، (3ی کانوونی یەکەمی2024)، لە شارۆچکەی گەڤەر ڕاپۆرتی پێشێلکارییەکانی بڵاوکردەوە.
سیبەل چاپراز ئاماژەی بەوەدا، شاندێکیان بۆ دەستنیشانکردنی پێشێلکارییەکان پێکهێناوە و لەگەڵ گوندنشینان، دووکاندار و بەرپرسانی هێزە ئەمنییەکان لە خاڵە سەربازییەکانی گوندە سنوورییەکان کۆبوونەتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا نووسراوە، هێزە ئەمنییەکان ئامێری ئێکس-رای یان لە دەروازەی گوندە سنوورییەکان داناوە، بە مۆڵەتی موختار و بنکە سەربازییەکان ڕێگە بە چوونە ژوورەوە و دەرچوونی خەڵکی لە گوندەکانیان دەدەن. بە شێوەیەکی سنووردار ڕێگە بە هێنانی خۆراک دەدەن و هاونیشتمانییان ڕووبەڕووی کێشەی پشکنین دەبنەوە.
چاپراز هەروەها وتی، لە ناوچە سنوورییەکانی جوگرافیای کوردیدا بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و سیاسەتی ئەمنی و گوشارەکان؛ بەهۆی جیاوازی ئیتنیکی پێشێلکاریی مافەکان زۆرن. گەلی کوردی دانیشتووی ئەو ناوچانە لەڕووی ئاساییش، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەوە ڕووبەڕووی پێشێلکاری جۆراوجۆر دەبنەوە. بەتایبەتیی ئەو کەسانەی لە ناوچە سنوورییەکان دەژین، بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە، ناتوانن بەئاسانی هاتوچۆ بکەن.
سەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی جۆلەمێرگ دەڵێت: لە ناوچەکەدا کۆچی زۆرەملێ و گوشاری سەربازی هەیە. دەستبەسەرداگرتن و تووندوتیژی، گەڕان بەنێو ماڵەکان، ڕێگریکردن لە کشتوکاڵ و ڕاوکردن، ڕێگریکردن لە بازرگانی لە سنوور، ڕێگریکردن لە گەشەپێدانی ئابووری و وەبەرهێنان؛ هەروەها پێشێلکارییە ئابوورییەکان، پێشێلکردنی مافی ژنان و خزمەتگوزارییەکانی پەروەردە و تەندرووستی تۆمارکراون.
سیبەل چاپراز ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ناوچانەی چاودێرییان کردوون، ئەو ناوچانە بوون کە لە کۆتایی ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو تاوەکوو کۆتایی نەوەتەکان گوندەکانی چۆڵکران و ڕایگەیاند، لەبری ئەوەی ئەم گوندانە درووست بکەنەوە، دەیانەوێت ئەو ناوچانە چۆڵ بکەن و خەڵک ئەوێ بەجێبهێڵن.
تاوەکوو ئێستا، لایەنی فەرمی لە حکومەتی تورکیا، وەڵامی ئەم ڕاپۆرتەی مافی مرۆڤی جۆلەمێرگی نەداوەتەوە.[1]