ناونیشانی بابەت: دۆزینەوەی ئاتەشکەدەیەکی دوو هەزار و 600 ساڵەی سەردەمی میدییەکان لە باکووری کوردستان
ئامادەکردنی: #ڕۆیا سەردار#
زانایانی شوێنەوارناس، کە بەدواداچوون بۆ ناوچەی مێژوویی (ئولوز هۆیوک) لەنزیک شاری #ئاماسیە# لە تورکیایان دەکرد، ئاتەشکەدەیەکیان دۆزیوەتەوە، کە تەمەنی دوو هەزار و 600 ساڵە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی میدییەکان.
بە گوتەی سەرچاوەکان، لە هەڵکۆڵینەکانی پێشوو لە (ئولوز هۆیوک)، چەندین نموونەی شوێنەواری، وەک سیرامیک و قوربانگا و پێکهاتەی تەلارسازی دەرکەوتووە، کە دەگەڕێندرێنەوە بۆ سەردەمی #میدییەکان#، بەڵام لە ئەنجامی هەڵکۆڵینەکانی ئەمساڵدا ئاتەشکەدەیەک دۆزراوەتەوە، کە بەپێی بەڵگە مێژووییەکان، مێژووی ئەم ئاتەشکەدەیە بۆ سەردەمی میدییەکان دەگەڕێتەوە و ئەمە بەڵگەیەکە بۆ ڕەهەندی نوێی میدییەکان لە ناوچەی ئەنادۆڵ.
ڕوونیشی کردەوە، کە لەنێوان ساڵانی 580 بۆ 600 پێش زایین، دوای ڕووخانی شانشینی ئۆرارتو، مادەکان لە (ئۆلۆر هویۆک) نیشتەجێ بوون و وردە وردە بەرەو ڕۆژئاوا فراوان بوون.
ئەو ئاتەشکەدەیەی، کە دۆزراوەتەوە، بینایەکی چوارگۆشەیە، کە لە چەندین ژوور و بەشی جیاواز پێکهاتووە. ئەم دۆزینەوەیە لە رووی مێژووییەوە گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە، چونکە یەکەم بەڵگەی شوێنەوارناسیی بوونی میدییەکان لە ئەنادۆڵدا دەخاتە ڕوو، لەوانە توخمە تەلارسازییەکان و دۆزراوەکانی بچووک.
سروشتی پیرۆزی ئەم ئاتەشکەدەیە وابووە، کە وەک توخمێکی سەرەکی لە ڕێوڕەسمی ئایینیی میدییەکاندا رۆڵی هەبووە. ئەم ئاتەشکەدەیە، کە دەکەوێتە شوێنێکی کراوە و فراوانەوە، لەبنەڕەتدا شوێنێکی جیاواز بووە، بەڵام لەلایەن مادەکانەوە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و ئەوان بە زیادکردنی چاڵێکی ئاگرینی پیرۆز لە باکوور و سەکۆیەکی ئاگرین لە باشوور، کردوویانەتە ئاتەشکەدە.
ئەم پەرەسەندنە ئاماژەیە بۆ گۆڕانکارییەکی گرنگی ئایینی لە ناوچەکەدا، کە لە فرەخواوەندی بۆ یەکتاپەرستی گۆڕاوە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=