یەکێتی ناوەندی گۆڕەپان و مەیدانی ئێراق بە هەماهەنگی لقی یەکێتییەکەی لە شاری #هەولێر# و لەسەر یاریگەی یەکەمی یانەی هەولێر پاڵەوانێتی گۆڕەپان و مەیدانی کوڕان و کچانی یانەکانی ئێراقی ئەنجام دا.
لەو پاڵەوانێتییەدا کە ماوەی سێ ڕۆژ یارییەکانی بەردەوام بوو لەسەر ئاستی کچانی پێشکەوتوان، پێشمەرگەکان وەک هەمیشە توانیان بە نازناوەکەیەوە بگەڕێنەوە شاری سلێمانی.
سەبارەت بەو نازناوەیان نزار ئەکرەم سەرپەرشتیاری گشتی تیمی گۆڕەپان و مەیدانی کچانی یانەی پێشمەرگە بە پێشمەرگە سپۆرتی ڕاگەیاندوو وتی، ئەمە سێیەم پاڵەوانێتی و دوا پاڵەوانێتی ئێراق بوو لەم وەرزەدا کە خۆشبەختانە توانیمان لەنێو پێکهاتەی یانە بەهێزەکان کە بە دەیان یاریزانیان تۆمار کردبوو بە پلەی یەکەم و جامی زێڕینەوە یاریگە بە جێبهێڵین و بگەڕێینەوە شاری سلێمانی.
نزار وتیشی ئێمە وەک کچانی پێشمەرگە بە 17 یاریزان لەنێو ڕکابەرییەکان بوین و یانەی خاوەن پلەی دووەم زیاتر لە 25 یاریزانی هەبوو کە لە دوای ڕکابەرییەکی سەرسەختانەی سێ ڕۆژە خۆشبەختانە و سوپاس بۆ خوای گەورە توانیمان بە 237 خاڵ پلەی یەکەم دەستەبەر بکەین و یانەی فەتان نینوی بە 233 خاڵ دووەم بوون.
دواجار #نزار ئەکرەم# پیرۆزبایی لە یانەکەیان و شاری سلێمانی کرد کە لە یەک وەرزدا توانیان بە سێ نازناو شادبن.[1]