کۆسار عوسمان
سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ ڕەفاﮪ ڕایگەیاند، پێویستە پارێزگاری لە یەکپارچەیی خاکی سووریا و یەکێتییەکەی بکرێت، دابەشبوونی سووریا، دابەشبوونی ئێران و تورکیای بەدوادا دێت.
فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ ڕەفاﮪ، ڕۆژی سێشەممە #10-12-2024# سەردانی ڕێکخستنەکانی پارتەکەی لە پارێزگای کۆجائەلی کرد و وتارێکی پێشکەشکرد.
ئەربەکان سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی سووریا وتی: دڵخۆشین بە ڕووخانی ڕژێمی سووریا، بەڵام نیگەرانیشمان هەن. هەر چۆنێک بێت پێویستە پارێزگاری لە یەکپارچەیی خاکی سووریا و یەکێتییەکەی بکرێت. دابەشبوونی سووریا، دابەشبوونی ئێران و تورکیای بەدوادا دێت.
ئەربەکان هەروەها باسی لەوە کرد کە لە دوای 24 ساڵ بەشار ئەسەد ڕووخا و وتی: ئایا ڕژێمێکی داردەستی سەربە ئەمریکا و ئیسرائیل دێتە سەر حوکم؟ یانیش ڕژێمێکی سەربەخۆی موسڵمان و داکۆکیکار لە مافی هاووڵاتییانی سووریا دێتە سەر حوکم؟ هاوشێوەی ئەم ڕووداوانە لە ئێراقیش ڕوویاندا. نیگەرانین لەوەی هەمان ڕووداو لە سووریا دووبارە ببێتەوە. لەم قۆناخەدا ویستی ئەمریکا و ئیسرائیل ئەوەیە هاوشێوەی ئێراق، سووریاش دابەش بکەن و لەوێ دەوڵەتێکی تیرۆر درووستبکەن.
ئەربەکان سەبارەت بە پێشڕەوییەکانی ئیسرائیل لە سووریا وتی: ئیسرائیل ناوچەکانی گۆلانی بە تەواوەتی داگیرکردووە. بەمەش ئێستا دەتوانێت لەوێوە بۆردوومانی بەیرووت و شامیش بکات. ئەوان یەکپارچەیی و حکومەتی ناوەندییان لە سووریا ناوێت. ئەمەش ئاسانکاری دەکات تاوەکوو هیواکانی ڕژێمی زایۆنی بێنەدی. پێویستە بەرانبەر ئەم پیلانانە وریا بین. ئەگەر سووریاش هاوشێوەی ئێراق دابەش ببێت، ئەو کات ئێران و تورکیاش دابەش دەکرێن. مامۆستا ئەربەکان [نەجمەدین ئەربەکان] دەیوت، (ئەگەر ڕۆژێک بچنە نێو سووریا، تێبگەن کە ئامانج تورکیایە).
فاتیح ئەربەکان، دامەزرێنەر و سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ ڕەفاهە کە پارتێکی ئیسلامییە و ساڵی 2018 دامەزراوە.
فاتیح، کوڕی نەجمەدین ئەربەکان دامەزرێنەری پارتی ڕەفاهە.
نەجمەدین ئەربەکان، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا بوو، لە ساڵانی نێوان 1996-1997 بە کودەتایەکی سەربازیی کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی هێنرا. ناوی سەرلەنوێ ڕەفاﮪ لە پارتی ڕەفاهی نەجمەدین ئەربەکانەوە وەرگیراوە. سەرلەنوێ ڕەفاﮪ لە پارتی سەنەریت جیابووەتەوە.[1]