بیرەوەری
هەموو گیانی داگیر کردووم
بیرەوەری،
لە بنپێوە تا تەوقیسەر دایپۆشیوم
بیرەوەری جەنگەڵێکە و
لە جەرگەیدا وەکوو کارگ هەڵتۆقیوم
بیرەوەری،
جگەرگۆشەم، بیرەوەری...
ئەرێ بەڕاست،
تۆ لە بیرت ماوە یا نا؟
سۆڵەی سەرمای شەست و سێ بوو...
شەوێکی تاریک و پڕ سام،
لوورەی #بەعس# و
تاسەی نان و
تەنیاباڵی هەڵیانپێچام
وەکوو کۆترەباریکەیەک
نە عەرد دەیهێشت بنیشمەوە
نە ئاسمانیش بۆ هەڵفڕین بواری دەدام
سەری گێژ و سەراسیمەم لار کردەوە
ڕوومەتی خۆم بە کۆشت کرد،
هەنیسکم دا و بێدەنگ گریام
تۆش سنگ و بەرۆکت ڕووت بوو...
دەندەکانت زەق زەق دیار بوون...
بەئاسانی دەمخوێندنەوە
بەئاسانی دەمژماردن:
سێتاقان، سەیداوە، کووران...
تۆپخانە، باداوە، تەکیە...
دەمخوێندنەوە و دەمژماردن...
تۆش دەستە لاوازەکانت
هێدی هێدی بەسەری مندا دەهێنان،
دەتگوت:
'مەگری،
مەگری بەرخم،
ئارام بگرە کوڕیژگەکەم،
شەوی بەعس بەسەر دەچێ
بەعس چییە؟ !
عەگالێکە و دزداشەیەک!
هاکا دیتت پێکایان و مرداریان کرد،
دایانپەڕاند وەک واشەیەک! '
نازانم بۆ، جگەرگۆشەکەم،
لەو ساتەدا، لە بیرم چوو لێت بپرسم:
ئەدی چبکەم،
دە پێم بڵێ، ئەدی چبکەم
ئەگەر بەعس، لە پڕێکا
دزداشەکەی خۆی داکەند و
عەگالەکەی تووڕ فڕێ دا؟
ئەدی چبکەم،
ئەگەر بەعس
ڕانکوچۆغەی کردە بەر و
وەک داڵ چاوی هەڵکۆڵیم و
وەک تەنافباز تەقڵەی لێدا؟ !
* * *
نازانم، بەم بەیانییە،
ئەو پۆلە قاز و قورینگە نوورپژێنە
بۆ کوێ دەچن؟
بۆچی گەردن و شاباڵیان هێندە سوورە؟
لەوەتی هەم
قەت لە سەرەتای شوباتا
قەتارەی وا ڕەنگاوڕەنگم نەبینیوە
تەماشاکە،
جگەرگۆشەم، تەماشاکە
تۆ پیتۆڵ و دنیادیتەی،
کلیلی ڕاز و نهێنی ئەو پۆلە قاز و قورینگە
هەبێ و نەبێ هەر لای تۆیە...
کەوابێ، توخوا، پێم ناڵێی
ئەوان هێما بۆ چی دەکەن
کە دەخزێنە بن شاپەڕی یەکترەوە و
وەک قۆزاخەپەمۆی تەقیو،
کەروێشکە دەکەن و دەشنێنەوە؟
ئەی ڕاسپێری چییان پێیە
کاتێ بە دەوری یەکتردا
لەپڕ خەرمانە دەدەن و
وەک پوولەکەی ڕەنگاوڕەنگی چلچرایەک،
بە بنمیچی ئاسمانەوە
دادەلکێن و دووراودوور دەبریسکێنەوە؟
هۆزانەوان: #عەبدوڵڵا پەشێو#
-----------------------------
فەرهەنگۆک:
کارگ: کوارگ، قارچک
سۆڵە: سەرمای بەتین
کوڕیژگە: کوڕی بچکۆلە
تەقڵە: خۆھەڵگێڕانەوە بە سەردا
قورینگ: قوڵنگ، باڵندەیەکی قازئاسای گەرمێن و کوێستانکەرە
پیتۆڵ: زیرەک، وریا
قۆزاخە: پیلەی کرمی هەورێشم
قۆزاخەپەمۆ: پەمۆی ئامادەی ڕێسان. [1]