کۆسار عوسمان
لە دانیشتنی پەڕڵەمانی تورکیادا کە تا بەرەبەیانی چوارشەممە #11-12-2024# درێژەی کێشا، گولجان کاچماز ساییغیت، پەڕڵەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان وتارێکی پێشکەشکرد و بە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیای گوت: کەی واز لە کوردۆفۆبیا (ترسان لە کورد) دەهێنن؟
#هاکان فیدان# لە وەڵامی ئەو پرسیار و ڕەخنانەی ئەو پەڕڵەمانتارەی دەم پارتی سەبارەت بە سیاسەتی ئەنقەرە لە سووریا وتی: یەکێک لە هاوڕێ پەڕڵەمانتارەکانمان سیاسەتی دەرەوەی ئێمە بە کوردۆفۆبیا وەسف دەکات و دەڵێت کەی واز لەمە دەهێنن؟ بێگومان ئەمە بەتەواوی ڕەتدەکەمەوە. ئێمە لە دژی یەک ڕێکخراوی تیرۆریستین، بەڵام پەکەکە لە دژی تەواوی پارتەکانیانە، شوێن هەیە پەکەکەی لێ بووبێت و پارتە کوردییەکانی دیکەی لەنێو نەبردبێت و داینەخستبن؟ لەڕووی مێژوو و ئامارەوە ڕوونە کە کێ کوردۆفۆبیای هەیە و دژی قەوارە کوردییەکانە؟.
فیدان هەروەها باسی لەوە کرد لە سووریا لەگەڵ ئەو نوێنەرە سیاسییانەی کورد پەیوەندییان باشە و ئەوانی بە نوێنەری ڕەوا وەسف کرد.
هەروەها سەبارەت بە ڕەخنەی دژایەتیکردنی کورد لەلایەن ئەنقەرەوە وتی: لە کاتێکدا پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ هەولێر دیارە، هەروەها پەیوەندیمان لەگەڵ نوێنەرانی ڕەوای سیاسیی کورد لە سووریا ڕوونە، ئێوە دوژمنداریی ئێمە لەگەڵ ئەوانەی چەکیان لە دژمان هەڵگرتووە بە کوردۆفۆبیا دەناسێنن کە ئەمە لەگەڵ واقیع ناگونجێت.
هەموو ئەمانە لە کاتێکدان، پەڕڵەمانتارانی دەم پارتی داوا لە حکومەتی تورکیا دەکەن لە سووریا دژایەتی هیچ قەوارەیەکی کوردی نەکات و هاوئاهەنگی لەنێوان تورک و کورد درووست بکات, بەڵام حکومەتی تورکیا هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە باڵی پەکەکە دەناسێنێت و وەکوو 'ڕێکخراوی تیرۆرستی' ناوی دەبات. ئەمە لە کاتێکدایە هەسەدە هاوپەیمانی ئەمریکایە؛ ساڵانە لە پێنتاگۆنەوە بودجەی تایبەتیی هەیە و پشتیوانیی سەربازیشی لەوێوە بۆ دەنێردرێت.[1]