نیاز مستەفا
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند، دەبێت خەمی سەرەکیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە داهاتووی سووریا؛ پاراستنی کەمینەکانی ئەو وڵاتە بێت، بەتایبەتیش کورد. بۆ ئەو مەبەستەش قسەیان لەگەڵ ئیدارەی بایدن و وڵاتانی ئەوروپا کردووە.
ڕۆژی دووشەممە، #10-12-2024# ، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانیدا لە ئۆرشەلیم، گیدیۆن سار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، سەبارەت بە هەڵوێستی حکومەتی ئیسرائیل لەسەر پێگەی کورد لە سووریای نوێ ڕایگەیاند، دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی کار بۆ پاراستنی کورد بکات و ئێمە لەو پرسەدا، قسەمان لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەش کردووە.
ماوەی دوو ڕۆژە، هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کە تورکیا پاڵپشتییان دەکات، هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، کردووە و ڕۆژی سێشەممە، 10ی کانوونی یەکەم، گرووپە چەکدارەکان کۆنترۆڵکردنی منبجیان ڕاگەیاند، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دووپاتیکردەوە دەبێت ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر کوردی ڕۆژاوای کوردستان کۆتاییان بێت.
سار وتیشی: هێرشەکانی دژی کورد هەروەکوو لە منبج بینیمان، دەبێت بوەستێن. ئەوە پابەندیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بەرانبەر بەوانەی بە ئازایانە ڕووبەڕووی داعش بوونەوە و سەرکەوتن بەسەریاندا و هەروەها پابەندییانە بەرانبەر بە داهاتووی سووریا، لەبەر ئەوەی کورد هێزێکی سەقامگیرن لەو وڵاتە.
داواکاریی هاوکارێکردنی کورد لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە لەلایەن بەرپرسانی ئیسرائیلییەوە فراوانتر بووە و ئایلێت شەکەد، وەزیری پێشووی دادی ئیسرائیلی لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، نووسیوویەتی دەبێت ئیسرائیل، ئەمریکا ڕازی بکات کە پشت لە کورد نەکەن.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت خەمی گەورەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە سووریای نوێ، پاراستنی مافی کەمینەکان بێت. زۆر گرنگە دڵنیابین لەوەی کەمینەکانی سووریا وەکوو؛ کورد، درووزەکان، کریستیان و هەروەها عەلەوییەکان، دەپارێزرێن و دەبێت ئەو پاراستنەش بە کردار بێت نەک قسە،
بە گوێرەی میدیای ئیسرائیلی، لەگەڵ دەستپێکی پێشڕەوییەکانی گرووپە چەکدارەکانی سووریا و کۆنترۆڵکردنی تەواوی سووریا و ڕووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەورووپی و ئەمریکا قسەی کردووە، بۆ پاراستنی کورد لە داهاتووی سووریا.
ئەو وەزیرە ئیسرائیلییە، باس لە چاوەڕوانی وڵاتەکەشیان دەکات بۆ سووریای نوێ و وتی: ئەوە تێگەیشتنی من کە پابەندییەکی ئەمریکی هەیە بۆ پاراستنی کورد. دەیەیەک لەمەوبەر لەبارەی هێشتنەوەی سووریا وەکوو یەک وڵات کە دەسەڵاتی تەواوی بەسەر هەموو ناوچەکانی وڵاتەکە هەبێت، شتێکی ناواقیعییە، نووسیم و قسەم کرد. خاڵە لۆژیکییەکە ئەوەیە کە هەوڵی ئۆتۆنۆمی بۆ هەموو کەمینەکان لە سووریا، لە چوارچێوەیەکی فیدراڵیدا بدرێت، ئەمە خاڵێکە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بیری لێبکاتەوە.[1]