بەهمەن محەمەد بۆ پێشمەرگە سپۆرت -تیمی موایتایی یانەی پێشمەرگە ئامانجی گەورەی هەیە و دەیەوێت کۆنترۆڵی یارییەکە لەسەر ئاستی ئێراق بکات.
ئامادەکاری و مەشقە بەردەوامەکانى تیمی موایتایی یانەی پێشمەرگەی گەیاندووەتە لوتکە و لەو نێوەندەشدا و بە مەبەستی ئامادەکاری زیاتر یاریزانانی تیمی موایتایی یانەی پێشمەرگە یارییەکی دۆستانەیان ئەنجام دا.
سەبارەت بە مەشق و ئامادەکاری تیمەکەیان #بەهمەن محەمەد# یاریزانی پیشەگەری تیمی پێشکەوتوانی یانەی پێشمەرگە بۆ پێشمەرگە سپۆرت وتی، تیمەکەمان ئامادەکاری تەواوی هەیە و لەسەر ئاستی سەرجەم تەمەنە جیاوازەکان بۆ هەردوو ڕەگەزی کوڕان و کچان لە مەشق ناوەستین، هەروەک ناوبراو وتیشی بە گرنگی دەزانین جگەلە مەشقەکان یاری دۆستانەمان هەبێت تا یاریزانانمان ئامادەی پاڵەوانێتییەکانی داهاتووبن.
بەهمەن ئەوەشی ئاشکرا کرد کە یانەی پێشمەرگە بەرەو بە پیشەگەر بوون هەنگاو دەنێت و چەندین یاریزانمان گەیشتونەتە ئەو ئاستەی لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکاندا بەشداری بکەن.[1]