یەکێتی ناوەندی گۆڕەپان و مەیدانی ئێراق دوا چالاکی وەرزی 2024ی بە ئەنجام دانی پاڵەوانێتی گۆڕەپان و مەیدانی کوڕان و کچانی یانەکانی ئێراق بەڕێوە دەبات.
سەبارەت بەو پاڵەوانێتییەی یەکێتی ناوبراو #نزار ئەکرەم# سەرپەرشتیار و ڕاهێنەری تیمی گۆڕەپان و مەیدانی یانەی پێشمەرگە بۆ پێشمەرگە سپۆرت وتی، ئەنجام دانی چالاکییەکانی یەکێتی گۆڕەپان و مەیدانی ئێراق نەریتە و ساڵانە بە بەرنامەی داڕێژراوی خۆیان جێبەجێی دەکەن کە لە مانگی یەکی هەموو ساڵێک ڕاکردنی ماوە درێژ و پاشان دوو پاڵەوانێتی یارییەکان لە مانگەکانی دواتر تا کۆتایی ساڵ بەڕێوە دەبەن.
نزار ئەوەشی وت کە دوا پاڵەوانێتی تایبەت دەبێت بە سەرجەم یارییەکان بۆ هەردوو ئاستی کوڕان و کچان لە پێشکەوتوان، لاوان و تازەپێگەیشتووان.
هەرچی ئاماژەی بە وادەی دەستپێکی پاڵەوانێتییەکە کردوو وتی لە ڕێکەوتی #06-11-2024# کۆبوونەوەی هونەری لە شاری #هەولێر# ئەنجام دەدرێت و پاشان و لە ڕێکەوتی #07-11-2024# تا #09-11-2024# یارییەکان لەسەر یاریگەی یەکەمی یانەی هەولێر بەڕێوەدەچن.
نزار ئەکرەم ئەنجامەکانی کچانی پێشمەرگەی لە وەرزی 2024 ئاشکرا کردوو وتی لە مانگی يەک دا توانیمان پلەی یەکەمی یارییەکانی (زاحیە) ڕاکردنی ماوە درێژ لە شاری موسڵ بەدەست بهێنین و دواتر و لە مانگی 3 بوینە پاڵەوانی سەرجەم یارییەکان کە لە شاری سلێمانی ئەنجام دران.
سەرپەرشتیار و ڕاهێنەری تیمی کچانی گۆڕەپان و مەیدانی یانەی پێشمەرگە وتیشی بۆ ئەم پاڵەوانێتییە ئامادەین و دەمانەوێت بە ئەنجامەوە بگەڕێینەوە شاری سلێمانی.
[1]