تیمی تۆپی پێی #یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی# لە دەرەوەی یاریگەکەی دا سێ خاڵی زێڕینی بەدەست هێنا.
جەولەی شەشەم لە قۆناغی یەکەمی یارییەکانی خولی نایابی تۆپی پێی یانەکانی ئێراق بەڕێوەچوو، لەو جەولەیەدا و پاش نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە #25-11-2024# تیمی تۆپی پێی یانەی پێشمەرگە لەسەر یاریگەی ئۆڵۆمپی میسان بوونە میوانی یانەی خاوەن هاندەر و یاریگە.
لەو یارییەدا و لە سەرەتاوە یاریزانانی پێشمەرگە پلانێکی گشت گیریان هەبوو بۆ تۆمار کردنی گۆڵ و زۆرترین هێرشیان دەبردە سەر تۆڕی گۆڵی یانەی خاوەنماڵ بەڵام بەهۆی بەربەستەکانی هێڵی بەرگری یانەی خانە خوێ کوڕانی پێشمەرگە سەرکەوتوو نەبوون لە تۆمار کردنی گۆڵ و ئەنجامی گێمی یەکەم بە بێ گۆڵ کۆتایی هات.
ئەمە و لە گێمی دووەم (#ڕێباز سدیق#)ی ڕاهێنەر و ستافەکەی توانیان سەرکەوتووبن لە پلانە جێگیرەکەیان دوای ئەوەی لە خولەکی 75 (محەمەد عەباس) یاریزانی پیشەگەری یانەکە توانی گۆڵی یەکەم و تاکە گۆڵی ئەو یارییە پڕ ئاستە تۆمار بکات و بەو سەرکەوتنەشیان پێشمەرگەکانی شاری عاریفان توانیان بە سێ خاڵی ئاڵتونی عەیارە 24 ڕەوە بگەڕێننەوە و کۆی خاڵەکانیان بۆ 10 خاڵ لە 6 یاری دا بەرز بکەنەوە. [1]