باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە ئێراق پێی وایە دەبێت لە سووریای نوێ وەکوو توخمی سەرەکی مامەڵە لەگەڵ کورد بکرێت و دەڵێت: نەک تەنیا لەگەڵ کوردە سەربازییەکانی یەپەگەدا، بەڵکوو لەگەڵ کوردەکانی دیکەیشدا مامەڵە بکرێت و مامەڵەیەکی گشتگیر بێت.
ڕۆژی دووشەممە، #09-12-2024# ، #زاڵمای خەلیلزاد# ، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە ئێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ڕووداو کە نوێنەر فاتیح پێشکەشی کرد، لەبارەی مامەڵەکردن لەگەڵ کورد لە دوای کەوتنی دەسەڵاتی ئەسەد ڕایگەیاند: ئێمە باسی بنیاتنانەوەی سووریایەکی تازە یان گۆڕانکاریی سیاسی دەکەین، ئەوا کورد بەشێکی سەرەکیی هاوکێشەکەن و پێویستە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.
زاڵمای خەلیلزاد دەڵێت: دەبێت لەنێو کوردەکانیش دا دیموکراسی هەبێت. دەبێت دەنگ بدرێت بۆ ئەوەی بڕیار بدرێت کە کورد چی دەوێت. ڕەنگە زیاتر لە یەک حیزب لەوێ چالاکبن. بۆیە دیموکراسی باشە.
بەشێکی دیکەی هەڤپەیڤینەکە لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان بوو؛ لەبارەی ڕکابەرییەکانی یەکێتی و پارتی، ئەو باڵیۆزەی پێشووتری ئەمریکا وتی دەکرێت ناڕازیبوون و ڕکابەری هەبێت. ئەوە سرووشتییە. حیزبی جیاواز هەن، مێژوویان جیاوازە و شتی جیاواز هەیە کە پشتیوانیی بکەن.
خەلیلزاد باسی ڕۆڵی پێشووتری سەرۆک بارزانی و مام جەلال دەکات لە هەولێر و بەغدا: بیرمە هەر لەو سەردەمەی لە بەغدا بووم، ئاشنای ئەوەم کە ئەوە [رکابەری] لەنێوان سەرۆک تاڵەبانی و سەرۆک بارزانی دا هەبوو. بەڵام بە باشی کاریان لەسەر دەستوور کرد، بە هاوبەشی کاریان لەسەر پرسە گرنگە نەتەوەییەکان دەکرد. یەکێکیان لە بەغدا بوو و یەکێکیان لە هەولێر بوو. پێم وایە ئەوە نموونەیەکی باشە.
کورد دەتوانن ڕکابەریی و جیاوازییان هەبێت لەسەر ئەوەی دەبێت لە کوردستان چی ڕووبدات، سیاسەت و سیاسەتی نەوت و گاز و ئەمانە چۆن بن، ئەوە زۆر ئاساییە، بەڵام کاتێک باس دێتە سەر پرسە نەتەوەییە گەورەکان، ئەوا پێم وایە لێکتێگەیشتن لەنێوان کورد بۆ هەموویان یارمەتیدەر دەبێت نەک ئەوەی ئامرازێک بن بۆ لاوازکردنی پێگەی کوردستان. بەپێی وتەی زاڵمای خەلیلزاد.
دەقی هەڤپەیڤینی ڕووداو لەگەڵ زاڵمای خەلیلزاد، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە ئێراق:
ڕووداو: بەڕێز خەلیلزاد بەخێربێیت بۆ ڕووداو.
خەلیلزاد: سوپاس.
ڕووداو: بەڕێز خەلیلزاد، لە چەند هەفتەی داهاتوودا ترەمپ دەگەڕێتەوە.
خەلیلزاد: بەڵێ.
ڕووداو: چەند هەفتەیەکی دیکە ترەمپ دەگەڕێتەوە، بۆچوونت لەبارەی سیاسەتی ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە چییە؟ چۆن کاریگەریی لەسەر ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی ئێستا دەبێت؟
خەلیلزاد: بێگومان سیاسەتەکەی ڕەنگدانەوەی حەز و ویستەکانی خۆی و هەروەها ڕەنگدانەوەی واقیعی ناوچەکەیش دەبێت. لەم کاتەدا پرسە سەرەکییەکە ئەوەیە کە چ بۆ شەڕی غەزە و ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات. پێم وایە دەیەوێت سەرنجی لەسەر ئەوەبێت کە بارمتەکان ڕزگار بکرێن، خۆشی ئەوەی باس کردووە. هەروەها دەبێت شەڕەکە کۆتایی بێت. ئەوانە دوو ئامانجی بەپەلەن کە من لە سەرۆکی هەڵبژێردرا و و تیمەکەیم بیستووە. ئێستایش ئەم دۆخەی سووریامان هەیە کە جێی سەرسووڕمانە. لەوە زیاتر باسی سیاسەتەکەی نەکردووە و نایەوێت لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا بچێتە نێو شەڕی بێکۆتاییەوە. ئەمریکا لە سووریا هێزی هەیە، بۆیە پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا کاری لەپێشینە دەبێت، بەڵام ئەمریکا ڕۆڵی هەیە بۆ بڕیاردان لە پشتیوانیکردنی سووریا و خۆی لە شەڕی نێوخۆیی بپارێزێت و قۆناخێکی گواستنەوەیان هەبێت بەرەو دەسەڵاتێکی نوێ کە ئاشتی بپارێزێت و بتوانێت کار بۆ سوورییەکان بکات. ئامانجی گەورە ئەوەیە کە چۆن خۆت بە دوور بگرێت لە تێوەگلان لە گرژییەکانی سووریا و پاراستنی ئاساییشی هێزەکان. پاشان پرسیارە گەورەکە ئێرانە، کە کاریگەریی لەسەر ئێراقیش هەیە. ئینجا ڕووبەڕووی دوو گوشاری گەورە یان کامپ دەبێتەوە کە هەوڵدەدەن کاریگەرییان لەسەری هەبێت، یەکێکیان زیادکردنی گوشارە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک، هاوشێوەی ئەوەی لەگەڵ کۆریای باکوور هەوڵی بۆ دا کە کێشەی ئەتۆمیی کێشەیەکی گەورە بوو، بەڵام ترەمپ خودی خۆی چووە پێشەوە بۆ ئەوەی گوشار بکات و ڕێککەوتن ئەنجام بدات، یاخود هەندێک کەس دەڵێن دەبێت هەوڵی گۆڕانی ڕژێم بدەیت، بەڵام پێم وایە ئەوە بە لای خۆیەوە سەرنجڕاکێش نابێت. ئەوانە کێشەکانن. بە پشتبەستن بەوەی گوتوویەتی و ئەزموونەکەی لە خولی یەکەمی دا، پێم وایە ئەوانە کارە لەپێشینەکانی دەبن.
ڕووداو: ئایا پێتوایە ترەمپ هەمان ئەو ترەمپە دەبێت کە لە 2018 و 2019دا دیومانە، چونکە لە خولی یەکەم دا ترەمپ وەک بازرگانێک هات، بەڵام ئێستا ناتوانین بڵێین ترەمپ لە دەرەوەی سیاسەتە، چونکە سەرۆکی پێشووە و ئێستا لە سیاسەت دا ئەزموونی زیاترە؟
خەلیلزاد: بێگومان.
ڕووداو: پێتوایە هەمان ترەمپ ببینین؟
خەلیلزاد: بێگومان لێک چوون و جیاوازی دەبن، چونکە بنەماکانی کەسێکی 78 ساڵە بەتەواوی ناگۆڕدرێن. بۆیە بەردەوامبوون لەسەر شێوازی پێشوو و جیاوازیش دەبێت. جیاوازییەکەش ئەوەیە کە ئەم جارە تیمەکەی جیاوازە. ئەم جارە تیمێکی هەڵبژاردووە کە دانەبەدانەیان دەناسێت و ئەوانیش ئەو دەناسن. ئەوانە بەڕاستی دەبنە ئەو تیمەی ترەمپ کە دەست بەسەر کارەکاندا دەگرن. پێم وایە ئێستا دۆخەکە ئەوەیە کە لە جاران ئەزمووندارترە. لەلایەنی سیاسەتی جیهانییەوە ئەزمووندارترە. کاری لەپێشینەی لەسەر ئاستی جیهان، ئەمریکا خۆی دەبێت. بۆ بەهێزکردنی ئەمریکا و پشتیوانیکردنی هێزی ئەمریکا و دۆخی ئابووری و چاکسازیی نێوخۆیی لە بوارەکانی باج، کاروبارە حکومییەکان و کێشەی کۆچی نایاسایی. دەیەوێت سەرنج بخاتە سەر چارەسەرکردنی ئەو لاوازییانەی دەستنیشانی کردوون لەگەڵ بارودۆخی نێوخۆیی. لە ئاستی نێودەوڵەتیش دا سەرنجی گەورەی لەسەر چین دەبێت، چونکە ئەگەری ڕکابەریی جیهانی و سیستمێکی دیکەی دووجەمسەری هاوشێوەی سۆڤیێت و ئەمریکا هەیە، چونکە چین و ئەمریکا کاریگەریی جیهانییان هەیە. لەگەڵ ئەوەش دا دەیەوێت لە ئۆکراینا شەڕ کۆتایی پێبێت و، دەڵێت دەبێت بەخێرایی بێت. هەروەها دەیەوێت وا لە وڵاتانی ئەوروپا بکات کە لە بواری ئاساییش دا کاری زیاتر بکەن بۆ ئەوەی ئەمریکا تۆزێک دەستی بکرێتەوە لەبەر کێشەی چین. ئینجا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش باسمان کرد کە کارە لەپێشینەکانی چی دەبن.
ڕووداو: بەڵێ. لەبارەی غەزە و بارمتەکانەوە کە ئاماژەت پێدان، هەفتەی پێشوو ترەمپ وتارێکی هەبوو و بە حەماسی وت باشترە بارمتەکان ئازاد بکەن بەر لەوەی لە 20ی کانوونی دووەم دا بچمە نووسینگەی سەرۆکایەتی. ئیدارەکەی بایدن لەوەدا شکستیان هێنا ڕێککەوتن بکەن یان وا لەلایەنەکان بکەن ڕێکبکەون و بارمتەکان ئازاد بکەن. ئێستا ئەمە گەورەترین کێشەیە. ئایا پێتوایە ترەمپ بتوانێت لەمەدا سەرکەوتووبێت؟
خەلیلزاد: بێگومان پێیخۆشە ئەوە بکات. بەگشتی هەستی کردووە کە ئیدارەی بایدن بەهێز نەبووە کاتێک ئەمریکییەکان بە بارمتە گیراون تاوەکوو هێزی ئەمریکا لەڕووی دیپلۆماسی و سەربازییەوە بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی بیانترسێنێت و ڕێگری بکات لە بە بارمتەگرتنی ئەمریکییەکان. کاتێکیش بارمتەکان گیران دەبوو زۆر بە تووندی کاردانەوەی هەبێت بۆ ئەوەی ڕزگاریان بکەن. ترەمپ هەر لە ڕێوە ئەوەی ڕوونکردووەتەوە. بۆیە هیوادارم بارمتە ئەمریکییەکان ئازاد بکرێن ئەو کاتەی دەبێتە سەرۆک. دڵنیام کە قەتەر و وڵاتانی دیکەیش ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان دەدەن. هەروەها دەیەوێت ئەو کاتەی بە فەرمی دەچێتە دەسەڵات گرژییەکە کۆتایی بێت. بۆیە ئێستا کاتی ئەو وڵاتانەی ناوچەکەیە کە گۆڕانکاری لە ئەمریکا دەبینن تاوەکوو بزانن چۆن لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا خۆیان بگونجێنن و مامەڵە بکەن، ئایا دەیانەوێت پەیوەندی ئەرێنییان لەگەڵ سەرۆکی تازەدا هەبێت کە سەرۆکی پێشووە و دەبێتەوە بە سەرۆک؟ پێم وایە بۆ حەماس باش دەبێت کە سەرنجی سەرۆکی تازە ڕابکێشێت بۆ ئەوەی کاربکەن لەسەر چارەسەری پرسی فەلەستین و بتوانن هەنگاوێک بنێن بۆ بنیاتنانی ویستێکی باش بۆ ئازادکردنی ئەو بارمتانەی گرتوونیان.
ڕووداو: تۆ کۆتایی سەدام حسێنت بینی، پێتوابوو کۆتایی ڕژێمی بەشار ئەسەدیش ببینیت؟
خەلیلزاد: بێگومان ئومێد خواستن بۆ دەرئەنجامێکی ئەرێنی، مانای ئەوە نییە دەرئەنجامی ئەرێنیمان دەست دەکەوێت. مەترسی هەن کە پێویستە ئێمە ئاگاداریان بین. مەبەستم لە ئێمە تەنیا ئەمریکا نییە، بەڵکوو مەبەستم ئێراق، کوردستان و دراوسێیەکانی دیکەیە، چونکە ئاشتی لە سووریا پێویستی بە ئاشتەوایی نێوخۆییە نەک تۆڵەسەندنەوە. نەخێر ئێستا کاتی ئاشتەوایی و بەرەوپێش ڕوانینە نەک بەرەودوا ڕوانین. دەبێت لە هەندێک ئاست دا لێپرسینەوە هەبێت، بەڵام ئاشتی و ئاشتەوایی باشە و گرنگە. هەروەها ڕۆڵی دراوسێیەکانیش زۆر گرنگە کە دەتوانن یارمەتیی سوورییایەکان بدەن. بێگومان کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش و بە تایبەت ئەمریکا بە مێژووە درێژەکەیەوە کە لەگەڵ ناوچەکە و لەگەڵ خستنی سەدام دا هەیەتی، ئەویش ڕۆڵی گرنگی هەیە. سووریا لە ڕۆژانێکی تاریک دا بوو، لەگەڵ ئەوەش دا لە مێژوودا ڕۆژانێکی پڕشنگداری هەبووە. سوورییایەکان زۆر کاریگەرییان لەسەر ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە. تەنانەت کاریگەرییان لەسەر ئەفغانستان هەبووە. خێزانێکی سووری کە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم دا لەوێ بوونەتە پەنابەر، کاریگەرییەکی هاوچەرخیان لەسەر گەشەکردنی ئەفغانستان هەبووە. ئەو وڵاتەی کە بە باشی دەیناسم و لەوێ لەدایکبووم، بەڵام بەم دواییانە لە سەردەمێکی زۆر تاریکدا بوو، وەک ئێراقی سەردەمی سەدام کە پێشتر سەردەمێکی درەوشاوەشی هەبووە، بەڵام ئەوە مانای وانییە کە دەبێت بەو جۆرەبێت. هیوادارم سوورییایەکان ئاشتەوایی بکەن و دەسەڵاتێکی تازەیان هەبێت کە لەلایەن هەموو خەڵکی سووریاوە قبووڵکراوبێت.
ڕووداو: بەڵام هێزی بەکارهێنراو بۆ گۆڕینی ئەم ڕژێمەی ئێستا یان ڕووخاندنی هەیئەی تەحریری شام کە پاشخانی قاعیدە و داعشی هەیە. ئایا نیگەرانیتان هەیە؟ لەبەر ئەوەی باسی سەقامگیریت کرد.
خەلیلزاد: مرۆڤ دەبێت ئاگاداری ئەوەبێت، بەڵام تاوەکوو ئێستا نیشانەکان باشن، تاوەکوو ئێستا! سەرکردایەتییەکەیان قسەی کردووە، سەرکردەی ئەو بزووتنەوەیە مێژووی کاری لەگەڵ قاعیدە هەیە، بەڵام دواتر لێیان جیابووەوە و لە دژیان جەنگا، دژی داعش شەڕی کرد. زۆر ئەرێنییانە قسە دەکات. دەبێت چاوەڕێ بکەین و ببینین، بەڵام تاوەکوو ئێستا زۆر باشە. ئێستا ساتێکی هیوابەخشە، ماوەیەکی هیوابەخشە، هیوادارم بە ئەرێنییانە بمێنێتەوە.
ڕووداو: هیوابەخش؟
خەلیلزاد: پێم وایە ئێستا هیوابەخشە، بەڵام گۆڕانکاری دەبێت و گشتگیرە و دەگاتە گرووپەکانی دیکە کە بەرەیەکی یەکگرتوویان هەیە، پەیوەندییان لەگەڵ گرووپە کوردییەکانی سووریا و کریستیان و عەلەوییەکان و هەموو پێکهاتەکانی سووریادا هەیە. ئەوە دەبێتە شتێکی ئەرێنی ئەگەر بەردەوامبێ و بچەسپێت و، ئەنجامی گشتگیریشی دەبێت کە لە ئاستی دەرەوەدا پەسەندکراو دەبێت.
ڕووداو: بۆچوونی تۆ لەبارەی ئەم بۆچوونەوە چییە کە دەڵێت ڕەنگە دەستەی تەحریر شامێکی بەهێز لە سووریا بە جۆرێک لە جۆرەکان بۆشایی زیاتر بداتە داعش تاوەکوو سەر هەڵبداتەوە؟
خەلیلزاد: ئەوان بەم دواییانە شەڕی داعشیان کرد. ئەگەر شتی واببێت ئەوا زۆر نەرێنییانە دەبێت و کاردانەوەی زۆری دەبێت، نەک تەنیا لە ناوچەکەدا بەڵکوو لە دەرەوەی ناوچەکەشدا کاردانەوە دەبێت. پێم وایە ئەوان لەگەڵ ئەم پەیامانەی بەم تازەییانە دەیاننێرن هاوئاهەنگ و یەکانگیر دەبن، بەڵام ئیتر مرۆڤ دەبێت وریا بێت، چونکە وتارەکانیان باشن، بەڵام دەبێت سەیری هەڵسوکەوتەکانیان بکرێت، بە درێژایی کاتیان لە هەڵسوکەوتیان بڕوانرێت. ئەگەر وانەبێت، ئەوا زۆر نەرێنییانە دەبێت، چونکە تۆ پێویستیت بەوەیە سووریا لە ئاشتی دا بمێنێتەوە و لە دەرەوە ڕێککەوتنی هەبێت تاوەکوو لەگەڵ جیهان و دراوسێیەکانیشیدا لە ئاشتی دا بێت. هیوادارم ئەو سەرکردایەتییە کە زیرەک دەردەکەون و گەلێک شت فێربوون، تاوەکوو ئەو ڕادەیە مێشککراوەبن و سەرکەوتووبن.
ڕووداو: ئایا پێتوایە سیستمی فیدراڵی لە سووریا گونجاوبێت؟
خەلیلزاد: ئەوە بژاردەیەکە. سووریا لە پێکهاتەی جیاواز پێکهاتووە. دەزانم کە مێژووی فیدراڵی لە ناوچەکەدا زۆر باش نییە، چونکە هەرچەندە بە فیدراڵیش ڕازی بووبن، وەکوو دەستووری ئێراق، بەڵام هەر بەربەست لە بەردەم جێبەجێکردنیدا هەیە. کاتێک لە کوردستانم، زۆرجار دەبیستم کە هاوڕێ کوردەکانم دەڵێن عەقڵیەتی بەغدا یەک دەوڵەتی و ناوەندێتییە، ناوەندێتییەکی بەهێزە، ئەوانەی لە بەغدان بەوە ئاسوودە نەبوون کە دەستوور دەسەڵاتی دابەش کردبوو. بەڵام پێم وایە فیدراڵی یەکێکە لە بژاردەکان. ئاگاشم لە مێژووی سەختی و بەربەستەکانی فیدراڵی لە ئەوروپاش هەیە. ئەمریکا لەو لایەنەوە مێژوویەکی باشی هەیە بەراورد بە هەموو شوێنەکانی دیکە. هیوادارم ئەگەر ئەوە یەکێک لە ڕێگەکان بێت، بتوانێت گرفتە سیاسییەکان چارەسەر بکات و یەکێتی، لێکتێگەیشتن، ئاشتی، سەقامگیری و پێشکەوتن بە دوای خۆیدا بهێنێت.
ڕووداو: لەبارەی کوردانی سووریاوە لە ڕۆژاڤا، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، بە لەبەرچاوگرتنی ئەم گۆڕانکارییانە بۆچوونت لەبارەی داهاتوویانەوە چییە؟ هەروەها پێم وایە کوردی سووریا یادەوەری و ئەزموونێکی باشیان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ دا نییە. ڕەنگە ئەمریکا بە سەرکردایەتیی ئیدارەکەی ترەمپ لە سووریا لەسەر حیسابی کورد بچێتە ڕێککەوتنێکەوە یان ڕەنگە سەرنجی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ڕانەکێشێت و نیگەرانیان بکات.
خەلیلزاد: خۆی لە شەڕی داعش دا پەیوەندیی نێوان سەربازانی ئێمە و هەندێک هێزی کوردی باش بوو، پێکەوە کاریان دەکرد، بەڵام ئێستا کە ئێمە باسی بنیاتنانەوەی سووریایەکی تازە یان گۆڕانکاریی سیاسی دەکەین، ئەوا کورد بەشێکی سەرەکیی هاوکێشەکەن و پێویستە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت. نەک تەنیا لەگەڵ کوردە سەربازەکانی یەپەگەدا، بەڵکوو لەگەڵ کوردانی دیکەیشدا مامەڵە بکرێت و مامەڵەیەکی گشتگیربێت. دەبێت لەنێو کوردەکانیش دا دیموکراسی هەبێت. دەبێت دەنگ بدرێت بۆ ئەوەی بڕیار بدرێت کە کورد چی دەوێت. ڕەنگە زیاتر لە یەک حیزب لەوێ چالاکبن. بۆیە دیموکراسی باشە. بڕیاری خەڵک شتێکی باشە کاتێک بیر لە داهاتوو دەکەیەوە. ئەم جارە چوارچێوەکە بۆ ئیدارەی ترەمپ جیاواز دەبێت، بە گریمانەکردنی ئەوەی ئەم تەوژمانەی ئێستا بەردەوام بن.
ڕووداو: پێتوایە دانووستاندنی نێوان کوردی سووریا (هەسەدە) و لایەنەکانی دیکە لەگەڵ تورکیادا بە نێوانگیریی ئەمریکا ڕێی تێبچێت؟
خەلیلزاد: نازانم کە ئایا پێویستیان بە نێوانگیری ئەمریکا دەبێت یان نا. بیرمە جارێک کە نێوانی پارتی دیموکراتی کوردستان و تورکیا زۆر خراپ بوو. کەچی ئێستا زۆر دڵخۆشم کە پەیوەندییەکەیان گۆڕاوە و زۆر ئەرێنییە. بەر لە داگیرکردنی ئێراق، لەنێوان هەولێر و ئەنقەرە هاتوچۆم دەکرد، ئەوەش زۆر زەحمەت بوو، چونکە تورکەکان دژی فیدراڵی بوون، نەیاندەویست ئێمە مامەڵەی حکومەت لەگەڵ هەولێردا بکەین و نەیدەویست وەک دەسەڵاتێک مامەڵە لەگەڵ سەرکردەکانی ئەو حکومەتەدا بکەین چونکە پێیان وابوو حکومەت نییە و نیگەرانییان هەبوو. دەکرێت لەلایەکەوە زۆر نەرێنی بێت، بەڵام ئەوە گۆڕانکاری بەسەردا دێت. هیچ هۆیەک نییە بۆ ئەوەی گۆڕانکارییەکی لەو شێوەیە ڕوونەدات لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و کوردانی سووریادا، بەتایبەتیی ئەگەر لەسەر بنەمای بژاردەی دیموکراسی کوردانی سووریا بێت.
ڕووداو: لەبارەی هەرێمی کوردستانی ئێراق و ئێراقەوە، ئەو شوێنەی زۆر پێی ئاشنایت، کاتێکیش باڵیۆز بوویت ڕۆڵت لە نووسینەوەی دەستووردا هەبوو. ئێستا سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێن کە بەغدا زیاتر بەرەو ناوەندێتی دەڕوات و ئەو مافانەی کوردستان بە دەستوور هەیەتی، بەغدا هەوڵدەدات کەمیان بکاتەوە. بە بۆچوونی تۆ چارەسەری ئەمە چییە؟
خەلیلزاد: چارەسەر دەستوورە تاوەکوو دەستوور دەگۆڕدرێت. دەستوور بڕیاری ڕوونی تێدایە کە چی سەربە ناوەندە و چی سەربە هەرێمی کوردستانە و چی هاوبەشە. دەبێت ئەمە ڕێزی لێ بگیرێت. بێگومان حەزێک هەیە بۆ گۆڕینی دەستوور. هەروەها ڕێگە چارە هەن کە دەستوور دەیانخاتەڕوو بۆ چۆنییەتی گۆڕینی دەستوور. من بەپێچەوانەوە بیر دەکەمەوە. ئەگەر پەیڕەوی لە دەستوور نەکەن بەر لەوەی بیگۆڕن، ئەوا دەکرێت بێ متمانەیی و سەختی و ئاڵنگاری درووست بکات کە ئەوانەش بۆ ئێراق بە بەغدا و هەولێرەوە باش نین. هەروەها زۆریش گرنگە کە کورد لەنێو خۆیاندا لەسەر هەندێک ڕێسا کار بکەن کە لەسەر لێکتێگەیشتن بەندبن و لەگەڵ دەستووری هەرێمی کوردستان و پەڕڵەمان دا گونجاوبێت. ئینجا بەم تازەییانە هەڵبژاردنێکی باش کرا و دڵخۆشم کە زۆر کورد بەشدارییان کرد و دانی پێدانرا. ئێستا دەبێت ئەوەندەی دەتوانن بەخێرایی بەرەو پێکهێنانی حکومەت هەنگاو بنێن. ئێستا ئێوە داوودەزگایەکی شەرعیتان هەیە کە کار دەکات، هەروەها حکومەتێک لەسەر بنەمای ئەو دەسەڵاتەی لە خەڵکەوە پێیدراوە پێکبهێندرێت، پاشان دەبێت لەگەڵ بەغدا پێکەوە مامەڵە بکەن نەک لەسەر بابەتی دووفاقیی کاربکەن و، کاتێک دەچیتە بەغدا داکۆکی لە ناوەندێتی بکەیەوە و کاتێک لە کوردستانیت داکۆکی لە فیدراڵی بکەیت. ئەوە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی کورد ناکات.
ڕووداو: لە دیدگەی تۆوە، ململانێیەکانی نێوان یەکێتی و پارتی چۆن کاریگەرییان لەسەر پێگەی هەرێمی کوردستانی ئێراق دەبێت؟
خەلیلزاد: دەکرێت ناڕازیبوون و ڕکابەری هەبێت. ئەوە سرووشتییە. حیزبی جیاواز هەن، مێژوویان جیاوازە و شتی جیاواز هەیە کە پشتیوانیی بکەن. بیرمە هەر لەو سەردەمەی لە بەغدا بووم ئاشنای ئەوەم کە ئەوە لەنێوان سەرۆک تاڵەبانی و سەرۆک بارزانی دا هەبوو. بەڵام بە باشی کاریان لەسەر دەستوور کرد، بە هاوبەشی کاریان لەسەر پرسە گرنگە نەتەوەییەکان دەکرد. یەکێکیان لە بەغدا بوو و یەکێکیان لە هەولێر بوو. پێم وایە ئەوە نموونەیەکی باشە. کورد دەتوانن ڕکابەریی و جیاوازییان هەبێت لەسەر ئەوەی دەبێت لە کوردستان چی ڕووبدات، سیاسەت و سیاسەتی نەوت و گاز و ئەمانە چۆن بن، ئەوە زۆر ئاساییە، بەڵام کاتێک باس دێتە سەر پرسە نەتەوەییە گەورەکان، ئەوا پێم وایە لێکتێگەیشتن لەنێوان کورددا بۆ هەموویان یارمەتیدەر دەبێت نەک ئەوەی ئامرازێک بن بۆ لاوازکردنی پێگەی کوردستان.
ڕووداو: دوایین پرسیارم، هەمیشە لەنێو گەنجان و هەندێک لە حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن کە دژی سەرکردەکانی ئێستای ئێراقن دەڵێن: بژاردەی سەرکردایەتیی ئێستای ئێراق و سیاسییەکان هەموویان لەلایەن ئەمریکاوە هێنراون کە لەنێو وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکادا پەرشوبڵاوبوون و، ئەمریکا لە ساڵی 2003دا هەموویانی کۆکردەوە و بە سواری تانکی ئەمریکی ئەوانی هێنایەوە بۆ ئێراق و بەسەر ئێراقییەکانەوە کردنی بە سەرکردە. وتەی تۆ لەسەر ئەمە چییە؟
خەلیلزاد: ئەوەی پەیوەندیی بە سەرکردە کوردەکانەوە بێت، پێم وا نییە ئەمە بەسەر ئەواندا جێبەجێ ببێت. جێبەجێ نابێت.
ڕووداو: ئێراقییەکان مەبەستیان سەرکردە ئێراقییەکانە.
خەلیلزاد: بەڵێ، دێمە سەر ئەوە، بەڵام سەرکردەکانی کورد، مەلا مستەفا بارزانی هەر لە زووەوە لە ئێراق یان لە کوردستان بووە بەر لە هاتنی ئەمریکا. هەمان شتیش بەسەر سەرکردە ئێراقییەکانی دیکەدا جێبەجێ دەبێت. بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمێکی زوو، بۆ سەردەمی جەنگی یەکەمی جیهان و تەنانەت پێش ئەوەیش. لەبارەی سەرکردە ئێراقییەکانی دیکەیشەوە، بەڵێ هەندێکیان لە داگیرکاریی ئەمریکا سوودمەند بوون، بەڵام ئێمە بە سواری تانک نەمانهێنان بۆ بەغدا و نەمانخستنە دەسەڵات، نا. ئەوانە دژی سەدام بوون، هەندێکیان لە ئێران بوون. هەندێکیان لە جێی دیکە بوون. تەنانەت هەندێکیان لە ئینگلتەرا بوون. هیچیان لە ئەمریکا نەبوون. من دەتوانم ئەوە بڵێم.
ڕووداو: جگە لە چەلەبی.
خەلیلزاد: چەلەبی سەردانی دەکرد، لەوێ نیشتەجێ نەبوو. ئەو هێزی سەربازیی نەبوو ئەوەندەی ئاگادارم. ڕەنگە ئێمە هەندێک هەڵەمان کردبێت کە چۆن وامان کرد و چیمان کرد لەو کاتەدا. دەبوو بەخێرایی حکومەت پێکبێنین، ئایا دەبوو سوپا هەڵبوەشێنینەوە؟ دەبوو بەعس بنەبڕ بکەین؟ ئەمانە هەندێک گرفتن کە مێژوونووسان گفتوگۆی لەسەر دەکەن و گەنجان گلەییان لەبارەوە دەکەن. دەبێت پەندیان لێوەربگیرێت. بەڵام ئەوە گرنگە بەرەو پێشەوە بڕوانین تاوەکوو بەرەو دواوە و گرنگە ئەکادیمی و شرۆڤەکاران لەو شتانە بکۆڵنەوە کە ئێراق پێویستییەتی، چونکە ئێراق توانای هەیە کە ببێتە وڵاتێکی زۆر سەرکەوتوو و سەرچاوەیەکی مەزنی هەیە. لە مێژوودا هەندێک جار سەردەمی زۆر گەشاوەی هەبووە کە دەبێت ناوەندە پەروەردەیی و فێرکارییەکان بۆ سەدان ساڵ لەوەوپێش بگەڕێنەوە. ئێراق شوێنێک بووە کە زۆرینەی بژاردەکانی عەرەب لەوێ پەروەردە بوون و فێربوون. کاتێک من لە هەشتاکاندا دەهاتم بۆ کەنداو، هەمووان باسی ئێراقیان دەکرد. من لە ئێراق خوێندوومە. ئێستا ئەو توانایە و ئەو سەرچاوە مرۆییە و ئەو سەرچاوە سرووشتییە هەیە. ئێوە پێویستیتان بە بژاردەی سیاسی و حیزبی باش هەیە کە ڕکابەریی یەکدی بکەن. هاوکاری بکەن بۆ ئەوەی کەڵک وەربگرن. گەندەڵیی زۆر هەبووە، خزمەتگوزارییەکان خراپن، ڕۆڵی یاسا لاوازە. ئێراقییەکان مافی خۆیانە چاوەڕێی زیاتر لە سەرکردەکانیان بکەن. ئەوان دەبوو زۆر باشتر لەوە بکەن کە دەیکەن، بەڵام دەرفەتەکە لەلایەن ئەمریکاوە دابین کرا.
ئێوە پێشتر پیاوێکتان هەبوو کە سەدام بوو و بڕیاری لە هەموو شتێک دەدا کە ئەوە هەرگیز باش نەبوو، چونکە دەکرا نەخۆش بێت، مێشکی کار نەکات. ئەوە باشترە کە لە دەرەوە نوێنەرایەتیت هەبێت و ئامۆژگاری وەربگریت و دەرفەت بە نەوەی تازە و گۆڕانکاری بدەیت. هەموو ئەمانە شتی ئەرێنین و من هیوام بە داهاتووی ئێراق هەیە کە بەندبێت لەسەر سەرچاوەکان و توانای خەڵکەکەی. من ئەوە لەناو مێژووەوە دەبینم.
ڕووداو: زۆر سوپاس بەڕێز خەلیلزاد.
خەلیلزاد: سوپاس.
ڕووداو: بەخێربێیتەوە بۆ ڕووداو.
خەلیلزاد: دڵخۆش بووم لەگەڵتان بووم لە ڕووداو.
ڕووداو: دڵخۆش بووم بە بینینت.
خەلیلزاد: هیوای سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم، کاری باش دەکەن.
ڕووداو: سوپاس. [1]