یاریدەدەرێکی کوردی ئەبوو محەمەد جۆلانی لە وتارێکدا بە بۆنەی ڕووخانی دەسەڵاتی ئەسەد دەڵێت چەکدارانی تەحریر شام تیرۆریست نین، بەڵکوو خەڵکی چەوساوە و دەربەدەری سووریان و شۆڕش دژی ستەم و زۆرداری دەکەن.
عەبدولڕەحمان فەتاحی، یاریدەدەری ئەبوو محەمەد جۆلانی، سەرۆکی دەستەی تەحریر شام (هەتەشە) بۆ کاروباری ئێران، لە وتارێکی تۆمارکراویدا بە بۆنەی ڕووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد دەڵێت: پیرۆزبایی لە خەڵکی موسڵمانی سووریا و موجاهیدین دەکەین کە ئەم فەتحە گەورەیان بە نسیب بوو، جێی خۆیەتی سوژدەی شوکر بۆ خوای گەورە ببەین بۆ ئەم سەرکەوتنە مەزنە، کە بە نسیبی موسڵمانان، لێقەوماوان، ئاوارەکان، دەربەدەرەکان، کوڕکوژرا و و ماڵوێرانبووەکان بوو، کە ڕژێمێکی ستەمکار چەندین ساڵە لەم ناوچەیە کوشت و کوشتار دەکات و نزیکەی 70 ساڵە خەڵک دەچەوسێنێتەوە.
عەبدولڕەحمان فەتاحی ئاماژە بەوە دەکات، خەڵک لە سەرەتای شۆڕشدا بە مەدەنیانە خۆپێشاندانیان کرد، بەڵام ڕژێم خوێنی ئەو خەڵکەی تێکەڵی خاک کرد، ڕژێمەکە بە زەبر و زۆر سەرکەوتنەکەی دواخست بۆ 13 ساڵ؛ دواتر بە هەڵمەتی موجاهیدان، سەرکەوتن بەدەستهات و ئومێدی خستەوە دڵی هەژاران، کە ملیۆنانیان ئاوارەبوون و سەدان هەزاریان لێ کوژراون، جگە لەوەی هەزارانی دیکەش زیندانی کرابوون.
عەبدولڕەحمان فەتاحی، یاریدەدەری ئەبوو محەمەد جۆلانی، سەرۆکی هەتەشەیە بۆ کاروباری ئێران، خەڵکی مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و لە مزگەوتی سووری مەهاباد وانەی ئایینی خوێندووە، دواتر هەر لەو شارە وانەی تەفسیری قورئانی گوتووەتەوە.
لەبارەی تەحریر شامەوە، یاریدەدەرە کوردەکەی جۆلانی دەڵێت ئەم موجاهیدانە خەڵکانێکن کە هیچ کەسێکیان نییە جگە لە خودا، بەڵام لەملاولا دەبینین بە تیرۆریست ناودەبرێن، ئەمانە هەمووی خەڵکی ستەملێکراوی سووریان و بەدەستی ئەم ڕژێمە، دەربەدەریان بینیوە، ئەم خەڵکانە سوننەمەزهەبن و تووندڕەونین، بەڵکوو تەنیا دەیانەوێت لەژێر شەرعی خودا بحەسێنەوە، ڕژێمی ئەسەدیان دەرکرد و دەیانەوێت خۆیان چارەنووسی خۆیان بنووسنەوە.
عەبدولڕەحمان فەتاحی، یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی کەتائیبی ئەلقاعیدە لە کوردستان، ئەرکەکەی بانگەوازکردن بووە بۆ بیرۆکەی سەلەفی -جیهادی، کە لەنێوان ساڵانی 2005 بۆ 2007 دەیان گەنجیان بۆ شەڕ ڕەوانەی ئێراق و ئەفغانستان کردووە.
بەتۆمەتی تیرۆر، عەبدولڕەحمان فەتاحی چەندین ساڵ لە ئێران زیندانیکراوە، دواتر و لە ساڵی 2015، چووەتە نێو چەکدارانی بەرەی نووسرە لە سووریا.[1]